Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:01

له‌ 19 ساڵه‌ى که‌ناڵى دایکدا

كوردستان تى ڤى بۆ پێگه‌یاندنى كادرانى راگه‌یاندن ئه‌و بۆشاییه‌يى پڕ كردبۆوه‌ له‌ نه‌بوونى به‌شى راگه‌یاندن له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان
هه‌ژار عه‌لی
#7
100%

كوردستان تى ڤى له‌ كاتێكدا یادى دامه‌زراندنى خۆى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌زگاى سه‌ته‌لایتى كوردستان خۆى ده‌بینێته‌وه‌، ته‌له‌فزیۆنى زاگرۆس-یش به‌شێكه‌ له‌نێو ئه‌م ده‌زگایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌11 ئه‌یلولى 2017  كوردستان تى ڤى سیسته‌مى خۆى به‌ (HD) به‌سته‌وه‌، به‌مه‌ش بینه‌ران و هه‌وادارانى زیاتر چاویان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌ناڵه‌یه‌، به‌ دیدو تێڕوانینێكى جیاواز به‌ به‌رنامه‌و پرۆگرامى نوێوه‌ میوانێكى گه‌رم و گوڕ بێت.
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ى میدیاكار، وه‌ك چۆن له‌رابردوودا به‌ پره‌نسیپه‌كانى ئێتیكى كارى میدیاییه‌وه‌ پابه‌ند بووین، زیاتر له‌وه‌ش راستگۆییانه‌، پیشه‌ییانه‌، خێرایی له‌ گه‌یاندنى  هه‌واڵ و زانیارییه‌كاندا بكه‌یه‌نه‌ سه‌ر مه‌شقى كاركردنمان. زێده‌ڕۆیش نییه‌، ئه‌گه‌ر بڵێین له‌م روانگه‌یه‌وه‌، كه‌ خاڵى ده‌سپێكه‌ بۆ ئه‌نجام دانى هه‌ركارێك، درێخیمان نه‌كردووه‌ و شانازى ده‌كه‌ین، كه‌ كوردستان تى ڤى راچاوى بابه‌تیبوون و بێلایه‌نى و راستگۆیی له‌ هه‌واڵ و به‌دواداچوونه‌كانیدا كردووه‌، ئه‌گه‌ر چى ده‌زگاكه‌ زمان حاڵى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، كه‌چى كه‌متر خۆى له‌ بابه‌تى حزبى داوه‌و وه‌ك ده‌زگایه‌كى نیشتیمانى، به‌قه‌د ناوه‌كه‌ى، كوردستانیانه‌ په‌یامى میدیایی خۆى بڵاو كردۆته‌وه‌، تا هه‌واڵێك لێى دڵنیا نه‌بووبین، له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ پشت راست نه‌بووبێته‌وه‌، ژوورى  هه‌واڵه‌كانى نه‌بینیوه‌. 
وردبینى له‌هه‌واڵ-مان كردۆته‌ بنه‌ماى راستگۆیی و متمانه‌، هیچ هه‌واڵێكمان له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزى بینه‌ر په‌خش نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر چى هه‌ندێك له‌ میدیاى بینراو به‌شێك له‌ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیان له‌سه‌ر جۆرێك له‌ هه‌واڵ و به‌دواداچوون و راهێناون كه‌ په‌رچه‌ كردارى تێدا بێت، رونتر بڵێین: هه‌واڵ و دیدارو به‌دواداچوونه‌كانیان تا وروژێنه‌رتر بن، پڕ بینه‌رتر ده‌بن!
17ـ1ـ1999 رۆژێكى مێژووییه‌ له‌ راگه‌یاندنى كوردیدا به‌تایبه‌ت له‌بوارى په‌خشى(بینراو) دا، ئه‌وێ رۆژێ كوردستان له‌ سه‌ره‌تاى گه‌شه‌سه‌ندن و دانانى پایه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بوو، بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ سه‌ته‌لایتى كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌ته‌لایتى كوردى له‌ باشورى كوردستان دامه‌زرا و له‌ شارۆچكه‌ى پیرمام ده‌ستى به‌ په‌خشى خۆى كرد، هه‌ربۆیه‌ش به‌ ته‌له‌فزیۆنى دایك ده‌ناسرێ. 
مێژوو ئه‌وه‌ى بۆ سه‌لماندووین، هه‌ركاتێك كورد هه‌لێكى بۆ ره‌خسابێت، ئازاد بوو بێت،  له‌ئاشتى و ئاوه‌دانیدا ژیانى كردبێت، بیرى له‌ بزاوتى رۆژنامه‌گه‌رى كردۆته‌وه‌و هه‌وڵى داوه‌ روویه‌كى گه‌شى میدیاى كوردى پیشان بدات.  
كوردستان تى ڤى، بوارى له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسان دا كرده‌وه‌. قوتابخانه‌یه‌ك بوو  بۆ پێگه‌یاندنى كادیرانى راگه‌یاندن ئه‌و بۆشاییه‌شى پڕ كردبۆوه‌ له‌ نه‌بوونى به‌شى راگه‌یاندن له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان. هه‌رئه‌مه‌شه‌ ئێستا  به‌شى هه‌ره‌زۆرى  كادیرانى ته‌كنیكى و بێژه‌رو په‌یامنێرو پێشكه‌شكاره‌كانى زۆربه‌ى كه‌ناڵه‌كان، كارمه‌ندانى كوردستان تى ڤى بوون.
ئه‌مرۆ ئه‌ركى میدیا به‌ گشتى، رۆژنامه‌نووسیش وه‌ك به‌شێك له‌ میدیا، ئاسایشى راگه‌یاندنه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی، وه‌لێ به‌شێ له‌ میدیاى بیستراو، خوێنراو، بینراو دا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌بیر كراوه‌، له‌ سۆسیال میدیاش هه‌رمه‌پرسن!
هه‌نووكه‌ له‌ دونیاى راگه‌یاندندا سیاسه‌ت پشكى شێرى به‌رده‌كه‌وێ له‌ ئاراسته‌كردنداو كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاوو زۆرى له‌ سه‌ر راگه‌یاندندا هه‌یه‌. به‌ڵام كوردستان تی ڤى په‌یامى نه‌ته‌وه‌یی زیاتر گه‌شه‌ پێده‌دات و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ له‌ هه‌واڵ و به‌دواداچوونه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
 كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن، به‌تایبه‌ت ته‌له‌فزیۆن له‌ هه‌ربوارێك زیاتر له‌ بواره‌كانى ئابورى و داراییدا ماكینه‌ى به‌كاربردنن. هیچ ده‌زگایه‌كى راگه‌یاندن به‌بێ ژێرخانێكى ئابوورى تۆكمه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند ئاسته‌مه‌ بتوانێ به‌رنامه‌و پلانه‌كانى دوورمه‌ودا په‌ره‌پێ بدات. كوردستان تى ڤى له‌گه‌ڵ قه‌یرانى داراییدا زۆر ژیاوه‌، به‌ڵام كۆڵى نه‌داوه‌، كارمه‌ندانى له‌گه‌ڵ مووچه‌ خۆرانى كوردستان ئه‌گه‌ر هاوتا نه‌بن، له‌هه‌ندێك مافدا له‌ خوارترن، كه‌چى هه‌میشه‌ش له‌كاردان، خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى بۆ ئه‌و شاشه‌ یه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ئاسا سڵ له‌ ماندووبوون ناكه‌ینه‌وه‌. 
له‌ 19 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كوردستان تى ڤى دا، وه‌كو وه‌فایه‌ك درودو سڵاو ده‌نێرین بۆ شه‌هیدانى ده‌زگاى سه‌ته‌لایتى كوردستان (ئه‌ركان شه‌ریف، مسته‌فا سه‌عید، حسام سه‌رسه‌م، نه‌سیر عه‌لى، ئه‌حمه‌د كه‌ریم ،لایه‌ق كاكه‌یى) شه‌هیدانى نیشتیمان و ئازادى راده‌ربڕین، چه‌پكێك گوڵیش دیارى بێت بۆ به‌رێوه‌به‌رى گشتى و  یه‌كه‌ یه‌كه‌ى كارمه‌ندانى ده‌زگاى سه‌ته‌لایتى كوردستان. به‌هیواین ساڵى نوێى كوردستان تى ڤى ساڵى تێركردنى چاوى بینه‌ر بێت.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.