Erbil 10°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 13:45

ئیسرائیل به‌ مه‌رج ڕێگه‌ ده‌دات هاوكاری و یارمه‌تییه‌كان بگاته‌ غه‌ززه‌

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی ئیسڕائیل ڕایگه‌یاند به‌ مه‌رج ڕێگه‌ ده‌ده‌ن هاوكاری و یارمه‌تییه‌كان بگاته‌ ده‌ست هاووڵاتییانی سڤیلی دانیشتووی كه‌رتی غه‌ززه‌.

نووسینگه‌ی بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ به‌ گه‌یاندنی هاوكاری و یارمه‌تییه‌كان بۆ غه‌ززه‌ له‌ ڕێگه‌ی خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ناده‌ین، ئه‌گه‌ر بارمته‌ و ده‌ستگیركراوه‌كانمان ئازاد نه‌كرێن.

ڕاشیگه‌یاند: حكوومه‌تی ئیسڕائیلیش هیچ هاوكارییه‌ك ناگه‌یه‌نێته‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌بێ ئازادكردنی پێشوه‌خته‌ی بارمته‌ و ده‌ستگیركراوه‌كان.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ناردنی هاوكارییه‌كانیش، ده‌بێت دڵنیایی ئه‌وه‌ بدرێت كه‌ ئه‌م هاوكارییانه‌ ناگاته‌ ده‌ست گرووپه‌ چه‌كداره‌كان.

ئه‌م به‌یاننامه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مشه‌و جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ توانیویانه‌ ئیسڕائیل ڕازی بكه‌ن بۆ ناردنی هاوكاری و یارمه‌تییه‌كان بۆ خه‌ڵكی سڤیلی غه‌ززه‌.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئیسڕائیلییه‌كان داوای دڵنیاییان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوكاری و یارمه‌تییانه‌ بگاته‌ ده‌ست هاووڵاتییان نه‌ك گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ تیدرۆس ئه‌دهانۆم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس گوتبووی: هه‌ر چركه‌یه‌ك له‌ دواكه‌وتنی گه‌یشتنی یارمه‌تی و هاوكاری و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌، له‌ده‌ستدانی رۆحی زیاتری مرۆڤی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو كه‌ حكوومه‌تی ئیسڕائیل ماوه‌ی چوار رۆژه‌ ڕێگری له‌ ناردنی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر سنووره‌كانی وڵاتی میسڕه‌وه‌ بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.