به‌ وێنه‌.. له‌بریتانیا تاقیکردنەوەی چڕ بۆ بەکارهێنانی سەگ لە شەڕی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا

توانای سەگی بۆ ئاشکراکردنی تووشبووانی مەلاریای لەڕێگەی بۆنکردنەوە دەرخست

دامەزراوەیەکی خێرخوازیی بریتانی هەماهەنگی دەکات لەگەڵ زانایانی شارەزا بۆ زانینی ئەوەی ئایا سەگ لەتوانایدایە بەهۆی هەستی بەهێزی بۆنکردنییەوە تووشبووانی "COVID-19" ئاشکرا بکات.

دامەزراوەی "Medical Detection Dogs" هەوڵ دەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ زانایانی شارەزا بۆ مەشق و راهێنانکردن بە سەگ بەمەبەستی ئاشکراکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە خاتوونێکی بەرپرس لەو دامەزراوەی گواستەوە و رایگەیاند، سەگ ئەزموونی هەیە لە دیاریکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و بارکنسۆن و هەوکردنی بەکتریایی لەڕێگەی بۆنکردنی نموونەی وەرگیراو لە نەخۆشەکان، جەختیشی کردەوە، هەروەها لەتوانایدا تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایش ئاشکرا بکات.

لەم تاقیکردنەوەیە دامەزراوەی "میدیکڵ دیتکشن دۆگز"ی خێرخوازی بریتانی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانایان لە قوتابخانەی لەندەن بۆ تەندروستیی و پزیشکی و، زانکۆی "دۆرام" لە باکووری رۆژهەڵاتی بریتانیا بەشداری دەکات.

ئەم راپۆرتە پشت دەبەستێت بە تۆژینەوەیەکی پێشتر کە توانای سەگی بۆ ئاشکراکردنی تووشبووانی مەلاریای لەڕێگەی بۆنکردنەوە دەرخست، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی گوایە هەر نەخۆشییەک بۆنێکی جیاوازی هەیە.

دامەزراوەکە کە بەشداری کردووە لەم تاقیکردنەوە دەگمەنە رایگەیاند، دەستی کردووە بە خۆئامادەکردن بۆ مەشق و راهێنان بە سەگ لەماوەی 6 هەفتەدا، ئەمەش وەک "یارمەتییەک بۆ دابینکردنی دەستنیشانکرنی خێرا بێ خستنەناوەوەی کەرەستەی پزیشکیی بۆ نێو جەستە وەک هەوڵێک بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم پەتایە".

هەروەها سەگ توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاشکراکردنی گۆڕانکاری کەم لە پلەی گەرمای پێست، ئەمەش وادەکات سوودبەخش بێت لەوەی ئایا ئەو کەسە تای هەیە یان نا.

لەم بارەیەوە، خاتوو کلێر گێست، سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەکە گوتی، "لە رووی باوەڕەوە، ئێمە دڵنیاین کە سەگ لەتوانایدایە COVID-19 ئاشکرا بکات".

ئاماژەشی پێدا، لەئێستادا بەدوای "رێگایەکی پارێزراو دەگەڕێن کە لەڕێگەیەوە بۆنی ڤایرۆسەکە لە تووشبووان وەربگیرێت و پێشکەشی سەگەکانی بکەین".

گێست، روونی کردەوە، "ئامانج لەمەش ئەوەیە کە سەگ لەتوانایدایە پشکنین بۆ کەسەکان بکات ئایا هیچ نیشانەیەکی تووشبوونیان هەیە یاخود نا".

گێست، متمانەی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی کە ئەمە "رێگەچارەیەکی خێرا و کارا دەبێت، هەروەها رۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی کەرەستەی تاقیکردنەوەی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتمانی و، پەنا بردن بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لەکاتی زۆر پێویست".

لای خۆشیەوە، ستیڤ لێندسی، لە زانکۆی "دۆرام"ی ناوداری بریتانی پێی وایە، "ئەمجۆرە سەگە مەشق و راهێنان پێکراوانە رەنگە دوای تەواوبوونی تەشەنەکردنی ئەم پەتایە لە فڕۆکەخانەکان بڵاوەیان پێبکرێت، بۆئەوەی ئەو کەسانە دیاری بکات کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن، کە ئەمەش دەبێتە یارمەتییەک بۆ خۆپاراستن لێی و سەرهەڵنەدانەوەی جارێکی دیکە".

ژێده‌ر: Kurdistan CT

ktv

ktv

ktv