د.جوتیارعادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان رایدهگهێنێت:بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاساییە.
دهقی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ..
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان بەرامبەر گەلی کورد تێدەرپەڕێت کە ئەویش جینۆسایدی بارزانییەکان بوو لە لایەن ڕژێمی بەعسی رووخاو.
كوردبوون، تەنها هۆکاری کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو لە بیابانەكانی باشووری عێراق، ئەمەش لەگەڵ کارەساتە تاڵ و ناخۆشەکانی وەک شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان، هەمووی بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی کورد بوو کە دواجار بووە خەون، و نە بۆ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هاتە دی و نە بۆ هیچ دوژمنێکی دیکەی کوردیش دێتە دی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و دڵخۆشە بەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاساییە.
بە دەرفەتی دەزانین لێرەدا، یاد و یادەوەری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و شەهیدانی کوردستان بەرز و زیندوو ڕابگرین.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
31 تەمموزی 2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.