سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 31ی تەمووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدی 8000 بارزانی ڕایگەیاند: "لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، يادی قوربانییانی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدوادا هات. لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بازرانی دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە".
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوودا، دەڤەری بارزان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستان و سووتان و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە. بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردووانە، بەرگريیان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "حکومەتی فیدراڵ، پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتيی دەستووریی خۆی بەرانبەر بە قوربانیيانی جێنۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانيیانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێ بکات و چیتر مافەکانیان پشتگوێ نەخات".
جەختیشی کردووەتەوە: "خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە و هەرگیز دەستبەرداریان نابێت و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبێتەوە کە هەوڵی داگیرکاری و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.