Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:05

بانگێک له‌ نیشتیمانه‌وه‌

ه‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی میدیایی دا, كوردستان تی ڤی زیاتر له‌ 5 شه‌هیدی به‌ نیشتیمانی به‌خشیوه‌
100%

نۆزده‌ ساڵه‌ له‌ ئاسمانی دره‌وشاوه‌ی كوردستان و جیهاندا، كوردستان تیڤی بانگی ئازادی و سه‌ربه‌ستی ده‌دات، له‌لایه‌ك، ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئاوێته‌ی خه‌م و خۆشی خه‌ڵك و سه‌روه‌رییه‌كانی گه‌لی كوردستان بووه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌واڵ و به‌سه‌رهاته‌كانی كوردستانی ئاوێته‌ی گونده‌ بچووكه‌كه‌ی جیهان كردووه‌ و ده‌نگ و ره‌نگی كوردانی گه‌یاندووه‌ته‌ گشت قوژبنێكی جیهان. رۆژی (17/1/1999) كوردستان تیڤی به‌ بریاری جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی ده‌ستی به‌ په‌خشی به‌رنامه‌كانی كرد، ئێستا كه‌ نۆزده‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ گرنگه‌دا ده‌رباز ده‌بێت،

له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی میدیایی دا, كوردستان تی ڤی زیاتر له‌ 5 شه‌هیدی به‌ نیشتیمانی به‌خشیوه‌ كه‌ هه‌مووشیان له‌كاتی روومالأ و به‌رگری له‌ نیشتیمان بووه‌، بێ گومان بۆ كه‌ناڵێكی نیشتیمانی سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌یه‌ .

به‌و بۆنه‌ راگه‌یاندنه‌ پیرۆز و دره‌وشاوه‌وه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم رۆڵی ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ ده‌ستپێكی په‌خشه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنم، كه‌ به‌ ده‌ستپێكی بووژانه‌وه‌ی راگه‌یاندنی كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت.

كوردستان تیڤی له‌ هه‌ڵومه‌رجێكی سه‌خت و دژواردا ده‌ستی به‌ په‌خشی به‌رنامه‌كانی كرد، تاكه‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی بوو كه‌ له‌ مێژووی كورددا، له‌ناو خاكی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست به‌ په‌خش بكات، هه‌موو هه‌واڵ و دۆسیه‌ گه‌رم و كۆنه‌كانی كوردستان چاوه‌ڕوانی كه‌نالێكی له‌و شێوه‌یان ده‌كرد. له‌كاتی ده‌ستپێكردنی په‌خشیدا، چه‌ندین ئاسته‌نگ رووبه‌ڕووی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ بوونه‌وه‌، هه‌زارو یه‌ك لێكدانه‌وه‌ و حسێب له‌ پشت هه‌ر جووڵه‌یه‌كی كامیراوه‌ هه‌بوو، چاودێری و سانسۆری ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ هه‌بوو و چه‌ندین كێشه‌و گرفتی دیكه‌ی رووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، دواجار كوردستان تیڤی به‌ دڵسۆزی و شاره‌زایی هه‌ڵسوڕێنه‌ر و خه‌باتكارانی و به‌ لێبوورده‌یی و كۆڵنه‌دان به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵبوو و به‌بیرو پشتگیری ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و به‌ پلان و تێڕوانینێكی لۆژیكانه‌ توانی بناغه‌یه‌ك بۆ راگه‌یاندنی كوردی دابنێت. ئێسته‌یش ژماره‌یه‌كی زۆری پێشكه‌شكارو ئاماده‌كارو هونه‌رمه‌ندو كادیری پرۆفیشناڵ تێیدا كارده‌كه‌ن، بووه‌ته‌ كه‌ناڵی دایك بۆ هه‌موو ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی دیكه‌ی بینراویش كه‌ له‌ناوخۆوه‌ په‌یامی كورد ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن. كردنه‌وه‌ی ktv، جگه‌ له‌وه‌ی پێویستییه‌كی ئه‌و قۆناغه‌ی راگه‌یاندنی كوردی بوو كه‌ كوردستانی ئازاد ماوه‌یه‌ك بوو پێویستی پێی هه‌بوو و چاوه‌ڕوانی ده‌كرد، له‌ هه‌مان كاتیشدا مانای ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ به‌ به‌رنامه‌ و تێڕوانینی نوێ و نه‌خشه‌ی تازه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رده‌میانه‌ هاتووه‌ته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌ و رایه‌ڵ و ده‌نگ و ره‌نگی كوردستانیان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌كانییه‌وه‌ بووه‌. كه‌ناڵه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌خشییه‌وه‌ بووه‌ جێگه‌ی ئومێدی كوردستانیان و توانی ئه‌و میوانه‌ روح سووكه‌ بێت كه‌ كوردانی سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ شاشه‌ و سه‌كۆی خۆیانی بزانن، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی بابه‌ت و به‌رنامه‌ جۆراوجۆر و هه‌مه‌جۆره‌كانییه‌وه‌، كه‌ به‌شی هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانی له‌خۆ ده‌گرت، به‌رنامه‌ی هونه‌ری و رۆشنبیری و سیاسی و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ منداڵه‌ بێنازه‌كانی كوردستان به‌ زمانی شیرینی كوردی پێشكه‌ش كرد.

 

په‌خشی كوردستان تیڤی كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ و ده‌ستپێكی سه‌رده‌می بوژانه‌وه‌ی هۆشیاری رۆشنبیری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خه‌ڵكی كوردستان بوو. له‌ سه‌روبه‌ندی په‌خشی كوردستان تیڤیدا ئه‌سته‌م بوو تاكی كورد بێته‌ به‌رده‌م كامیرا و گوزارشت له‌ بیرو بۆچوون و داواكانی بكات، شه‌رم و ترس دوو هۆكاری سه‌ره‌كی بوون كه‌ وای له‌ تاكی كورد كردبوو زۆر متمانه‌ی به‌خۆ نه‌بێت و خۆی له‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ به‌كه‌متر بزانێت، كوردستان تیڤی ئه‌و رێچكه‌ و كولتووره‌ی تێكشكاندو رووی راسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تی بوێرو لێزانی كوردستانی نیشانی هه‌موو جیهان دا، كوردانی ده‌ره‌وه‌ش شاگه‌شگه‌ ده‌بوون كاتێك كۆلانێك و شاخ و ده‌شتێكی كوردستانیان له‌ شاشه‌ ره‌نگینه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌بینی كه‌ بیره‌وه‌ری رۆژانی منداڵی زیندوو ده‌كردنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانبینی ناسیاوێكیان له‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت تووشی شۆك ده‌بوون.

 

هه‌روه‌ها كوردستان تی ڤی سه‌ره‌ده‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كه‌یسه‌ ئاڵۆز و كه‌ڵه‌كه‌بووانه‌دا كرد كه‌ به‌ درێژایی مێژووی كورد له‌سه‌ر یه‌ك په‌نگیان خواردبووه‌وه‌و سه‌كۆیه‌ك نه‌بوو تێیدا نمایش بكرێن. چه‌ندین به‌رنامه‌ی دۆكیۆمێنتی سه‌باره‌ت به‌مێژوو و كولتوورو ئایینی پێكهاته‌ جیاجیاكانی كوردستان، پێشكه‌شكردووه‌. پردێكیش بووه‌ له‌نێوان داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و حكومه‌تدا، له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌موكوڕییه‌ك به‌دی كرابێت زوومی كامیرای كوردستان تیڤی ئاماده‌ بووه‌ بۆ گه‌یاندنی خه‌می هاووڵاتیان به‌ لایه‌نی به‌رپرس و په‌یوه‌ندیدار.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌شێكی گرنگ له‌ ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌جێ گه‌یاندووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دیبلۆماسیانه‌ داخوازییه‌كانی میلـله‌ته‌كه‌مان به‌ وڵاتانی هه‌رێمی و جیهان گه‌یاندووه‌، هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كانی خستووه‌ته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزبی و داكۆكاری سه‌ره‌كی مافی هه‌موو پێكهاته‌ و چین و توێژه‌كانی كوردستانی بووه‌ به‌بی جیاوازی، بووه‌ته‌ تریبۆنێكی ئازادیش بۆ گوزارشت كردن له‌ بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان. دۆسیه‌ی جینۆسایدو ئه‌نفاڵ و كیمیابارانكردنی كوردی و ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتن به‌ هه‌موو جیهان ناساند و په‌یامی ئاشتی خوازانه‌ی كوردی به‌ هه‌موو جیهان گه‌یاند، هه‌وڵه‌كانیشی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ راست بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌رانبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌نجام دراوه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بووه‌ته‌ پردێكی به‌یه‌كگه‌یاندنی كوردستانیانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات. سه‌رچاوه‌یه‌كیش بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنی كادیری راگه‌یاندن، چه‌ندین خولی راگه‌یاندن له‌و ده‌زگایه‌ بۆ پێگه‌یاندنی كادری راگه‌یاندن كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ سه‌دان كادیری راگه‌یاندنی پێگه‌یاندووه‌ و بووه‌ته‌ كه‌ناڵی دایك بۆ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی كوردستان.

 

خاڵێكی دیكه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك چۆن كوردستان تیڤی سه‌ركێشی راگه‌یاندنی كوردی كردووه‌، زۆرترین خه‌باتكاری راگه‌یاندیش له‌و رێگه‌و پێناوه‌دا گیانی خۆیان به‌خت كردووه‌ و زۆرترین شه‌هیدی راگه‌یاندكاری كوردی له‌ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردیدا هه‌یه‌. له‌كاتێكدا یادی نۆزده‌ ساڵه‌ی ئه‌م بۆنه‌ راگه‌یاندنه‌ پرشنگداره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پێویست ده‌زانم ستایشی ئه‌رك و كاره‌كانی كارمه‌ندانی بكه‌م و هیوای به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی به‌رده‌وام و نوێبوونه‌وه‌یان بۆ ده‌خوازم، به‌ره‌وپێشچوونێك كه‌ له‌گه‌ڵ دونیای فره‌ڕه‌نگ و سه‌رده‌می خێراییدا گونجاو بێت و پرنسیپه‌كانی نوێی راگه‌یاندنی جیهانی په‌یڕه‌و بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌ ره‌نگینه‌كه‌ی كوردان له‌ ئاستی ئه‌و هیواو ئاواته‌ به‌رزانه‌دا بێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی لێ ده‌كه‌ن و جێگه‌ی هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌نگی راگه‌یاندنی كوردیدا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی قورسه‌ و كارێكی زیاتری ده‌وێت.

له‌ شه‌ری دژی داعشدا, هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌روان ده‌كرا سه‌ركێشیی كرد له‌ گواستنه‌وه‌ و شۆپاندنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رچاوی دونیا كه‌ ده‌ست و بازووی پێشمه‌رگه‌ و خۆراگریی گه‌ل له‌ به‌رامبه‌ر داگیركاری چه‌نده‌ به‌هێزه‌ و له‌و راستایه‌ش 3 شه‌هیدی قاره‌مانی به‌خشی به‌ خاك و نیشتمانی كه‌ ئه‌وانیش (شه‌هید مسته‌فا و عه‌قید خه‌یروللا هه‌ركی و ئه‌ركان شه‌ریف)ن و ئه‌وه‌ی دوای خیانه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركوك و خورماتوو ده‌هه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان كرا, كوردستان تی ڤیش بێ به‌ش نه‌بوو له‌ قوربانیدا و به‌وه‌ش له‌ شارۆچكه‌ی داقوق میلیشیا شیعه‌كانی عێراقی رۆژنامه‌ڤان و وێنه‌گری به‌ توانای كوردستان تی ڤی ئه‌ركان شه‌ریفیان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر هۆڤانه‌ له‌به‌ر چاو هاوسه‌ر و منداڵانی درایه‌ به‌ر قه‌چۆ و شه‌هید كرا.

 

به‌و هیوایه‌ی ساڵی نوێی كاركردنی كوردستان تی ڤی ببێته‌ ساڵی نوێبوونه‌وه‌ و داهێنانی زۆرترو گه‌شاوه‌تر. له‌ كۆتاییدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدان و خه‌باتكارانی كوردستان تیڤی داده‌نه‌وێنم.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.