Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:36

بەرەژانی سوریا وخەمی کورد

كەس دۆخی بەقەد كورد و ئیسرائیل ناخۆش و مەترسیدار نییە
100%

‎ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەكات مەیدانەكە سوریایە..ئەمەریكا هەڕەشە لە ئێران دەكات مەیدانەكە سوریایە..ڕووسیا هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكات مەیدانەكە سوریایە..توركیا هەڕەشە لە كورد دەكات مەیدانەكە سوریایە..ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات مەیدانەكە سوریایە..ئێران هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكات مەیدانەكە سوریایە..داعش هەڕەشە لە هەموو دنیا دەكات مەیدانەكە سوریایە..دنیا هەڕەشە لە تیرۆر دەكات مەیدانەكە سوریایە..سعودیە هەڕەشە لە ئێران دەكات مەیدانەكە سوریایە..شەش ساڵە خەڵكی سوریا سوتەمەنی شەڕو بەرژەوەندییەكانی ئەم لایەن و وڵاتانەن..گەورەترین تاوانی سەردەم ڕۆژانە لەم وڵاتە بەبەرچاوی جیهان ئەنجام دەدرێت ..كەچی نە ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و نە خەڵكیش لە شەڕ ڕزگاریان بوو،لەوانەیە بێته‌ زێدەڕۆیی بزانێت ئەگەر بلێین چارەسەر نەكردنی كێشەیەكی شاراوەی وەك كێشەی كورد لە ناوچەكە هۆكارێكی زۆر سەرەكی زۆربەی رووداوەكانە.

‎لەم نێوەندە پێموایە كەس دۆخی بەقەد كورد و ئیسرائیل ناخۆش و مەترسیدار نییە، ئیسرائیل كەوتووەتە كەناری شەڕێكی زۆر مەترسیداری هەمەلایەن لەگەڵ سوریا -حزبوڵا-ئێران- ئەم میحوەرەش هەنوكە بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆی ڕووسیا و چین و گروپە تونداژۆ ئیسلامییەكان بەهێزترین میحوەری شەڕە و لەچەند ساڵی ڕابردوو لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ و ململانێی ناوچەكە( یەمەن،عێراق،هەرێمی كوردستان،سوریا،لوبنان، ڕۆژاوای كوردستان)سەركەوتوو بووە.هەموو ئەم سەركەوتنە سەربازییانەی ئەم میحوەرە، زەربەیەكی كوشندەی لە بەرژەوەندیی و ستراتیژییەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی داوە، ئەم دۆخەش بەئاقاری بێ هەیبەت بوونی ئیسرائیل لە ناوچەكە و جیهان دەرووات كە ساڵانێكی زۆربوو جێگەی ترس و دڵەڕاوكێی وڵاتانی ناوچەكەبوو،هاوكات متمانەی ئیسرائیل لە نێوەندی سەربازیی و بازرگانى و هاوپەیمانییش ڕووی لە لاوازی كردووە، هەر ئەمەشە وای كردووە كە ماوەیەكە بەرپرسانی ئیسرائیل تەنیا هەڕەشەی توند دەكەن و وتاری ئاگرین دەدەن،ئەمەش لەپێگەی سیاسی و دپلۆماتییەوە وەها دەخوێنرێتەوە كە هۆكارەكەی هیچ نەكردنە، یان ڕوونتر هیچ لەدەستنەهاتنە. ‎

هەندێك ئاماژەی وەها هەن كە ئیدی ئیسرائیل چی دی كوڕە نازدارەكەی ئەمەریكا و بەرتانیا نییە و بەرژەوەندییەكانی ئەوان لە ئێران و كەنداو یەكتر دەبڕن و ئیتر ئەمەریكاش بەهۆی بوونی ئێران ئیتر پێویستییەكی ئەوتۆی بەئیسرائیل نەماوە بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی كەندا و و ئیسلامیی.

‎كورد هەرچەندە كاراكتەرێكی محەلییە لە یارییەكە و نەچۆتە نێو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان،بەڵام بەهۆی ئەوەی كە نیشتمانەكەی كەوتووەتە چەقی ململانێكان و هێزەكەیشی بۆ بەكارهێنان لەبری خەسارەتی بەشەریی خۆیان، سودێكی باشی بۆ ئەوان بووە،هەر ئەوەندە مەرحەبای دەكەن كە كەیفی بەخۆبێت و ئەوەندەش كەرەستەی سادەی شەڕی پێ بدەن كە ئەو ئامانجە بچووكانەیان بۆ بپێكن كە خۆیان دەیانەوێت و دواجار كە كاریان پێ نەما سود لە كەوڵەكانیشیان ببینن و بیفرۆشنەوە نەیارەكانیان ، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان پارساڵ هەمووانی تووشی شۆك كرد، وا لە ڕۆژاواش دووبارە دەبێتەوە ، ‎دۆخی كوردیش لە قۆناغێكی موحریجدایە،دۆستە دوورەكانی بە نەرمەبایەك چارۆگەی كەشتییەكانیان دەسوڕێنن و پشتیان تێدەكەن و وەك بەرخ لەبەر كەڵبەی گورگ جێیان دەهێڵن،كوردیش نەدەتوانێت بەتەواوی دەستبەرداریان بێت، نە دەشتوانێت بەرژەوەنییەكی وەهایان بۆدروست بكات كە ئیدى پشت لە كورد نەكەن، نەدەتوانن، دەستبەرداری خواستەكانیان بن و لەگەڵ داگیركەرانی نیشتمانەكەیان ڕێكبكەون.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.