Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 20:09

بۆچی له‌ ریفراندۆم ده‌ترسن؟

خۆ ئێمه‌ وه‌ك ئێران مه‌فاعیلی ئه‌تۆمی دروست ناكه‌ین تا دنیا نیگه‌ران بكه‌ین
سالار محمد قادر
100%

 سالار محه‌مه‌د قادر

ریفراندۆم مافێكی سروشتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و له‌ یاسای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان دانی پێدانراوه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی نایاسایی ناكه‌ین.

 

ریفراندۆم پرۆسێسێكه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ ئارامی و به‌ دڵخۆشی و روو له‌ ئاشتیه‌وه‌ به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌چن و پارچه‌ كاغه‌زێك كه‌ ته‌نها نوكه‌ قه‌ڵه‌مێكی تێ ده‌سره‌وێنن و پاشان ‌ هه‌ڵیده‌ده‌نه‌ ناو سندوقێك و ته‌واو! خۆ ئێمه‌ وه‌ك ئێران مه‌فاعیلی ئه‌تۆمی دروست ناكه‌ین تا دنیا نیگه‌ران بكه‌ین، وه‌ك توركیا ته‌یاره‌ی روسیا به‌رناده‌ینه‌وه‌ تا روسیا و ناتۆ بخه‌ینه‌ مه‌ترسی پێكدادان و شه‌ڕی جیهانی، وه‌ك كۆریای باكور تاقیكردنه‌وه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمی ناكه‌ین تا بومه‌له‌رزه‌ دروست بێ و ژینگه‌ی جیهانی پیس بێ و مه‌ترسی ئیباده‌كردن و وێرانكاری له‌ ته‌واوی دنیادا به‌رپا ببێ!

 

ریفراندۆم رای گشتیی میلله‌تێكی مافخوراوی جوگرافیا داگیركراو- كه‌ تا ئێستا دڵی خه‌ڵك و خاكه‌كه‌ی خوێنی كوشت و بڕ و ئه‌نفال و ده‌ربه‌ده‌ری لێده‌تكێ- ده‌رده‌خا بۆ ئه‌وه‌ی رای خۆی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ژیانی له‌مه‌ودوای خۆی بدات كه‌ چۆن بژی، خۆ نه‌هاتوه‌ بڵێ نابێ عێراق سه‌ربه‌خۆ بێ و ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و وه‌سمانیه‌كان، نه‌هاتوه‌ بڵێ نابێ ئێران سه‌ربه‌خۆ بێ و ده‌بێ چیدی نه‌ڵێ مه‌رگ به‌ر ئه‌مریكا! نه‌هاتوه‌ بڵێ ده‌بێ توركیا هه‌قی ئه‌رمه‌نه‌كان بداته‌وه‌ و دان به‌ جینۆسایدكردنیان دابنێ!

 

ریفراندۆم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كورد ده‌ڵێن ئێمه‌ش سای گه‌لانی ئازادی دنیا، چاومان به‌ دنیای ئازاد و تازه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ئێمه‌ش توانامان هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا خۆمان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین و له‌مه‌ودوا چیدیكه‌ پێویست ناكا عێراق ئه‌زیه‌ت بكێشێ و خۆی ماندوو بكات به‌وه‌ی نه‌فتمان بۆ بفرۆشێ و بۆمان بكاته‌ دۆلار و دواتر بیكاته‌ دینار، پاشان به‌ مه‌عاش بۆمانی بنێرێ.. نا پێویست ناكا ئه‌زیه‌تی بده‌ین به‌ڵكو خۆمان ئه‌و ئه‌زیه‌ته‌ ده‌كێشین. پێویست ناكا چیدیكه‌ خه‌می بژێوی ژیانی ئێمه‌ی هه‌بێ و چیدیی ئه‌زیه‌تی ناده‌ین و خۆمان ئه‌و ئه‌زیه‌ته‌ ده‌كێشین.

 

پێویست ناكا له‌مه‌ولا خه‌می پاراستنی سنوری جوگرافیای كوردستانی بێ، خۆمان گه‌نجمان زۆره‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌ و ده‌توانین سنوره‌كانمان بپارێزین، پیویست ناكا ببێته‌ ئاوقات له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كانمان، خۆمان كه‌سایه‌تی ئاست به‌رزمان هه‌یه‌ و جیپلۆماتكاری وامان هه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌ئێوه‌ باڵاتره‌. ئیدی له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه‌ به‌ خۆمان ئه‌زیه‌ت ده‌كێشین و عێراق ئه‌زیه‌ت ناده‌ین و هیچ خه‌می ئێمه‌تان نه‌بێ و وازمان لێ بێنن، ئیمه‌ به‌ڕێی خۆمان و ئێوه‌ش به‌ڕێی خۆتان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.