شۆڕشی مەزنی ئەیلول ناسنامە و پێناسەی گەلێكی ستەملێكراو

دووبارە هیوا ومتمانه بۆ درێژەدان به ژیانی بەرخوودانی وخەبات له پێناوی گەلی کورد گەڕایەوە
Thumbnail

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

لەسەردەمی مێژووی هاوچەرخدا بۆ گەلی کوردستان شۆڕشی مەزنی ئەیلول به ڕابەرایەتی باوکی ڕووحی نەتەوەیی بارزانی نەمر وەچەرخانێکی مێژوویی وگرینگ بوو ، لەم شۆڕشدا کورد پەیامێکی دایه جیهان که تا کوردێك مابێت خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەل ونیشتیمان بەردەوام دەبێت .

شۆڕشی ئەیلول پێناسەیەک بوو بۆ ناسناندنی گەلێك به جیهان و ڕابەر وسەروەری ئەم خەباتش بارزانی نەمر وەک چەترێك تووانی گەلی کوردستان یەکبخات و دەستکرا به تێکۆشان که تائێستاش کاریگەریەکانی ئەم شۆڕشە مەزنه لەنێو دڵ ودەروونی تاك وکۆمەڵی کوردی دا ماوە .

کات وساتی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول لە سەردەمێکی هەستیار و واقعیبینی سەری هەڵدا، هەر بۆیه دووبارە هیوا ومتمانه بۆ درێژەدان به ژیانی بەرخوودانی وخەبات له پێناوی گەلی کورد گەڕایەوە ، دوای ئەوەی بەهۆی ڕووخانی کۆماری کوردستان له مەهابادی چوارچرا وله پێش چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ئەو سەردەم تا ڕادەکی زۆر بێ ئومێدی باڵی خستبووە سەر کوردستان، متمانە و گرنگیدان به پرسی کورد گەیشتبووە خاڵێك که هیچ کوردێك ئاواتی بۆ نەدەخوازی ، بەڵام که دووبارە شۆڕش هەڵگیرسایەوە هیواکان زیاتر پەرەی سەند و خەڵکی کوردستان به پیر شۆڕشەکەوە چوون ،بەمەش جارێکی دیکه خەبات دەستی پێکردەوە .

له یازدەی ئەیلولی ساڵی 1961دا گەلی کورد بڕیاری بەرگری له خاکی کوردستاندا ، کورد تەبا ویەکڕیز و بەورە بەرزییەوە دەستیان دایه چەکی شەرەف بۆ بەرگریکردن له گەل ونیشتیمان بۆیه هەر زوو تەواوی گەل بوونە هێزێکی پتەوی بەرگری، ڕۆژ له دوای ڕۆژدا شۆڕش پەرەی سەند لێرەدا وانەکانی کوردایەتی زیاتر لەناو دڵ و دەروونی گەل دەچەسپا ..

ڕژێمە یەک له دوای یەکەکانی بەغدا له گرینگی ئەو خەباتە گەیشتبوون بۆیه هیچ ڕێگایەکیان لەپێشدا نمابوو تەنیا ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت مافی گەلی کوردستان بدەن ، ئەوەبوو له یازدەی ئاداری 1970 بەغدا ناچار کرا مافی گەلی کورد به ڕێکەوتننامەیەکی میژوویی مۆر بکات که بووە بەڵگەنامەیەکی گرینگ بۆ مێژووی خەبات وتێکۆشانی بزاڤی گەلی کوردستان ، شۆڕشی ئەیلولی مەزن به تەنیا ئەوەنەبوو شۆڕش و خەباتێکی چەکداری بێت، بەڵکو خۆی له خۆیدا دەوڵەتێک بوو به هەموو مانا سرووشتیەکانی ژیان ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و هێزە چەکدارەکان پێشمەرگەی به سیستەمێکی یاسایی ، ڕایی کردنی مامەڵەی هاوڵاتیان ، بواری پەروەردە و دابینکردنی ئارامی وئاسایش هەر هەمووی له پڕینسپە هەرە مەزنەکانی شۆڕشدا بوون هەر ئەمەش وای کرد خەڵك زیاتر متمانەی بەو شۆڕشە هەبێت.. بارزانی نەمر ڕابەڕی شۆڕش کەسایەتیەکی کاریزما ببووە هێمایەك له بەرگریکردن له مافەکانی گەلی کوردستان بەمەش به لێهاتووی و تووانای نەوەك تەنیا کورد ،بەڵکو تەواوی گەل و ئایین و ئاینزاکانی دیکەی له دەوری شۆڕش کۆکردەوە ئەو ڕۆڵەی کورد لەناو شۆڕشدا پێدەدرا بەهەمان شێوە گەل وئاینەکانی دیکەش ئەو پلە وپایانەیان وەردەگرت بێ ئەوەی هیچ توانج وڕەخنەیەك بوونی هەبێت هەر بۆیە کوردستانیان بەهەموو چین وتوێژەکانیانەوە به گەرمییەوە ڕوویان لەم شۆڕشە مەزنەدا دەکرد .

پەیامە گرینگیەکەی شۆڕش ئەوەبوو که گەلێکی ستەم و زوڵملێکراو هەیه خاکی داگیرکراوە و ژیان ومێشکی گەلەکەشی هەمیشە تووشی دڵەڕاوکی کردووە!.. پەیامی ئەیلول ئەوەی به جیهان گووت که تا بەدەستهێنانی یەکجارەکی مافەڕەواکانی گەلی کوردستان له خەباتکردن سل ناکات و بەردەوام دەبێت . گەڕانەوە بۆ مێژوو یەکێكه له خاڵە هەر بەهێزەکاندا ، ئەگەر بەهەنگاو بگەڕێنەوە مێژوو دەبینین شۆڕشی ئەیلول هەوێنێك بووە بۆ هەموو داخوازییەکانی گەلی کوردستان ، ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنانەی که گەل بەدەستی هێناوە بنچینە سەرەکییەکەی بۆ شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەگەڕێتەوە ،چونکه گەلی کوردستان وانەکانی کوردایەتی لەم شۆڕشەدا وەرگرتووە هەر بۆیه ئەیلول بووە ناسنامە و پێناسەی گەلێکی ستەملێکراو.