شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی كرد ئەمشەو شارۆچكەی چۆمان ساردترین ناوچەی هەرێمی كوردستان بێت و پلەی گەرمی تا -20 پلەی سیلیزی دابەزێت، بەهەمانشێوە پێشبینی كرد سبەی دووشەممە لە چەند ناوچەیەكی شاری هەولێر بەفر ببارێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند "ئەمشەو ساردترین شوێنی هەرێمی کوردستان ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت لە شارۆچكەی چۆمان كە پلەی گەرمی ژمارەییەکی پێوانەیی تۆمار دەکات لەنێوان -19 تا -20 پلەی سیلیزی".
راشیگەیاند "لە سنووری پارێزگای دهۆک ساردترین شوێن شارۆچكەی ئامێدی دەبێت كە پلەی گەرمییەكەی -17 پلە دەبێت، هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی ساردترین شوێن شارۆچكەی پێنجوێنە كە پلەی گەرمی -17 بۆ -20 سیلیزی دەبێت".
ئەو شارەزایەی كەشناسی هەروەها رایگەیاند "درەنگانی شەو بۆ کاتی بەرەبەیان دیاردەی شەختە و تەموومژ ڕوو دەدات و پێویسته شوفێران ئاگاداربن، جگە لەوەش بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن، چونکە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت".
ئاماژەی بەوەش دا "سبەی دووشەممە لە کاتەکانی نیوەڕۆ لە هەندێك لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر ئەگەری بڕیکی کەم لە بەفربارین هەیە" .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.