ئەو شەپۆلی باران بارینە بەلێزمەیەی ماوەی هەفتەیەکە ڕووی لە ئیسپانیا کردووە، ئەمجارە ناوچەی کەتەلۆنیای باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە.
بەهۆی بارانی بەلێزمەوە کە دوێنێ ئێوارە لە شارەکانی بەرشەلۆنا، جیرۆنا و تاراگۆنا دەستیپێکرد و هەتا کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، هاتوچۆ پەکیکەوت.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری فڕۆکەخانەکانی ئیسپانیا AENA، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بڕی 81 لیتر باران لەسەر مەترێک چوارگۆشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەرشەلۆنا باریوە و، ئاو چووەتە ناوچەیەکی زۆری فڕۆکەخانەکە.
بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی زیانەکانی لافاوەکەوە لانی کەم 50 گەشت هەڵوەشێندراوەتەوە و، 17 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی دیکە نیشتوونەتەوە.
هەروەها بۆ بەرگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی Renfe، بلاویکردەوە کە لە کەتەلۆنیا بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی شار ڕاگیراون.
هەروەها بەرپرسانی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری کەتالۆنیا ئاماژەیان بەوە کرد کە ژمارەیەک گەشتی میترۆ لە بەرشەلۆنە هەڵوەشاوەتەوە و، داوایان لە خەڵکی کرد وریابن.
بەهۆی لافاوەوە ئاو لەسەر هەندێ ڕێگای هاتوچۆ کەڵەکە بووە و، قەرەباڵغی و ڕیزی دوور و درێژ ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا خێراکان دروست بووە.
هاوکات هێڵی شەمەندەفەری خێرا بەرشەلۆنا-تاراگۆنا گەشتەکانی ڕاگرتووە.
بەرپرسانی کەشناسی وڵاتەکە پێشبینی دەکەن ئەو شەپۆلی بارانە بەلێزمەیەی ڕووی لە ناوچەکەیان کردووە دوای نیوەڕۆ نەمێنێت.
بەهۆی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو کە لە 29ی تشرینی یەکەمدا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئیسپانیا ڕوویدا، لانی کەم 217 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئاماژە بەوەیش کرد کە کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن و پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان لە ڤالێنسیا بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.