جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردهوه دۆخی ئێستا پشتیوانی ئهنجامدانی ههڵبژاردنی داهاتوو دهكات و راشیگهیاند لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و ههروهها نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوون لەکاتی خۆیدا، هەروەها هیچ لایەنێکی سیاسیش داواکاریەکی پێشکەش نەکردووە بۆ دواخستن یان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان.
دكتۆر بەشیر حەداد لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ داوایەکی فەرمی لە پەرلەمانی عێراق نەکراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، سەرەڕای چەندین لێدوانی میدیایی هەندێک کەس و لایەن بۆ ئەم داوایە، بەڵام جەختی کردەوە "ئەگەر حکومەت یان سەرۆکایەتی پەرلەمان لەڕێگەی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوە داوا ئەمە بکەن، یاخود ده پەرلەمانتار یان لیژنەیەکی تایبەتمەند بەپێی مادەی شهستی دەستور داوای ئەوە بکەن، ئەوە پەرلەمان دەست بە ڕێکارەکان دەکات بۆ ئەو مەبەستە.
ڕوونیشیکردەوە کە پەرلەمانی عێراق ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پاش ئەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تێپەڕاند، هەروەها کێشەی دادگای فیدڕاڵی چارەسەرکرد بە هەموارکردنەوەی یاساکەی.
بەشیر حەداد دووپاتیشی كردهوه، لەئێستادا ڕای زاڵ و گشتگیری حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە ئامادەکاری بەردەوام دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە دهی ئۆكتۆبهری ئەمساڵدا و گریمانەکانی دواخستنی لە ئاسۆدا نییە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانن لە کاتی خۆیدا، و هیچ لایەنێک به فهرمی داوای دواخستنی نەکردووه و هەموو لایەک هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاسایشی هەڵبژاردن و شەفافی و بەشدارییهكی فراوان، کاری هەموو لایەکە و پێویستە حکومەت پابەند بێت بە دابینکردنی ئەو ژینگەیە بۆ مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.