هەموو ئەو دەنگوباسانەی لە کەرکوکەوە دەربارەی خۆڕێکخستنەوەی داعش لە ژێر ناوی ئاڵا سپیەکان و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی بەو پێشمەرگە خۆبەخشانەی کە دوای داگیرکردنەوەی کەرکوک و خورماتوو لە چیاکان مابوونەوە تەنها کارکردنە بۆ تەواوکردنی ئەو پلانەی کە بەر لە ئازادکردنەوەی شەڕی موسڵ بۆ ئەو دەڤەرە داندراوە لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حکومەتی عیراقی بە هاوکاری هەندێک لایەنی کوردستانی تەنها ڕۆڵی جیبەجیکار دەبینن.
لە دواخستنی گرتنەوەی تەلەعفەر و حەویجە بۆ دوای موسڵ نیەتەکان وەدیار دەکەوتن کە مەبەست داگیرکردنەوەی کەرکوکە،چونکە بە داگیرکردنەوەی کەرکوک پلانەکەی ئێران لە تەواوکردنی هیلالی شیعە و بەستنەوەی ئێران لە ڕووی وشکانیەوە بە سوریا هەروەها هێشتنەوەی شارە سوننە نشینەکان بە ئابلوقەدراوی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی وەک لە دروشمەکانی شەڕی موسڵ بەرزیان دەکردنەوە ( تۆڵەی خوێنی حوسێن)یان لێ بکەنەوە،لە هەمان کاتیشدا وەک کارتی فشار لە دژی کورد بەکاری بهێنن بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان.
حەشدی شەعبی لە ڕێگای حکومەتی عێڕاقیەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ داعش دەستیان بەسەر تەلەعفەر و حەویجە داگرت، لەو دوو شارۆچکەیە کە ناوەندی بەهێزی داعش بوون و بەر لەوەش ئەلقاعیدە، تەنانەت یەک چەکداری داعشیان لێ نەکوژرا بەڵکو بە ڕێکەوتن و هەماهەنگی بۆ سێ گۆشەی نێوان پارێزگاکانی تکریت و دیالە و کەرکوک گواسترانەوە لە زنجیر چیاکانی حەمرین کە ناوچەیەکی عاسێیە و بە ئاسانی دەتوانن خۆیانی لێ حەشار بدەن.
ئێران پێویستی بە هێشتنەوەی ئەو هێلەیە بە گەرمی کە شەڕی تێدا تەواو نەبێ و بەردەوام وەک هەڕەشە و مەترسیەکی گەورە لە میدیاکان و لە زهنیەتی خەڵک و لەلای هێزەکانی هاوپەیمانان دروست بکەن،تا وەک بەهانەی هێشتنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بگرە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە بەکاربێنن.
ئێران تا ئێستا لە عێڕاق و سوریا سەرکەوتو بووە و لە بەرمابەردا ڕکابەرەکانی لە سەر ئاستی ئیقلیمی تورکیا و سعودیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لە پاشەکشەکردن دان، لە سوریا خەریکە حکومەتی سوریا تەواوی خاکەکەی کۆنتڕۆل دەکاتەوە و ئێڕان جگە لەوەی دەمێکە باڵا دەستی گەیشتۆتە کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست ئێستا هێزەکانی گەیشتنە سەر سنووری تورکیاش،دوای بەتەڵەوەکردنی تورکیا لە عەفرین و لەناوبردنی پلانی هاوبەشی ئەمریکا و ئەورپا بۆ هەیشتنی هێزەکانیان کە لە سەر زەوی (هێزەکانی سوریای دیموکرات)نوێنەرایەتیان دەکات بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەستنەوەی عەفرین بە ناوچەکانی جزیرە.