Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 15:10

ئیلۆن ماسک: ژیریی دەستکرد لە بۆمبی ئەتۆمی مەترسیدارترە و هەڕەشەیە بۆ سەر بوونی مرۆڤایەتی

100%

ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی Tesla وSpaceX، هۆشدارییەکی کۆنی خۆی کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە نوێ کردەوە و ڕایگەیاند، پەرەپێدانی بێ چاودێریی ژیریی دەستکرد دەکرێت ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر بەردەوامیی ڕەگەزی مرۆڤ.

ئەم جەختکردنەوەیەی ماسک دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەردوو کۆمپانیای  OpenAI و Anthropic ئاشکرایان کرد، مۆدێلە نوێیەکانیان لە کاتی تاقیکردنەوەدا توانیویانە سیستەمی کۆمپیوتەریی چەندین دامەزراوە ببڕن. ماسک ئەم ڕووداوەی وەک بەڵگەیەکی کردەیی بۆ ڕاستیی هۆشدارییەکانی پێشووی بەکارهێنا.

ماسک کە زیاتر لە 12 ساڵە لە مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەدوێت، پێشتر پرسیاری ئەوەی وروژاندبوو کە ئایا مێشکی مرۆڤ لە داهاتوودا تەنها دەبێتە بەرنامەیەکی دەستپێکردن (Boot Loader) بۆ ژیرییەکی دیجیتاڵیی بێوێنە؟ ناوبراو لە کۆنفرانسی SXSW لە ویلایەتی تێکساس، گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکردی بە قەیرانی بوونی شارستانییەت ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئاگاداربوونی لە نوێترین داهێنانەکانی ئەم بوارە، ترسەکەی زیاتر کردووە.

سەرەڕای ئەوەی ماسک بەوە ناسراوە کە لایەنگری کەمکردنەوەی دەستێوەردانی حکوومەتە لە کایە جیاوازەکاندا، بەڵام سەبارەت بەم پرسە داوای چاودێریی توندی حکوومەتی فیدراڵی دەکات بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد. ناوبراو گوتی: ناکرێت ڕێگە بدەین هەر کەسێک بیەوێت کڵاوەی ئەتۆمی دروست بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستیی بوونی دەزگایەکی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی پێوەرەکانی سەلامەتی.

جێی ئاماژەیە، هۆشدارییەکانی ماسک لە لایەن چەندین کەسایەتیی دیاری تەکنەلۆژیاوە ڕەخنەیان لێگیراوە؛ لەوانە مارک زوکەربێرگ کە لێدوانەکانی ماسکی بە نا بەرپرسانە ناوبردبوو، هەروەها ستیڤن پینکەری ئەکادیمی کە پێی وایە مەترسییەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر کراون.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.