بەدرێژایى بانگەشەى گشتپرسى و دواى ئەنجامە فەرمییەکانى گشتپرسیی و تائێستاشى لەگەڵدابێ بەشێک لەمیدیاى کوردى بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیشتمانى و بەبێ هەستکردن بە پیشەى میدیایى، بەردەوامن لەگەیاندن و بڵاوکردنەوەى هەواڵى بێزارکەر و بەتایبەتى ئەو هەواڵ و لێدوانانەى دژى ریفراندۆم و بەرژەوەندى نەتەوەیى گەلى کوردن!
دیارە ئەم جۆرە میدیایانە لەبنەڕەتدا پیشەیی نین و بگرە بەپێچەوانەوە شەوو رۆژ دەخەنە سەریەک لەسەر گواستنەوەى هەواڵ و راپۆرتى نەرێنى کە لە بەرژەوەندى بینەر و بگرە جەماوەرى کوردستاندا نییە .. میدیاى کوردى هەر لەسەرەتاوە بەشێوەى نا تەندروست و کرچ و کاڵ خۆى بەجەماوەر ناساند سەرەڕاى هەموویشى سەرهەڵدانى میدیاى وا کە هەڵگرى بیرى زگماک و پڕ کەف و کوڵ و تۆڵەسەندنەوەو زیاتر کارکردن لەسەر ناوچەیەک و بەئامانج گرتنى لایەنى زۆنێکى ئەم هەرێمە!.
میدیاى کوردى، پەرتەوازەیى و شڵەژاویى تەواوى پێوە دیارە و بەرەو ئاقارێکى ناڕوون و نارۆشن هەنگاو دەنێت، چونکە بەدرێژایى دوو دەیەى رابردوو بگرە زیاتریش بە ئاڕاستەیەکى شوم و ناڕوون هەنگاوى ناوەو هەڵەو کەموکوڕییەکانى رابردوو دووبارە دەکاتەوەو، بیر لەهەنگاى نوێ و پلانى نوێترو پرۆفیشناڵتر ناکاتەوە بۆئەوەى نەوەى نوێى ئەم هەرێمە بیر لەرق و دژایەتى نەکەنەوە کەلەلایەن هەندێک لەمیدیاکاندا بە ئامانج دەگیرێن .. بۆیە ئەرکى سەرشانى میدیاکانە تاکى کۆمەڵگا وشیار بکەنەوەو، بەرەو ئاڕاستەیەکى جوان و تەندروست و بنیاتنەر و دوور لە رق و قینەو تۆڵەکردنەوە گۆشیان بکەن.
بەدەر لەوەش بەشێک لەمیدیاى کوردى هۆکارى سەرەکین لەنانەوەى ترس و تۆقین لەدڵى بینەردا، بۆ نموونە لەگەرمەى شەڕى تیرۆریستانى داعشدا لەرادەبەدەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەیان لەمیانى راپۆرت و هەواڵ و بەرنامەکانیان گەورە کرد هەم لەپەخش کردنى دیمەنە خوێناوى و پڕ تراژیدیەکانى ئەو رێکخراوە لە سەربڕین و گوللە باران کردن و راوەدونانى خەڵک، بەهۆیەوە وایلێهات کۆمەڵگا بەمنداڵ و گەنج و پیر، ترس لێى بنیشێت و بیر لەجێهێشتنى ئەم نیشتمانە بکەنەوە بۆئەوەى لەپەلامارو هێرشە پێشبینى کراوەکانیان رزگاریان ببێت! لەئێستاشداو لەدەمى بڕیارەکانى حکومەتى عێراقى دژ بە ئەنجامدانى گشتپرسى خەریکە هەمان ئاڕاستەى جارى پێشوو دووبارە بکەنەوە وەکو لەمیانى هەواڵ و بەرنامەکانیاندا ئاماژە بە داخستنى سنوورو پێشبینى شەڕێکى سەختى ناوخۆیى دەکەن!.
بۆئەوەى هەمیشە میدیایەکى جیاوازبین، پێویستە پێداچوونەوەیەکى زانستیانەو ورد بە پەیامەکانماندا بکەین و جیاوازتر لەجاران رووماڵى رووداوەکان و پیشەییانەتر مامەڵە لەگەڵ پەیامە ئاڕاستەکراوەکان بکرێت و چیتر یارى بەهەست و نەستى بینەر نەکرێت و، لەبرى گەیاندن و گواستنەوەى هەواڵى ناتەندروست و باوەڕ پێنەکراو، ئەوا هەواڵى راست و دروست بڵاوبکرێتەوە بۆئەوەى ببینە جێى متمانەى بینەر و جەماوەر.. هەروەها پێویستە میدیاى کوردى کاربکات لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لەدەستورو یاساکانی وڵات و ئاراستەکردنی هاونیشتمانیان بەوەى ڕێز لەوبنەمایانە بگرن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، ئەمە جگە لە گرنگیدان و پەڕەپێدانی کەلتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لەڕای جیاوازو ڕێزگرتن لە یەکتر و خۆبەدوورگرتنیش لەزمانى زبر و توندو تیژی وخۆسەپاندن و هاندانی خەڵک لەسەر ڕق وکینەو تۆڵەکردنەوە.