تەکنه‌لۆژیای کۆمەڵایەتی بەرەو کوێ ؟

نەریتەکه گۆزراوەتەوە نێو سیاسەتمەدار و گەورە لێپرسراوانی جیهان وسەرۆك وڵاتان
Thumbnail

لەسەرەتای دووهەزارەکانەوە ژینگەی ژیانی جیهان تا ڕادەیەك وەك ساڵانی پێشوو نەما ،بەڵکو پێشکەوتنێکی بێ بەرنامەی کۆمەڵایەتی بەخۆوە بینی ، جالێرەدا تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بەشی شێری ئەم ته‌کنه‌لۆژیا بێ بەرنامەیەی بەرکەوت..

ئەگەر چی جاران ئەستەم بوو هەواڵ به سانایی بگات ، بەڵام ئێستا نەوەك بەسانایی دەگات ،بەڵکو خوودی هەواڵەکه لەبەردەستە ، بەڵام ئاخۆ ئەو هەواڵ وبابەتانەی دەگاتە بەردەست تا چەند ڕاست ودرووستن ، له سەردەمی جەنگە جیهانی وهەرێمایەتیەکانی پێشوودا زۆربەی ئەو هەواڵانەی دەگەیشتنە بەردەم مرۆڤ یاخوود خوێنەر زیاتر حکومی بوون ، یا ئەوەتا چەند وەزارەتێك پەیوەست بوون بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ وەك دەزگاکانی ڕۆشەنبیری وڕاگەیاندن و بەرگری وناوخۆ .

چونکه زیاتر بابەت وبڵاوکراوەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدابوون و هەموو کەسێك نەدەگەیشتە ڕاستی ودرووستی گەشبینی یا ڕەشبینی هەواڵەکان هەر بۆیه زیاتر خوێنەر ڕووی خۆی له بوارەکانی هۆزان وشیعر و چیرۆك وەرزش دەکرد ، وەك بڵێی بۆیان ساناتر بوو تا شی بکەنەوە.. لە دوای دوو هەزارەکان یان له کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کرانەوەیەك بەڕووی جیهاندا کرایەوە سەرەتا به کەناڵە ئاسمانییەکان دەستی پێکرد که جوولەیەکی خستە بەردەم بینەر که پێشتر بۆی نەبوو لەیەك دوو کەناڵ زیاتر ببینێت .

بەڵام کەناڵە دوور مه‌وداکان کەلەنێکی گەورەی پڕ کردەوە بۆ سەیرکردنی حەز وئارەزووەکان به تایبەت حاڵەتی نامۆ هاتنه نێو کۆمەڵگاکان هەندێك سوود بەخش وهەندێکی دیکه زیان لێکەوتە بوون ، دواتر ئامێرێکی پێشکەوتووتر هاتە نێو ژیانی کۆمەڵگا که له کەناڵە ئاسمانیەکان خێراتر وێناکرا ئەویش (مۆبایل) که کاریگەری یەکجار زۆری خوڵقاد بەتایبەت له پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا وگەیشتن به سانایی بۆ یەکتر له مەشدا حاڵەتی ئەرێنی وباش بەرچاوکەوتن له بەرانبەردا خاڵە نەرێنیەکانیش ڕۆڵێکی ناشیرینیان بینی ،سەرەڕای لەم کاتانەشدا تا ڕادەیەك هێڵەکانی ئە نتەرنێت ڕۆڵیان هەبوو له گەیاندنی پەیام بە ( ئیمایل) وەك ( هۆتمایل و یاهوو ) وچەند ئامرازێکی دیکەی تیلگرامی نووسین و ماڵپەڕ و سایتەکان

 بەڵام هیچیان وەك وەی ئێستا کاریگەریان نیه که له هێڵەکانی ئە نتەرنێت بەرچاو دەکەون ،بەنموونه تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەك (فیسبووك و توێتەر)، وێڕای تۆڕە دەنگیەکانی وەك ( ڤایبەر ووات ساپ) زۆرانی دیکه بوونه بابەت وهەواڵی نێو گیرفانی هاوڵاتی ,بەمەش هەواڵ وبابەتەکانی ڕۆژ وکاتی زیاتر ڕاستگۆییان لەدەستداوە لە بڕی ئەوەی به قوڵبوونەوە ئاماژە به گرینگی و پێداچوونەوە بەو ئامیرانەی تۆڕە کۆمەڵایتیەکان بکرێتەوە ، دەبینرێت ڕۆژ له دوای ڕۆژدا زیاتر هەست وئاستە نەرێنیەکانی نێو کۆمەڵگاکان بەرەو ئاستيکی ناشارستانی وله هەمان کاتدا نادیار هەنگاو دەنێت

نەوەك به تەنیا له نێوان خوودی هاوڵاتیاندا ، بەڵکو نەریتەکه گۆزراوەتەوە نێو سیاسەتمەدار و گەورە لێپرسراوانی جیهان وسەرۆك وڵاتان ، وەك چاو ڕوونی دەبینین ئەوە ماوە ماوە کێشە دەکەوێتە نێوان ( توێتەر) و دۆناڵد تڕمپ که زۆرجار گەیشتۆتە ئاستی گەڤ و تووندی بەرەو دادگاکان ،یان هەڕشەی داخستنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانه .

یان لەلایەن لێپرسراوانی وڵاتان له بڕی لێدوانی فەرمی ئەوە پۆستێکی (فیسبووك یان توێتەر ) دەبنە زمان حاڵی نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر ، لەسەردەمی (کۆڕۆنا)شدا دەبینین تا ڕادەیەکی زۆر تاکنالۆژیای کۆمەڵایەتی له بڕی بینینی ڕۆڵی باش وئەرێنی ڕۆڵەکەی زیاتر ئەرێنی وناشیرینه ، هەر کەسەو بێ ئەوەی له خاڵە تەندرووستیەکان بزانێت دێتە سەر خەت و قسەی خۆی بێ بەڵگەی تەندرووستی دەخاتە ڕوو بێ ئەوەی بزانێت تا چەند قسە وئاخفتنەکانی سوود بەخشن بۆ کۆمەڵگا ،یان ئەوەتا به نووسینی بابەتی درێژ و یا کوورت و به بێ داڕشتنێکی زمانەوانی درووستی ڕێزمانی سەردەم وستاندارت وبەهەڕەمەکی دەیان خاتە بەردەم خوێنەر ..

خاڵە گشتیەکه ئەوەیه که زۆر پرسیاری لێ درووست دەبێت ئاخۆ تاکنالۆژیای کۆمەڵایەتی بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت ، ئایا ئایندەی ئەم جۆرە ئامێرانه به کوێ دەگات ، ئەمە پرسیاريکه زۆر هەڵدەگرێت ، چونکه بیگوومان له ئایندەدا نەوەیەکی دیکه ئەم ئامێرانه بەکار دێنن دوور نیه به پێچەوانەی نەوەی ئێستا بێت که خاڵە ئەرێنیەکان زۆرتر بێت له نەرێنیەکان دا.

. یونس حەمەد ـ ئۆسلۆ

 

 

 

Type a message...

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ