ئایا هەموو نووسەرێك ڕۆژنامەنووسە؟

تا ئێستا زۆر لە ڕۆشنبیرو خوێنەران، (نووسەر و ڕۆژنامەنووس) لە یەكدی جودا ناكەنەوە
Thumbnail

تا ئێستا زۆر لە ڕۆشنبیرو خوێنەران، تەنانەت ئەكادیمی و گەورە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانیش، (نووسەر  و ڕۆژنامەنووس) لە یەكدی جودا ناكەنەوە، بە كورتی و بە كوردی ، نووسەر بەو كەسە دەگوترێت كە بابەتێكی سیاسی ،مێژوویی، زانستی(بە هەموو بەشەكانییەوە)، ئەكادیمی، ئەدەبی(بە هەموو ژانرو لقەكانییەوە)، ئابووری، كۆمەڵایەتی، هونەری..تاد، دەنووسێت بۆ ڕۆژنامە یان گۆڤار یان بۆ ڕادیۆو تەلەفزیۆن.

یاخود كتێبێك دەنووسێت لە هەر بوارێكدا بێت، بەڵام ڕۆژنامەنووس ئەو كەسەیە كە بە كردەنی (فعلی) لە ڕۆژنامە یان گۆڤار یان بەشی نووسینی ڕادیۆ یان تەلەفزیۆن (هەندێك جار بێژەریش دەگرێتەوە)، كاردەكات واتا دەوام دەكات، وەك(پەیامنێر، وەرگێڕ، هەواڵساز، هەڵەبڕ، دیزاینەر، تاد)، بۆیە دەكرێ ڕۆژنامەنووس (نووسەرو هونەرمەندیش) بێت.

بەڵام ئەگەر یەكێك لەو شوێنانە كارنەكات، باڵاترین بڕوانامەی هەبێت و باشترین وتار یان ستوون و بەدواداچوونی سیاسی و ئەدەبی و هونەری .. تاد، بنووسێت، ئەوە پێی دەگوترێت( نووسەر)، بەڵام وەك ڕەخنەیەك (بەداخەوە) سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا بە هێنانی پشتگیرییەك لە دەزگایەكی میدیایی مافی ئەندامێتیی بە سەدان كەس داوە،  كە ڕەنگە لەوانە 10%یان ڕۆژنامەنووس بن، گرفتیش نییە  ئەگەر ماوەیەك لە ڕۆژنامە وەك مەرج و پیشەكانی سەرەوە كاری كردبێت، بەڵام لەبەر هەر هۆیەك وازی هێنابێت، یان ڕووی لە بژێوێكی دیكەی ژیان كردبێت، ئەوە هەر ڕۆژنامەنووسە، ڕەنگە دەرفەتێكی دیكەی بۆ بڕەخسێت و كاربكاتەوە.

(تێبینی ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمە بە كوردی و بە كورتییەكەیەتی).