گرنگی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان

لیژنه‌ی یاسایی‌ به‌ لای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ گرنگ بووه‌ تاوه‌كو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چن، میزاجی كه‌سی و حزبیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێ
النسخة المصغرة

 رۆژی سێشه‌ممه‌ 26ی شوباتی 2019 په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌ی یاسایی پێكهێنا و ئه‌و لیژنه‌یه‌ش به‌ شاده‌ماری كاری په‌رله‌مانی داده‌نرێت، به‌وپێیه‌ی‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ یاساكانی دیكه‌شه‌‌وه‌ هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ لیژنه‌ی یاسایی‌ به‌ لای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ گرنگ بووه‌ تاوه‌كو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چن، میزاجی كه‌سی و حزبیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستاندا بن.

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی رازی نه‌بوو كه‌ جارێكی دیكه‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بۆ درێژ بكرێته‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ گرنگ و سیاسییه‌ی كوردستان چالاكییه‌كانی وه‌ستاون، كه‌ بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان و بگره‌ كورد به‌ گشتی و له‌ هه‌موو به‌شه‌كانیش زۆر گرنگه‌، كه‌وایه‌‌ ئه‌ركی ئه‌و لیژنه‌ یاساییه‌ی‌ په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان یان هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ یان له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزرێته‌وه‌. كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ قۆناغی ئێستا كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان له‌ هه‌ستیارترین قۆناغدایه‌ و هاوكات حكوومه‌تی نوێش به‌ ئاڕاسته‌ی‌ دروستبوون ده‌ڕوات و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش به‌رده‌وامن و كێشه‌ی كورد له‌ سووریا خه‌ریكه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی خراپدا ده‌چێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ سیاسی و یاساییه‌ی كارا بكاته‌وه تا رۆڵی هه‌بێت له‌و پرسانه‌دا‌.

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌م پۆسته‌ نێچیرڤان بارزانی كاندیدكردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی كاریگه‌ر و په‌یوه‌ست به‌ عێراق، به‌ تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و توركیاش ئاشنایه‌تییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ خودی نێچیرڤان بارزانی هه‌یه،‌ كه‌ ده‌توانێت رۆڵی گرنگ له‌ پرسه‌ سیاسییه‌كاندا بگێڕێت، به‌و پێیه‌ی پێشتر و له‌ ئێستاشدا ئه‌و وڵاتانه‌ شاره‌زای سیاسه‌ت و هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێچیرڤان بارزانین له‌ پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری یاسایی، به‌تایبه‌تی له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2019 باشترین رۆڵی هه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌شی زۆری كێشه‌كان به‌ پاڵپشتی ئه‌و وڵاتانه و هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌ رێگه‌ی دیپلۆماسییه‌تی نه‌رم و كاریگه‌ره‌وه‌‌.

كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ رێگه‌ی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، به‌وپێیه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ بۆ ئێستای كوردستان پێویسته‌ و رۆڵی گرنگی ده‌بێت له‌ پرسه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا جارێكی دیكه‌ پێگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌وه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كات به‌تایبه‌تی پرسی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ره‌هه‌ندێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ و چاوی زۆرینه‌ی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ ته‌عبیر له‌ ده‌سه‌ڵاتی باڵای كوردستان ده‌كات.