Erbil 15°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 19:46

راگه‌یه‌ندراوێک له‌ دامه‌زراوه‌ی کوردستان24ـه‌وه‌

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کوردستان24 له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ جارێكی دیكه‌، نووسینگه‌کانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 20 حوزەیرانی 2021 بە بڕیاری ئاسایشی په‌یه‌ده‌ داخرا.

له‌ ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:

له‌كاتێكدا كوردستان24، له‌ رێگه‌ی نووسینگه‌ و په‌یامنێر و تیمه‌كانی، به‌رده‌وام ده‌نگی خەڵکی ئەو به‌شه‌ی كوردستان گه‌یاندووه‌ته‌ جیهان و به‌وپه‌ڕی بێلایەنی و پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كان كردووه‌ و هیچ كاتێك پێشێلی رێسا و یاسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانی نه‌كردووە. كوردستان24 وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی، به‌رپرسیارانە‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه‌ و له‌ هه‌ر به‌شێكی کوردستان له‌ ئاست چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بووه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین، سەرێ کانیێ و گرێ سپی، كه‌ بووه‌ ده‌نگ و ره‌نگی رۆژئاوا و ئاژانسەکانی هه‌واڵی دنیا و كه‌ناڵەکانی ته‌له‌ڤزیۆنی نێوده‌وڵه‌تی، كوردستان24یان كردبووه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی خۆیان و له‌ رێگه‌ی كامێرای تیمه‌كانی كوردستان24ـه‌وه‌ دیمه‌نه‌كانیان ده‌گواسته‌وه‌ به‌ر چاوی جیهان.

داخستنی كوردستان24 پێشێلكارییه‌كی زه‌قه‌ به‌رامبه‌ر ئازادی میدیا و كاری راگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت مافی مرۆڤیش. بەڵگەیەکی دیکەشە لەسەر باوەڕنەبوونی دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان بە ئازادی کاری میدیایی و کپکردنی دەنگی جیاواز.

بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان زۆر بە چاکی راستی کاری کوردستان24 و بەرپرسیارییەتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی دەزانن و باشیش ئاگادارن، کە کوردستان24 هەمیشە لە سەنگەری یەکڕیزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام پێدەچێ ئەو بڕیارە بە فەرمانی شوێنی دیکە، بەسەریان سەپێندرابێت. داوا لە رێکخرەکانی مافی مرۆڤ و کاری میدیایی و داکۆکیکار لە ئازادی رۆژنامەوانی و فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دەکەین، لە دژی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بوەستنەوە و فشار بخەنە سەر ئیدارەی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە ناڕەوایەیان لە دژی دامەزراوەی کوردستان24 هەڵبوەشێننەوە و چیتر رێگری لە ئازادی کاری رۆژنامەوانیی نەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کوردستان24

20/6/2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.