Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:54

ئایا ئەمریکا رۆڵی لە دامەزراندنی حکومەتی داهاتووی عێراقدا دەبێت؟

ئەمڕۆ ستراتیژییەتی ئەمریكا شێوەیەكی تازە و مەترسیدار وەردەگرێت لە رووی هەڵكشانی سەربازییەوە لە سووریا
بەهادین جەلال
#7
100%

كەمتر لە مانگێكی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لەو رۆژەدا 12-5-2018 لە هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق هاووڵاتیان روو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن، ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخانە لە ئاییندەی سیاسی و سەربازیی عێراق و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو كاتەدا ئەنجامدەدرێت كە دۆخ و هەلومەرجی ناوچەكە بە گشتی و عێراق بە شێوەیەك گۆڕاوە كە چارەنووسێكی نادیارو تەمومژاوی چاوەڕوانی دەكات، لەلایەك ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق كە لەناوخۆیاندا لە ئێستاوە سەنگەریان لە یەكدی گرتووەو خەریكە بارودۆخەكە، كە هێشتا ئەم پرۆسەیە ئەنجام نەدراوە، وەك بوركان دەتەقێتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە ئەم هەڵبژاردنە یەكەم هەڵبژاردنە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەنجامدەدرێت كە هێشتا شانە نووستووەكان و مەفرەزە بەزیوەكانیان لێرەو لەوێ و ناوبەناو چالاكییان هەیە و هێرشی سنووردار دەكەنە بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.

 

كەواتە ئێمە ئێستا لەبەردەم گۆڕانكاریی زۆری ستراتیژی و چارەنووسسازداین، كە بریتین لە داڕشتنەوەی سایكس- پیكۆیەكی تازە بە پێوانەی ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیاو ئەڵمانیا، هەمووانیش دەزانن كە لەئێستادا شەڕێكی بچووكی جیهانی لە زۆر شوێنی خاكی سووریا بەرپابووە لەنێوان هاوپەیمانیی ئەمریكا- فەرەنسا و لەنێوان هاوپەیمانیی رووسیا- ئێران- توركیا- سووریا، كەواتە بمانەوێ یان نا، شەڕێكی جیهانی ناوچەكەی گرتۆتەوە ، بەڵام ئەم شەڕە رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وەردەگرێت بە شێوەیەك كە هەموو ناوچەكە تێوەی دەگلێت و گەلانیش هەموویان دەبنە سووتەمەنی ئەو شەڕە.

 

ئەمڕۆ ستراتیژییەتی ئەمریكا شێوەیەكی تازە و مەترسیدار وەردەگرێت لە رووی هەڵكشانی سەربازییەوە لە سووریا، لە بەرامبەردا هەڵكشان و دەستتێوەردانی راستەوخۆ لە هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئارادایە، لە رووی هەڵكشانی سەربازییەوە دەبینین پرۆسەی بۆردومانكردنی هاووڵاتیانی دووما بە غازی كیمیاوی و تۆمەتباركردنی رژێمی سووریا كە ئەم بۆردومانەی ئەنجامداوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی  بارودۆخەكە ئاڵۆزبكات، دواتر هێرشی مووشەكبارانی ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیای بۆ سەر دامەزراوو بنكەكانی بەرهەمهێنانی غاز و چەكی دەماری  لە سووریا بەدوادا هات، لەبەر رۆشنایی ئەم هەموو پەرەسەندنانەی بارودۆخەكە لە ناوچەكەدا، ئەمریكا بە چاوی گرنگییەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردنەكانی عێراق و بە كارتێكی بەهێزی دەزانێت، ئەمەش لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجێنداو پرۆژەكانی لە ناوچەكەدا، مەبەستی سەرەكیش لەمەدا لەقالبدانی رۆڵی ئێرانە لە هەر یەك لە یەمەن و عێراق و سورباو لوبنان، چونكە  لە ساڵانی رابردوودا میلیشیاكانی سەر بە ئێران بڕیاری شەڕیان دابوو دژی بوونی ئەمریكا لە عێراق و سووریا و هەندێكیشی دیكەش داوایان كردبوو كە هێزەكانی ئەمریكا یەكسەر عێراق بەجێبهێڵن چونكە پێویستیان پێی نەماوە، لەبەر ئەم هۆیانە لەئێستادا ئەمریكا هەست بە مەترسیی ئەو میلیشیایانە دەكات نەبادا دەسەڵاتیان بكەوێتە دەست، بەتایبەتیش كە زۆربەی بەرپرسانی ئەو میلیشیایانە خۆیان كاندیدكردووە، ئەمە سەرباری فشاری راستەوخۆی ئێران لەسەر رەوتی ئەم هەڵبژاردنەو دانانی ئەو كەسەی كە ئەو دەیەوێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەم رەفتارەی ئێرانیش بە دڵی ئەمریكا نییە چونكە چارەنووسی عێراق بە ئاقارێكی دیكەدا دەبات، بۆیە لێرەدا ململانێیەكە لەسەرئەوەیە كە، ئەوەتا حكومەتی داهاتووی عێراق بە تەواوی سەر بە ئێران دەبێت بە تایبەتیش كە بە هەموو توانایەكییەوە پشتگیریی دەكات و تەنانەت لافیتەو پۆستەرەكانیش بە دەستتێوەردانی ئێران دەنووسرێت و پرۆپاگەندەی سیاسی و میدیایشی بۆ فەراهەم كردووە، لە هەموو پارێزگایەكی ناوەڕاست و باشووریش بارەگای كردۆتەوە، یانیش ئەم حكومەتە هەڵبژێردراوە بە دیدو بۆچوونی ئەمریكا دادەمەزرێت تا هەموو نەتەوەو كەمینەو هێزو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن.

 

بەم دواییە هەندێ لێدوان لە ئەمریكاوە دەرچووەو ئاگاداری هەموو سیاسەتوانانی عێراقی كردۆتەوە كە وریا بن نەكەونە تەڵەو داوی ئێرانەوە، دەگوترێ كە ترەمپ نوێنەرێكی بۆ ئەم مەبەستە رەوانەی بەغدا كردووە تا ئەم ئاگادارییەیان پێ رابگەیەنێت، لە راستیدا دەستتێوەردانی ئێران لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا هەڵگیرسانی شەڕێكی تایفەگەریی لێ دەخوێندرێتەوە، سەردانەكەی بریت ماكگۆرك نێردراوی سەرۆك ترەمپیش بۆ بەغداو دواتر پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ خودی عەبادیدا بەڵگەی ئەوەیە كە ئەم هەڵبژاردنە چەند بۆ ئەمریكا گرنگە.

 

لە خوێندنەوەی رووداوەكاندا بۆمان دەردەكەوێت كە نەك تەنیا ئەمریكا گرنگی بەم پرۆسەیە دەدات، بەڵكو هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپاش هاتوونەتە سەر خەت بەپێی هەواڵەكان هەر یەك لە باڵیۆزانی بەریتانی و فەرەنسا چاویان بە عەمار حەكیم و هادی عامری و نوری مالكی كەوتووە، كەواتە ئەو جووڵەیەی میدیایی سیاسیی ئیدارەی ترەمپ و دەوڵەتانی رۆژئاوا ئەوە پیشان دەدات كە چارەنووسی هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگەو سووربوونی ئەو دەوڵەتانە دووپاتدەكاتەوە كە دەیانەوێت بەڕەكە لەژێر پێی تاران رابكێشن و قەبارەی بوونی لەو وڵاتە بچووك بكەنەوە، بە تایبەتیش كە واشنتۆن زۆر لە قەڵەمڕەویی ئێران نیگەرانە، چونكە ترشی ئەوەی هەیە كە دوای هەڵبژاردن گوریسەكەی لەدەست دەربچێت و نەتوانێت لەمەودوا كاریگەریی لەسەر پرۆسەی حوكمڕانیی عێراق بمێنێت، بە بۆچوونی ئەمریكاش بێت هەر تاران بوو لە ساڵانی رابردوودا مایەی لەقكردن و شێواندنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەكە بووە، ئەویش بە دەستتێوەردانی راستەوخۆی میلیشیاكان و سوپای پاسدارانی فەیلەفی قودس، هەر بۆیە جارێك باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا لە لێدوانێكیدا داوای لە سوننە كردبوو كە یەكبگرن و هەوڵبدەن لە هەڵبژاردنی عێراقدا سەركەوتن بەدەست بهێنن، چونكە لەم ساڵانەی دواییدا سوننە بە یەكجاری پەراوێزخرابوون و دەسەڵاتیان لە عێراق كەمكرابۆوە.

 

لە ئێستاشدا كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەكانی عێراق دەستی پێكردووە، ململانێ و ناوزڕاندن و لێكردنەوەو دڕاندنی درووشم و لافیتەكانی زۆربەی كاندیدكراوان پەرەی سەندووە و خەڵكەكە دەترسێندرێت نەك هەر دژی سوننە، بەڵكو لەنێو خودی شیعەشدا ئەم دیاردەیە هەستی پێدەكرێت و شەقامەكانی بەغداو پارێزگاكانی دیكەش گەواهی ئەوە دەدن، كە ئەم هەڵبژاردنە لە كۆتاییدا توندوتیژی و رەنگە شەڕی ناوخۆشی لێبكەوێتەوە.

 

بەهەرحاڵ ئەمریكا دەزانێت كە لەم 15 ساڵەی دوای رووخانی رژێمی بەعس، كاربەدەستانی عێراق نەیانتوانیوە بنەماكانی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات بچەسپێنن، خەمی سەرەكیی ئەو فەرمانڕەوایانە تەنیا گەندەڵی دارایی و ئیداری و سیاسی بووە،  رێژەیەكی زۆری خەڵكە رەش و رووتەكەی دیكەی عێراقیش هەر لە نەهامەتی و نەداریدا ژیان دەگوزەرێنن و تا ئێستاش 20%ی ئاوارەكان بە تایبەتیش لە پارێزگاكانی سوننە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باب و باپیریان، كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی دەبێت بۆ سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە رەنگە بە دڵی شیعە بێت و ئاسوودەییش بە ئێران ببەخشێت و لەبەرامبەریشدا كێرڤی نیگەرانی و ناڕەحەتی لای ئەمریكییەكان بەرزبكاتەوە، بەڵام با پێش رووداوەكان نەكەوین و چاوەڕوان بین تا رۆژی 12/5 دێت ئەو كات پرسەكە یەكلایی دەبێتەوە.      

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.