Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:22

بارزانی و وەرزی هەستانەوە

بارزانیش وەک ڕابەر و کەسایەتیێک لە هەموو کاتێک زیاتر و لە هەموو سەرکردەیەکی دیکەی کوردستانی زیاتر ڕێژەی جەماوەرەکەی لە هەڵکشان دایە
masoud barzani
ئاسۆ حاجی
#7
100%

بارزانی وەک کەسایەتیێکی کاریگەر و حیزبەکەشی وەک پارتێکی خاوەن سەنگ و قسە هەبوو لە هەموو پێشهات و ڕووداوەکان نە شکستیان هێناوە نە پاشەکشەیان کردووە لە هەبوونی هێز و پێگەی جەماوەری وەک ئەوەی هەندێک لە دوژمن و نەیارانی هەوڵ دەدەن بەو شێوەیە وێنەی بکەن.

بارزانی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خاڵێکی دیکەی خستە سەر ئەو خەرمانەی کە سەرکردەکانی پێشی خۆی بە مستەفا بارزانی باوکیشیەوە لە تۆمارکردنی سەروەریەکی کەسی و شانازیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چونکە لە سەت ساڵی ڕابردوودا گەلی کوردستان تێکڕا و تایبەتتریش نەتەوەی کورد جاری یەکەم بوو لە ڕیفراندۆم  و بڕیاری سەربەخۆیی تەجاوزی هەموو ئەو پاشکۆیەتیە و خۆ بەکەم زانین و ترسان لە میللەتانی داگیرکەر کۆتایی پێبهێنێ.

لە دوای ئەو خیانەتەی لە کەرکوک لە گەلی کوردستان کرا بۆ ئەوە بوو بارزانی وەک سەرۆک و ڕابەر و کەسایەتیەکی کاریزماتیک و حیزبەکەی وەک گەورەترین حزبی جەماوەری باشوری کوردستان بگرە کوردستانی گەورە کۆتایی پێبهێندرێ،بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی دەرچوو بەو بەڵگەیەی هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پاڵپشتی دەکرێ.

بارزانیش وەک ڕابەر و کەسایەتیێک لە هەموو کاتێک زیاتر و لە هەموو سەرکردەیەکی دیکەی کوردستانی زیاتر ڕێژەی جەماوەرەکەی لە هەڵکشان دایە بە تایبەتیش لەو دەڤەرە کوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ( ناوچە دابڕێندراوەکان) کە خیانەتیان لێکرا،ڕێک بە پێچەوانەی ئەوانەی بە هەڕاجکردنی نیوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان گرەویان لە سەر کۆتاییهێنان بە بارزانی دەکرد،ئەوان ئێستا لە دۆخێکدان کە تەنها سەرمایەیان ئەو پارەیەیە کە لە بەرامبەر فرۆشتنی خاکی کوردستان وەریانگرت و کۆکردنەوەی ئەو شەرمەزاریانەیە کە بە سەر خۆیان و مێژووی بنەماڵەکەیان و حیزبەکەیان هێنا.

مانەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی یەکێک لەو کارانەی کە بارزانی ئەنجامیداوە بە چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لەناو دەستووری هەمیشیی عێڕاقدا بەجۆرێک کە حکومەتی عێڕاقی هەرگیز نەتوانێ پاز بەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان بدا مەگەر یەکەمجار پێ لە سەر دەستوور دابنێ وەک ئەوەی ئێستا حکومەتەکەی عەبادی دەیکات کە زیاتر لە خۆخستنە گێژاوێکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی نەک دەربازکردنی عێڕاق وەک ئەو بانگەشەی بۆ دەکا.

هەڵوێستی ئەوروپا لە هەڵوێستی فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە ڕوونی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دیارە کە لەلایەن هەرزۆری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دەکرێ،ئەمەریکاش کە لە ڕوانگەی دونیابینی چەند بەرپرسێکی دبلۆماتی تاڕادەیی کوێرانە پاڵپشتیان لە عەبادی کرد لە دژی خواستە دیموکڕاتیەکانی گەلی هەرێمی کوردستان ئێستا خەریکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە.

ئەمەریکا چاوەڕوان بوو عەبادی ئەو کەسەبێ کە بتوانێ حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە و عێڕاق لە بن هەژموونی ئێران دەرباز بکات بەڵام عەبادی نەک ناتوانێ ئەوە بکات بەڵکو تەمەننا دەکات هێزەکانی حەشدی شەعبی بە موقتەدا سەدرەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بکەن.

هەموو ئەوانە بەشێکن لە داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی ئەو ناوچەیە لە دوای کۆتایی هاتنی داعش کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێشتا دونیا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە لەو ناوچەیە بە پێگەیەکی بەهێزەوە بمێنێتەوە و پاڵپشتی و بزاڤە سیاسیەکان لە دوای کارەساتی 16 ئۆکتۆبەروە  بەو ئاراستەیەن کە دەرئەنجامەکەی بە بەهێزتربوونی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بارزانی سەرۆکایەتی دەکات ئەوەش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە تەواوی وەدیار دەکەوێت.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.