ئاشتی کەنداو و ئیسڕائیل بەردەوامی هەیه !

کێشەی میرنیشنەکانی کەنداو بەمشێوەیه ئاسان نیه که خەڵكەکه لێی دەڕوانێت
Thumbnail

یونس حەمەد -ئۆسلۆ

دوای کەمتر له دوو مانگ له ڕێکەوتنی نێوان میرنیشینی عەرەبی یەکگرتوو و ئیسڕائیلدا پاشانشینی بەحرێن هەمان ئەو ڕێچکەی گرتەبەر و ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل لەسەر زاری دۆناڵد تڕەمپ ڕاگەیاند وبڕیاریشە ڕۆژی سێشەممه 15/9/2020 له باخچەی وایت هاوس له واشنگتۆن ئەم ڕێکەوتنه ئاشتیە مۆر بکرێت . پاشانیشینی بەحڕین یەکێکه له بچووکترین دەوڵەتە دانپێنراوەکانی جیهانی کۆی دانیشتووانی ناگاتە دوو ملیۆن ونێوەی زیاتری دانیشتووانەکەی کارکەر و بیانین و دوورگەیەکی بچووکی کەنداوە،

بەحڕێن گەشە وئاستی ژیانی ئابووری بەرواوورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکه یەکجار بەرزە و هەمیشە ڕووی له گەشەکردندایه، بەڵام ئەوەی ترسە که ئەم پاشانیشیە لێی نیشتووە جوگرافیەکەیەتی کە له نەخشەی دەریاوە دەکەوێتە باشووری گەورەترین وڵاتی ناوچەکه که ئەمیش ئێرانه ، ئێران ئەگەر چی وەك ڕووکەش پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ پاشانشینی بەحڕێن دا هەیه ، بەڵام هەمیشە له کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکاندا نایشارێتەوە که بەحڕێن بەشێکه له ئێران ئەمەش بۆتە ترسێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ ئەم دوورگە بچووکه که ساڵی 1971 له ژێر فەرمانی بەریتانیای گەورە دامەزراوە، بەحڕێن وەك وڵاتانی دیکەی کەنداو لەنەخشەیەکی جوگرافیای بەرتەسك و پڕ کێشەدایه و ئەگەر چی هاوڵاتیانی لەدامەزراندنیەوە تا ئێستا دووچاری هیچ کێشەیەك نەبوونەتەوە ، بەڵام بەردەوام هەست دەکەن هەڕەشەیان لەسەرە هەڕەشەکانیش له سەرەوەی باکووری دەریاوە بۆی دێت !

دوای داگیرکردنی میرنیشینی کوێت لەلایەن سوپای عێڕاقەوە دواتر پەرەسەندنی جمووجۆڵ و دەستێوەردانەکانی سیاسی و سەربازییەکانی ئێران له ناوچەکەدا بەئاشکرا میرنیشینەکانی کەنداو هەستیانکرد که هەڕەشەکان لەوان نزیک بۆتەوە بۆیە له دوای ئەلتەرناتیفی نوێ دا دەگەڕێن بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی ڕوونتر بۆ وڵاتەکانیان ، ئەگەرچی تا ڕادەیەكی باش کەنداوییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا که هاوپەیماێتیەکی ستراتیژی ئیسڕائیلە له ناوچەکەدا به واتا پەیوەندییان ئەگەر به ئاشکراش نەبێت له ژێرەوە ئەو ئاڵووگۆڕە پەیوەندیانه هەیه ، بەڵام ئەمجارەیان وا بەباش زانرا ئاشکرابوونی خۆی ڕابگەێنێت ، ڕێکەوتنە مێژوویی و ئاشتیانەکەی میرنیشینی عەرەبی و ئیسڕائیل وەچەرخانێکی مێژوویی بوو له پەیوەندییە ئاشکراکانی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و دواتر ئەم کرانەوەی پەیوەندییانه بەردەوامی بەخۆیدا ، لەم ڕووەوە چ بەحڕێن و زۆرانی دیکه له دەوڵەتاندا خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانن لەگەڵ دەوڵەتی عیبڕی .

 کێشەی میرنیشنەکانی کەنداو بەمشێوەیه ئاسان نیه که خەڵكەکه لێی دەڕوانێت ، بەڵکو کێشەکان هەڵقوڵاون چ له خاك یان مێژوو یاخوود له ئاستی سیاسیدا ، ئێران به ووتەی عەرەبەکان سێ دوورگەی له میرنیشینی عەرەبی داگیرکردووە ( تونبی بچووك و گەورە و ئەبومووسا) ، لەملاشەوە بەحڕێن بەهی خۆی دەزانێت ، وێڕای ململانيی ئاینی وئاینزای ميژوویی نێوانی لەگەڵ سعودیای عەرەبی که کێشەیەکی کۆنی ناوچەکەیە بۆ سەرکردایەتی جیهانی ئیسلامی هەم له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش له جیهاندا ، جا بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەندییەکی تەندرووست بۆ کەنداوییەکان له ناوچەکەدا بێتە ئاراوە به پاڵپشتی ئەمریکا تووانرا ئاستی پەیوەندیکردن نێوان واشنگتۆن وتەل ئەڤیڤ و ئۆڕشەلیم لەلایەك و ئەبوو زەبی و دوبەی و مەنامه وله داهاتووشدا ڕیاز و زۆر پایتەختی دیکەی کەنداو و عەرەب ئاسایی ببێتەوە،لەم ڕوانگەیەوە وەك ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ له ووتەکانیدا ڕۆژی هەینی ڕابردوو به بێ ئەملاوئەولا بەئاشکرا گووتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت و ناوچەکه دەبێتە شوێنێکی ئارام و سەقامگیر ، بەمەش له چوارچێوەی ئەو لێدوان و ئاخافتنه فەرمیانەدابوون که باس له سەودای سەدەیان دەکرد ، هەروەها زیندووکردنەوەی پڕۆژە مێژووەکەی جۆبایدن پاڵيوڕاوی دیمۆکراتەکان بۆ (وایت هاوس)که له 2007 ئاماژەی پێکرد ..

ناوچەکه واتا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له گۆڕانکاری دایه ، بەڵام چۆن و بەچ شێوەیەك ئەوە تا ڕادەیەك دیارە ، ئەوەی زۆر تێبینی دەکرێت ئەمجارەیان فەڕەنسا هاوشانه لەگەڵ ئەمریکا به پيچەوانەی جاران که بەریتانیای گەورە ڕۆڵەکەی دەبینی، ڕۆژئاواییەکان له زووکەوە بەدوای دەرفەتبوون بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان بۆ ناوچەکە ئێستاش ئەو پەیامانه زیاتر ڕوونبوونەتەوە بەوەی پێووستی به زیاتری ئاشتی بەردەوام هەیه نێوان عەرەب به گشتی وکەنداوییەکان بەتایبەتی ، چونکه له ئاینەوە سعودیای عەرەبی وڵاتێکی گرینگی کەنداوە سەرۆکایەتی ئەم جیهانه دەکات واتا جیهانی ئیسلامی ..

ئەمەش نابێث له یاد بکرێت که کەنداووییەکان بەرژەوەندی خۆیان پێش هەموو بابەتێکی دیکە داناوە ، له تازەترین ئاخافتنی شێخ ڕاشد عەبدوڵا کوڕی خەلیفە وەزیری ناوخۆی بەحڕێن به ئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاند ئەگەر فەلەستین کێشەی عەرەبیمان بێت ، بێگوومان بەحڕێن پرسی چارەنووسازمانه ، ئەمە لەکاتێکداته که هەندێك دەوڵەت و هەروەها دەسەڵاتی فەلەستین ڕەخنه لە هەڵوێستی ئیماڕات وبەحڕێن دەگرن لەم ڕێکەوتنەدا ، ئەم ووتە ئەوە دەردەخات که زۆربەی هەر زۆری عەرەبەکان لەوە تێگەیشتن که ململانيی هەفتا ساڵەی عەرەب - ئیسڕائیل هیچ سوودێکی نەبووە له زیان زیاتر بۆ ناوچەکه بەگشتی وعەرەبیش به تایبەتی .