Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 17:11

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: نرخی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانیاریی نوێ لەبارەی سیستەمی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و چۆنیەتی هەژمارکردنی کرێی کارەبا لە مانگی ڕابردوودا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند نرخی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

 عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە نرخی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و کار ئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت.

عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە پسوولەی ئەم مانگەی کارەبا کرێی 46 ڕۆژی تێدایە، ئەوەش بەهۆی پڕۆسەی فراوانبوونی سیستەمەکە و چاپکردنی پسوولەکانەوە بووە.

 ناوبراو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە ئەو 16 ڕۆژە زیادەیە نابێتە هۆی ئەوەی تاریفەی کارەباکەیان بچێتە خانەی گرانتر، بەڵکو 400 کیلۆواتی یەکەم بۆ ٣٠ ڕۆژەکە هەژمار دەکرێت و ڕۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان دەبێت. هەروەها وتیشی: "مانگی داهاتوو تەنها پسوولەی 14 ڕۆژ بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە."

سەبارەت بە دەنگۆی گرانبوونی نرخی کارەبا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نرخ نەکراوە، چونکە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی ئەوەی نییە و تەنها بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت.

 ڕوونیشی کردەوە کە هۆکاری زیادبوونی بڕی پارەی پسوولەکان بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە: یەکەم، وەرزی زستان و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا؛ دووەم، خوێندنەوەی پێوەر بۆ ماوەی 46 ڕۆژ لەبری 30 ڕۆژ.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەزیز ئەحمەد باسی لە ئاسانکاریی دارایی کرد و ڕایگەیاند: "هەر هاووڵاتییەک لە ڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵی (ئی-پسوولە) لە ماوەی 30 ڕۆژدا پارەی کارەباکەی بدات، داشکاندنی ٢٠٪ی بۆ دەکرێت."

سەبارەت بە قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی (ڕووناكی)، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و مووچەخۆران دەکرێت و قەرزەکان بە شێوەیەکی درێژخایەن وەردەگیرێنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.