Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 14:04

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی حزبی شیوعی چینی دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جین شین جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی شیوعی چین، و تسوی وی باڵیۆزی وڵاتی چین لە عێراق، و لیو جیون کونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانەکە و بەناوی حزبی شیوعی چینی پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە توانیویەتی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەم حزب لەسەر ئاستی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە باس لە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی چینی کرا کە پەیوەندییەکی لەمێژینەیە، شاندی میوان جەختیان لەوە کردەوە وەکو کۆماری چین خوازیارن پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان هەردوولا هەبێت لەبواری ئابووری و بازرگانی و کولتووری و بە بایەخەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانن و پشتیوانیی کۆماری میلـلیی چینیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی کرد و ڕێز و ستاییشی بۆ گەل و شارستانییەت و مێژووی چین دەربڕی و باسیشی لە بایەخی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و حزبی شیوعی چین و هەروەها لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین کرد و هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبێت و زیاتر فراوانتر بکرێت.

هاوکات پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی تازەی فیدڕاڵ و پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.