Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:03

گۆڕان حیزبی به‌یاننامه‌!

ئه‌گه‌ر گۆڕان پێ ی وابێت به‌م جۆره‌ ده‌توانێ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌شێك له‌ ده‌نگه‌ په‌رته‌وازه‌كانی ساحه‌ی سیاسی سلێمانی بۆ خۆی ده‌بات هه‌ڵه‌ ده‌كات
پیران ئه‌میر
#7
100%

 

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕای گه‌یاند كه‌ ئاماده‌ن داهاته‌كان ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌ن به‌مه‌رجێك به‌غدا پابه‌ندی بڕگه‌كانی ده‌ستوور بێت و %17 ی بودجه‌ی گشتی عێراق بدات به‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌موو ئه‌و بۆمبه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیانه‌ی پوچه‌ڵ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌باربردنی ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردستان دانرابۆوه‌، به‌ڵام وه‌ك چۆن چاوه‌رێ ناكرێ به‌غدا له‌ عینادی و كه‌له‌ ره‌قی خۆی بێته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌مان نه‌هج و بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕیاریان داوه‌ بۆ دوو ئامانجی هاوبه‌ش تێبكۆشن كه‌ یه‌كه‌میان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ره‌س پێهێنانی ئه‌زمونی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئامانج گرتنی قه‌واره‌ی سیاسی و جوگرافی و ئیداری كوردستان و هه‌روه‌ها دووه‌م ئامانج كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ له‌ هه‌لبژاردنی داهاتوو.

بێگومان حكومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی یه‌ و سه‌رۆكی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تیش ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی كاریزما و كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌م حكومه‌ته‌ پاڵپشتیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و له‌ ناوخۆی وڵاتیشدا به‌ته‌نها (گۆڕان)ی لێ ده‌ربچێت هه‌موو لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر مێزی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆكردۆته‌وه‌ و بڕیاره‌ گرنگه‌كان له‌وێوه‌ ده‌درێت و بۆیه‌ دواجار به‌غدا ڕازی به‌ گفتوگۆ ده‌بێت و مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر كات و به‌دیهێنانی مه‌رامه‌كانی (عه‌بادی) له‌ دروستكردنی پێگه‌یه‌ك دور له‌ حیزبی ده‌عوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، ئه‌گه‌ر گۆڕان پێ ی وابێت به‌م جۆره‌ ده‌توانێ له‌ هه‌لبژاردنی داهاتوو به‌شێك له‌ ده‌نگه‌ په‌رته‌وازه‌كانی ساحه‌ی سیاسی سلێمانی بۆ خۆی ده‌بات هه‌ڵه‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر عینادی خۆی به‌رده‌وام بێت و سه‌ركێشی به‌ داهاتووی خۆی ده‌كات و دواجار به‌ زه‌لیلی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كان و هیچ به‌یاننامه‌یه‌ك فریای ناكه‌وێ (هیچ كاتیش به‌یاننامه‌كانیان ڕزگاری نه‌كردوون)!

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.