کەس بەلایی ئەوەدا نەچوو بۆ لە کەرکووک کەوتین، خاڵی لاوازیی ئێمە لە کەرکووک و ناوچە هاوشێوەکانی زۆر بوون، وەلێ دیارترینیان، رۆڵ و پێگەی حزبەکان بوو لە بەرێوەبردن و ملمڵانێی نادروست.
دەمێک ساڵە هاوارم بوو کە مەلەفی بەرێوەبردن و بریار لێدان لە حزب و کەسەکان وەرگیرێتەوە و دەستی حکوومەتی کوردستان واڵا بکرێ نەک حزب، نموونەی زۆر هەن، کە دواترینیان ئەوە بوو، بەرپرسێکی لۆکاڵی حزبی بە چەکداریی حزبی هەڵی کوتایە سەر کۆمپانیایی نەوتی کەرکووک و هەناردەی نەوتی بۆ چەند رۆژێک راگرت، نموونەی تر زۆر هەن.
لە هەرێمیش هەر وەک کەرکووک زیان ئەکەین ئەگەر پشتیوانی حکوومەتەکەمان نەبین، دەبێ حزبەکان لە جیاتی کشانەوە وزەیی مرۆیی و حزبی خۆیان ئاوێتەی ئەم حکومەتە بکەن ئەگەر مەبەستیانە لەم تەنگەژیە نەتەوەکەمان دەرباز بکرێ، دەبێ دەسەڵاتەکان بۆ حکومەت بێ و کار ئاسانی بۆ رادەستکردنی مەلەفەکان بە حکوومەت بکرێ.
دەبێ حزبەکان ئەگەر نیشتمانێکی یەکگرتوو و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیان دەوێ پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ستافەکەی بکەن، دەبێ یەکگرتوویی و بە هێزیی حکومەت هەر وەک لە بەیانی فەرمی ئەمەریکە وەک داوایی ئەو دەوڵەتە هاتووە، بکەینە ئەرک و کاریی سەرەکی حزبەکانمان و خۆمان بۆ قۆناغی هەستانەوە ساز بدەین و ئەوەی لە دەستمانداوە بە دەستیان بێنینەوە.
هیچ حزبێک بە دیدگەیی تەسکی حزبیانە نەک هیچی پێ ناکرێ بەڵکو زیاتر رەوشەکە ئاڵۆز و بارگاوی دەکات، ئەگەر وزەکانمان لە چوارچێوەی حکومەت کۆ کەینەوە دەبینە هێزێکی پتەو بەسەرکەوتوویی ئەم قۆناغە دەبرین، ئەگەر نا وەک چۆن کەرکووکمان بەو دەردە برد، هەرێمیش دوو لەت دەکەین و هێزی گەورە لە نیشتمانەکەمان بۆ دوژمن دەسەبەر ئەکەین، بۆیە ئەم قۆناغە قۆناغی دەوڵتداریە نەک حزبی، کاتێکیش حزبایەتی رەوایە، لە ناو حکومەت و دامەزراوەکان شەڕ بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامەی حزبیمان بکەین، کە ئاراستەکەی خزمەتی گشتی و یەکگرتوویمان بێ.