سەبارەت بە باشوور و رۆژئاوا.. قۆناغێك و دوو ھەڵوێستی جیاواز

خاڵی ھەرە سەرەكی لە لاوازبوونی ھەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان، بوونی پەیوەندییەكی گوماناوی لە نێوان ئیدارەی كوردی لە رۆژئاوا و رژێمی بەشار ئەسەدە
Thumbnail

لە دوای ھێرشەكانی رژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر كوێت و دواتر ئەنجامدانی پرۆسەی گەردەلوولی بیابان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا، كە كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری كوردستانی لێ كەوتەوە، لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری دا بە دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی گەلی كورد لە ھێرشەكانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق، ئەوەی ئێستاش لە رۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات، ھەمان قۆناغی باشووری كوردستانە، بەڵام ھەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیاوازە، ئەوكات بێ دوودڵی پاڵپشتیی كوردیان كرد، بەڵام لە ئێستادا جیاوازی لە نێوان وڵاتاندا ھەیە تایبەت بە پاڵپشتیكردن لە كورد، بۆیە دەكرێ بڵێین، كۆمەڵێك ھۆكار لە دواوەی ئەم ھەڵوێستەن.

 

ئەوكات لە باشووری كوردستان پێش گۆڕانكارییەكان كورد ئامادەكاریی خۆی كردبوو و بەرەی كوردستانی پێكھاتبوو، ھەموو ھێزە كوردستانییەكانیش لە چوارچێوەی ئەم ھاوپەیمانییەدا بڕیاری كاری ھاوبەشیان دابوو، بەڵام ئەوەی ئیستا لە رۆژئاوادا ڕوودەدات پێچەوانەیە، لێكترازان و دژایەتیی یەكتر لە نێوان حیزبە سیاسییەكانی رۆژئاوادا بوونی ھەیە، هەروەها دەیان كادیری سیاسیی حیزبە ڕكابەرەكانی پەیەدە لە بەندیخانەكانی ئیدارەی ڕۆژئاوان، توركیا و ئەردۆغان چەندین جار ئەوەیان دووپات كردۆتەوە كە لەبەر دیكتاتۆریەتی پەیەدە خەڵكی ناوچەكە ناگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، بە دڵنیاییەوە ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جیددینەبوونی وڵاتان لە پاڵپشتی بۆ رۆژئاوا ھەیە.

 

توركیا چەندە لە ئێستادا دژایەتیی دروستكردنی ناوچەی ئارام دەكات لە سووریا، بە شێوەیەك كورد باڵادەست بێ تیاییدا، سەدان ئەوەندەش زیاتر ڕێگر بوو لە دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستانی باشوور، پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، بۆچی لە ساڵی ١٩٩١ توانرا توركیا رازی بكرێت و لە ئێستادا نەتوانرا رازی بكرێت و ناوچەی ئارام بە شێوەیەك بێت ھەم كورد بگات بە ئامانجەكانی و ھەم توركیاش رازی بكرێت؟ كە بێگومان ھۆكاری سەرەكی، پەیوەستبوونی پەیەدە بوو بە قەندیل و بەرزكردنەوەی وێنەی ئۆجەلان و دروشمەكانی پەكەكە بوو، بەو ھۆكارەی تاكو ئێستاش پەكەكە لە لیستی تیرۆری توركیا و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریكادایە.

 

سەركردایەتیی سیاسیی ئەوكاتی باشووری كوردستان، خۆی یەكلا كردەوە لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و بە شێوەیەكی بنەڕەتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ڕێككەوت لەسەر شێوازی حكومڕانی لە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس، بەڵام لە رۆژئاوادا لەلایەك دژایەتیی ئۆپۆزسیۆن كرا كە لە ئێستادا بەشدارن لە ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و لەلایەكی ترەوە ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتیی نەكرد لەگەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا سوودی لێ وەربگرێت، ئەوەتا ئەنجامەكەی نیوەی خاكی رۆژئاوای ڕادەستی سووریا و ھێزەكانی ڕووسیا كرد و بەشێكی تری لەلایەن توركیاوە داگیر كراوە، لە ھەمان كاتدا ئەمەریكییەكان خاكی ڕۆژئاوا جێدەھێڵن، ئەمەش وای كردووە كوردانی رۆژئاوا بەتەنیا بمێننەوە.

 

ئەوەی وای كرد بڕیاری دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین لە باشوور بێتە ئاراوە، تێكشكاندنی ھێرشی سەربازیی عێراقی بوو، ئەمەش لە رێگەی كۆكردنەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر سەركردایەتییەكی یەكگرتوودا، بەڵام ئەوەی لە رۆژئاوادا دەبینرێت، دروستكردنی دەیان ھیزی جیاوازە لە ژێر سەركردایەتیی جیاواز و ناچاركردنی میللەتە بە سەربازی زۆرەملێ و هەروەها بێبەشكردنی لەشكری ڕۆژ لە گەڕانەوە و بەرگریكردن لە ئەزموونی ڕۆژئاوایە، كە بە دەیان ھەزار پێشمەرگەن، بۆیە دەكرا یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی ھاوكێشەی ھێز لە بەرژەوەندیی كوردان و دروستكردنی كاریگەری لەسەر گۆرینی ھەڵوێستی وڵاتانی بڕیاربەدەست.

 

خاڵی ھەرە سەرەكی لە لاوازبوونی ھەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان، بوونی پەیوەندییەكی گوماناوی لە نێوان ئیدارەی كوردی لە رۆژئاوا و رژێمی بەشار ئەسەدە، مانەوەی دەزگا ھەواڵگرییەكانی رژێم لە شار و شارۆچكە كوردییەكان، ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری ھەیە لەسەر بێھەڵوێستیی وڵاتان بەرامبەر ھەڵمەتە داگیركارییەكەی توركیا، بە شێوەیەك لەوە گەیشتوون ئەو ھێزە كوردیانە تەنھا وەك بەشێك لە ھێزەكانی سووریا مامەڵە دەكەن و لە ھەر كاتێكدا ئەو ناوچانە ڕادەستی دیمەشق دەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی باشووری كوردستانە، كە لەگەڵ دروستكردنی ناوچەی دژەفڕیندا، حكومەتی عێراق تەواوی یەكە ئیداری و سەربازییەكانی لەو ناوچەیەدا كشاندەوە.