نێچیرڤان و سیاسەتی دەرگای کراوە

دوای خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ و سحێلا ئەوە زیرەکی نێچیرڤان بارزانی بوو ئەو قەوارە دەستووریەی پاراست
Thumbnail

  سەرکەوتنی ئابوری سەربەخۆ لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان گەیشتە لوتکە،کە بەرهەمی ئەو سیاسەتە زیرەکانە بوو کە لە رێگایەوە نێچیرڤان بارزانی دەرگای بە سەر هەموو لایەکدا کردەوە،لە ناوخۆی کوردستان و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵلەتیدا.

ئەوانە کە بناغەی پتەوی دروست بوونی کەسایەتی سەربەخۆ و بەرهەمهێنی کوردستانی بوون کە دەرئەنجامەکەی بە سەربەخۆبوونی باشوری کوردستان و ڕاست کردنەوەی هەڵەیەکی سەت ساڵەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرهەق بە گەلی کوردستان دەبوو.

ئەوانە هۆکاری ئەوە بوون کە وڵاتانی داگیرکەر لە سەر هەموو ئاستەکان بکەونە خۆو و هەوڵی لە ناوبردن و فەشەل پێهێنانی بدەن،کە بە دوژمنایەتی سەرلەنوێی بەغدا دەستی پێکرد تا بە دەست دۆیی کردنی ناوخۆیی و ڕادەست کردنی نیوەی خاکی باشوری کوردستان بە حەشدی شەعبی کۆتایی هات،ئامانجی داگیرکەران لەوە گەورەتر بوو،ئەوان پیلانیان بۆ لەناو بردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دانا بوو،کە ئەگەر بۆیان چووبا سەر ئەوە لە باشترین حالەت دەگەڕاینەوە سەر حوکمیزاتیە کارتۆنیەکەی سەردەمی بەعس و ئەوانەی بوونە داردەستی حەشد شەعبی بە زمان و جلوبەرگی کوردی باسی مەزنی و خۆشەویستی عێڕاقیان بۆ دەکردین.

دوای خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ و سحێلا ئەوە زیرەکی نێچیرڤان بارزانی بوو ئەو قەوارە دەستووریەی پاراست،بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نەرم هەروەها دانانی کۆمەڵێک تەلەی سیاسی و ئابوری کە عەبادی و ئەوانەی دەستیان لە پشت دەدا زوو تێی کەووتن.

لە رۆژەکانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر زۆر کەس و لایەن گلەیی ئەوەیان لە نێچیرڤان بارزانی دەکرد کە زیاد لە پێویست نەرمی بەرامبەر هەڕەشەکانی عەبادی دەنوێنێ، لە هەمان کاتدا زۆر ناوەندی جیهانی و کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی بە سەرسوڕمانەوە لێکدانەوەیان بۆ لێدوان و هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکرد بەوەی لە هەڵسوکەوت و عەقڵی سیاسیەکی رۆژهەڵاتی ناچێ و مۆدێلێکی نوێیە لە سیاسەت کردن،چونکە بە سیاسەتی نەرم و هەنگاوی لۆژیکی توانی شکست بە پیلانی چەند لایەنە لە دژی هەرێمی کوردستان بێنێ کە دەستی ناوخۆیی و رێکەوتنی ئیقلیمی و بێدەنگی نێودەوڵەتی لە پشتەوە بوو.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەی نیشاندا کە لەو رۆژگارەی کەسانێک شاباشیان بۆ سەرکەوتنەکانی حەشدی شەعبی و لەناوچوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لێدەدا،ئەو بە کردار نەک بە گفتار هەنگاوێکی دیکەی هاویشت و ئابلوقەی چەسپێندراوی سەر هەرێمی کوردستانی تێکشکاند و دەرگاکانی وڵاتان بۆ پێشوازی کەوتنە سەر پشت.

ئێستا کە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەربژێرە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پۆستە وەردەگرێ، بە هەمان روحیەتی پێشمەرگانەی سەرۆک بارزانی مەزنی بە پۆستەکە دەبەخشێ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی،هەر لە دوای سەرکەوتنی مەزنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێڕاق و کوردستان و ناوزەدکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت کۆمپانیا جیهانیەکان دەستیان بە وەبەرهێنان کردۆتەوە و کۆمپانیای دیکەش هاتوون و چاوەڕوان دەکرێ کۆمپانیاگەلێکی دیکەش ڕووبکەنە کوردستان چونکە دڵنیان کە دەرفەتی کار و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دڵنیایی لە پشتەوەیە،دڵنیایی سیاسی و ئابوری و ئەمنی. ئەوجارەیان سیاسەتی دەرگای کراوە بە هەمان بەها و تێگەیشتن و کارکردن دەرگا بەسەر بوژانەوەی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاسایشی زیاتر و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەکاتەوە.