پرسەکه هەر دوو کورسی  نیه !

 پارتی لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانی نه گۆڕ بەردەوام باج دەدات
النسخة المصغرة


یونس حەمەد - ئۆسلۆ

دوای ئەوەی له 2003 ڕژێمی سەدام ڕووخا، کورد گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی پرسەکەی پرێنسپە یاسایەکانی نێودەوڵەتی لەخۆ بگرێت، زۆر بەدڵێکی فراوانەوە کورد بەگەڕانەوەی یاسایی دڵخۆش بوو ، بەڵام سیستەمی ئەمجارەی بەغدا له سوونەوە گۆڕدرا بۆ شیعە، بەواتای سیستەمێکی نوێی حکومڕانی له بەغدا جێگربوو کوردیش سەرەتا بەوە دڵخۆشبوو که ئەوانەی هاتوونەتە سەر تەختی دەسەڵات دۆستی کۆنن و مافی کورد لەسەر دەستی ئەوانەوە مسۆگەرە، سەرەتا بۆ ئەوەی نیەت نیشان بدەن هەندێک کاریان کرد، لەوانه نووسینەوەی دەستوور که هەموو یاسایەکی حکومڕانی لەخۆ دەگرێت ، کەچی دواتر وا دەرنەچوو وەک ڕژێمەکانی پێشوو له مافدانی گەلی کوردستان پاشەکشەیان کرد تاگەیشتە ئەوەی چەك دژی بەکاربێت وەک ئەوەی له  16ی ئۆکتۆبەری شووم دا ڕوویاندا ! 

هەڵبژاردن یەکێکه لەو سیستەمانەی بۆ دیموکراتیەت دەشێ و ڕەوایه، دەسەڵاتی بەغدا ئەو مافەی هەڵبژاردنی بۆ خۆی سانا و بۆ خەڵکانی دیکه گران کرد، ( فرت و فێڵ) لەلایەک و پێشێلکاری ونادادی لەلایەکی دیکەوە وایان کرد که ئەم پرۆسەیه به هەند وەرنەگیرێت و هاوڵاتی متمانەی پێ نەبێت!.. پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکه له ڕاسترین و گەورەترین پارتەکانی ناوچەکه سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرای هەیه چ پەیڕەو یان مامەڵەو حکومڕانی، بەرژەوەندی گشتی هەمیشە لەسەرەوەی هەموو بابەتێکی ترەوە بووە ، لەملاشەوە دەبینین خەڵکانی دیکەش هەن که تەنیا بەرژەوەندی خۆیان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکی دیکەوەیه !


 پارتی لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانی نه گۆڕ بەردەوام باج دەدات ، جا هەندێک جار ئەو باجانه دەکاتە قوربانی خاک و نیشتیمانی کوردستان، چونکه پارتی هەڵقوڵاوی نێو جەماوەرە و جەماوەرەکەی هەمیشە دەنگیان داوەتی و لەپێشەنگدا خۆی دۆزیوەتەوە.. پارتی یەکەمه له ڕووی جەماوەریەوە پلەی بەرزە ، له هەڵبژاردندا هەمیشە براوەیه، دۆست ڕێزی دەگرێت و له هەمبەردا دووژمن ئاماژە دەکات و دوور و نزیک لێی ڕادەمێنێت، چونکه باش لەوە گەیشتووە که پارتی له هیچ حاڵەتێکدا خۆی ناچەمێنێت.

 بەڵێ زۆر به ناهەق دوو کورسی له پارتی سەندرا ، پرسەکه دوو کورسی و چەند کورسیەک نیه، پرسەکه زۆر لەوە گەورەترە به هەژماری کورسی بێت، لە پرۆسەیەک دا که جیهان شاهیدی بۆدا چ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی ئەو ڕێکخراو و گڕووپانەی که چاودێری هەڵبژاردنیان کرد به پاک وبێگەردیان ناو هێنا ، کەچی بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر پێش نەکەوێت دوو کورسیان لێ کەمکردەوە ! 

 سیستەمی دەسەڵاتی ئێستای بەغدا له ڕووی ستەمکاریدا  هیچی لەوانی دیکەی پێشوو وپێشووتر کەمتر نیه ئەگەر زۆرتر نەبێت ، هەموو ڕژێمەکانی پێشوو وپێشووتریش کوردیان بەتایبەتی پارتی یان تاقی کردۆتەوە و نەیانتوانیوە بەسەر پارتی وڕێبازی بارزانی تێبپەڕن ،چونکه هەڵوێستی پارتی هەمیشە جێگای بڕوا ومتمانەی کوردستانیان بووە ، هەربۆیە دەبینین هەمیشە سەرکەوتوو وسەرفراز بووە ئەمەش نیشانەی کار وکردەوەکانیەتی .

 مخابن ئەوەی ئێستا دەگووزەرێت بەپاڵپشتی هەندێک کورد دەسەڵاتی بەغدا زەبر وزەنگ دژ به کورد ئەنجام دەدات ،بەڵام تا کۆتایی هیچ زەبر وزەنگێک توانای نیه تاسەر بێت ، بەتایبەت بەرانبەر به کورد و پارتی کە زۆر تاقیکراوەتەوە و خۆی نەچەماندووە، دواتر به سەرکەوتوویی لێ دەرچووە و ئەوانیش واتا زەبر وزەنگاویەکان سەرشۆڕانه له گۆڕەپانەکەدا دەرچوونه .