Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 20:03

بڕیارە ئابورییەکانی وڵاتان پێمان دەڵێت دەوڵەتی کوردستان ئارامترین دەوڵەتی ناوچەکە دەبێت

نە كۆمپانیای رۆزنەفت و نەهیچ كۆمپانیایەكی دیكەش،ئامادەنین بەرژەوەندییەكانیان بخەن مەترسییەوە
alaay kurdistan
100%

 ئارام كاكەخان

 روویەكی دیكە لە پشت پشتگیری و دژایەتی وڵاتان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان هەیە ئەویش رووە ئابورییەكەیە، ئاشكرایە بەرژەوەندی وڵاتان بەر لەهەموو شتێك بەرژەوەندییە ئابورییەكانە، ناكرێت و رێی تێناچێت هیچ وڵاتێك، تایبەت وڵاتانی زلهێز زیان لە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆیان بدەن، نموونەمان زۆرە كە وڵاتان بەر لەوەی هەر بڕیارێكی سیاسی بدەن دەیان كۆبوونەوە لەگەڵ سەرمایەداران و خاوەن كارگە و كۆمپانیاكانی خۆیاندا دەكەن, چونكە دڵنیان هەر بڕیارێكیان ئەگەر زیان بە ئابوری وڵاتیان بگەیەنێت ئەوا پێگەی سیاسییان لەق دەبێت و بە پێچەوانەشەوە .

 

كە وڵاتی رووسیا بڕیاری داخستنی سنووری بە رووی توركیادا دا،یەكەم كارێك ئەردۆگان كردی كۆبوونەوە بوو لەگەڵ بازرگانان و خاوەن كارگە و كۆمپانیاكان، ئەوەی پێگەی ئۆبامای بەهێزتر كرد لە ئەمریكا چارەسەری قەیرانی دارایی ئەو وڵاتە بوو، ئەوەی هیتلەری لە پێگەكەی خۆی بەهێزتر كرد و میللەتی هێنایە ژێر ركێفی خۆیەوە تەنیا هێز نەبوو بەڵكو لەسەرەتادا هەنگاوە ئابورییەكانی ئەوبوو بۆ گەشەپێدانی وڵات.

 

 ئێستاش كە وڵاتانی ئەمریكا و توركیا و ئەوروپا لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا نین, هەرگیز ئامادەش نین دژی بوەستن, چونكە بەرژەوەندی ئابورییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە ئەگەری دەوڵەتبووندا بەرژەوەندییەكانیان زیاتر دەبێت، وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیشیان ئامادەن ئارامی و ئاساییشی دەوڵەتە نوێیەكە بپارێزن.

 

. هەر بۆیە سەرەڕای دژایەتی كردنیان لەئێستاوە لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندییە ئابورییەكانیان زیاتر پەرەپێبدەن, ئەگەر وورد ببینەوە دەبینین دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان دەبێتە دەوڵەت كەرتی ووزە گەشەی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت, چونكە كوردستان نزیكەی 5 تریلیۆن و 28 ملیار بەرمیل لەیەدەگی نەوتی خاو بەدەست دەهێنێت..

 

ئەگەر تەماشای كاردانەوەی كۆمپانیا گەورە جیهانییەكان بكەین كە كار لە هەرێمی كوردستان دەكەن, دەبینین كۆمپانیای دانەغاز بانگەشەی ئەوەی دەكرد زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری لای حكومەتی هەرێمە، نەرمی نواند و بە 1 ملیار دۆلار رازی بوو، حاشا هەڵنەگرە ئەگەر بەپێی پێشبینییەكانی ئەو لە دەوڵەتی كوردستاندا ئارامی بەرقەرار نەبێت و قازانجی ئەو زیاتر نەبێت لە 10 ملیار دۆلار بە 1 ملیار دۆلار رازی نابێت.

 

كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریكی كە دووەم گەورە كۆمپانیای نەوت و گازی ئەمریكایە لە دوای هاتنی داعش كوردستانی بەجێهێشت، ئەگەر 100% و زیاتریش دڵنیا نەبێت لە ئارامی ناوچەكە دوای سەربەخۆیی، نایەت و لەم چەند رۆژەی دواییدا دەست بە هەڵكەندنی یەكەم بیرە نەوت ناكات لە نزیك هەولێر. ئاژانسی جیهانی رۆیتەرز نووسیویەتی" سەرەڕای فشار و نیگەرانی و ناكۆكییەكان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژ بە كوردستان، بەڵام كۆمپانیاكە دووپاتی لەوە كردووەتەوە، بەردەوام دەبێ لە كارەكانی لە كوردستان و ئەمە بۆ ئەوان جێی نیگەرانی نییە". كۆمپانیای شیڤرۆن بە ڕێژەی 80% مافی گەڕان و پشكنینی بۆ دۆزینەوەی نەوت و وزە لەسەر ڕووبەری هەزار و 129 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە كێڵگەی نەوتی سەرتا و قەرەداغ هەیە.

هەر لەم چەند رۆژەدا کۆمپانیای رۆزنەفت بریاریاندا رێککەوتنی نێوان كۆمپانیاكەی و هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێناندا کە پێشتر واژووکرابوو، پەڕەپێبدەن بە چەشنێک کە دامەزراندنی بۆڕییەکی گازی سرووشتی لەخۆ بگرێت کە پێداویستییەکانی وێستگەکان و کارگەکان بە گازی سرووشتی دابین بکات و ئەوەندە گازی سرووشتی زۆر بخاتە بەردەست کە هەناردەی بازارە نێوەدەوڵەتییەکانی وەک تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بکڕیت.

 

چاوەروان دەکرێت رێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمسال تەواوبکرێت و کۆمپانیای رۆزنەفتیش هەستێت بە دامەزراندنی بۆڕییەکە بەپێی سیستەمی BOOT  واتا (درووستکردن، خاوەندارییەتی کردن، بەکارخستن و گواستنەوە) هەروەها بەپێی بژاردنی تەعریفەی درێژخایەن.

نە كۆمپانیای رۆزنەفت و نەهیچ كۆمپانیایەكی دیكەش،ئامادەنین بەرژەوەندییەكانیان بخەن مەترسییەوە ئەگەر دڵنیانەبن لەوەی كوردستان ئارامترین دەوڵەتی ناوچەكە دەبێت.

جگە لەمانە بە گشتی لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 3800 كۆمپانیای بیانی هەیە و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی نزیكەی 4 ملیار دۆلارە، وەبەرهێنانی هاوبةش لةنيَوان وةبةرهيَنةرى ناوخؤ و بيانى  6 ملیار دۆلاری تێەڕاندووە،ئەمە جگە لە چەندین گرێبەست لەگەڵ وڵاتان و گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، كە تاوەكو ئێستا پەیوەندییەكان بەرەو باشی دەڕوات.

 

هاتنی كۆمپانیاكان و جێبەجێكردنی گرێبەستەكان و كردنەوەی كۆمپانیا بیانییەكان ئاماژەیەكە پێمان دەڵێت دوای راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، هەموو ئەو وڵاتانەی كە بەرژەوەندییەكانیان لە كوردستانە پشتگیری تەواو دەكەن و هەوڵی جددیش دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.