پۆلیسی سوید ئاشكرای كرد كە ژمارەی كوژراوان لە ئەنجامی رووداوی تەقەكانی دوێنێ سێشەممە لە شاری ئۆریبرۆ بۆ 11 كەس بەرزبووەوە.
پۆلیسی سوید لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: تا ئێستا كوژرانی 11 كەس لە ئەنجامی رووداوی تەقەكانی دوێنێی شاری ئۆریبرۆ یەكلایی بووەتەوە، بەڵام ژمارەی برینداران تا ئێستا بە دروستی نەزانراوە.
راشیگەیاند: رووداوی تەقەكردنەكە لە قوتابخانەی ریسبەرگسكا لە شاری ئۆریبرۆ بووە كە قوتابخانەیەكە تایبەت بە فێربوونی گەوران.
ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستا هۆكاری تەقەكردنەكە لەلایەن تۆمەتبارەكەوە نەزانراوە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە كەسێك بە چەكەوە چووە ناو قوتابخانەیەك لە شاری ئۆریبرۆ لە وڵاتی سوید و تەقەی هەڕەمەكی كرد، دوای تاوانەكە تەقەی لە خۆشی كرد و خۆشی كوشت.
ئۆڵف كریسترسۆن سەرۆك وەزیرانی سوید لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند "ئەمە بە ئازارترین رووداوی تەقەكردن و كوشتنی بە كۆمەڵ بووە لە مێژووی سویددا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.