ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترۆز سۆشال رایگەیاند، " دەمەوێت ئێران وڵاتێکی گەورە و سەرکەوتوو بێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل پلانی لەناوبردنی ئێران دادەنێت زۆر زیادەڕەوییان تێدا کراوە و ناڕاستن".
ههر له پەیامەکەیدا ترەمپ ئاماژە بەوەش کرد، پێشنیاری واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کردووە لەبری کردەوەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە وا باشە کە رێککەوتنێکی ئەتۆمی ئاشتیانە و پشتڕاستکراوە هەبێت کە رێگە بە ئێران بدات بە شێوەیەکی ئاشتیانە گەشە بکات و سەرفراز بێت، هەروەها پێشنیازی كرد دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئاهەنگێکی گەورەی ناوچەیی ساز بکرێت.
لهمبارهیهوه عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەگەر کێشەی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە گەڵ ئێران پرسی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەو پرسە ئاڵۆز نییە و دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، چونکە ئێران بەدوای رێگای ئاشتیانەیه بۆ چارهسهر كردنی وزەی ئەتۆمی بۆ کەرتی وزە و بەرگریکردن لەخۆی، نەوەک هێرشکردنە سەر وڵاتانی جیهان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.