تورکیا لەبەردەم قەیرانی ئابووریدا

هەوڵدان بۆ کرینی مووشەکی (ئێس ٤٠٠) لە رووسیا بووە هۆی نیگەرانی ئەمریکا
Thumbnail

لە ئێستادا تورکیا بە کاتێکی زۆر هەستیاری ئابووریدا هەنگاو دەنێت، خەڵک و بازرگانان و ئەو وڵاتانەی کە بازرگانیش دەکەن لەگەڵ تورکیا بەجۆرێک توشی شۆک بووینه، بەڵام چەندین هۆکاری هەن کە پاڵیان ناوە بە تورکیا کە بگات بەم دۆخە و کیشەکەش هەموو کیشەی ئابووری نیە، بەڵکو حکوومەتی تورکیا لەهەندێ کات و ساتی هەستیاردا هەڵە بووە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا.

ئەوەی ئێستا روودەدات لە تورکیا جاری یەکەمی نیە کە ووڵات توشی کێشەی ئابووری بێت، لە کۆتایەکانی سەدەی رابردوو و لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ ، گرانیێکی پشت شکێن رووی لە تورکیا کردبوو، بەشێوەیێک کە پێشکەوتنی ئابووری (منفی) بوو لەو کاتەدا، بەڵام دوای چاکسازیەکانی حکومەتی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ناردە (صادرات)، تورکیا توانی زۆرێک لە کێشەکانی ئابووری خۆی چارەسەر بکات، نەک هەر ئەمانە بەڵکو لەو سەردەمەدا تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و دراوسێکانی لە ئاستێکی باشدا بوو، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کە سەرمایەدارانی بیانی روو لە تورکیا بکەن. لەدوای هاتنی سەرمایەدارانی بیانی، تورکیا توانی ئیتر خۆی چەند پێداویستیێکی گرنگی بۆخۆی فەراهەم بکات وەک دابین کردنی هەندێ ئامێری کارەبایی و کەرستەکانی بیناسازی و چەندین کەرستە و کەل و پەلی تری گرنگ.

لەدوای ئەوەی کە پارتی داد و گەشەپێدان هاتە سەر دەستهەڵات، پەیرەوی لەهەمان پرۆگرام و بەرنامەی ئابووری کرد و دریژەپێدەری بەرەو پێشچوونی ئابووری تورکیا بوو تا ساڵی ٢٠١٣ بەڵام لە دوای ئەو کاتەوە، تورکیا کێشەی ئابووری هەیە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ پەیوەندی هەیە بەو کاتەوە، ئەم کێشەی ئابووریەی تورکیا پێشینەیێکی هەیە و لە رۆژێکدا دروست نەبووه. لەساڵی ٢٠١٣، حکومەت زۆر دەستکاری ئابووری وڵاتی کرد و چەندین گۆرانکاری گرنگی کرد لە کاروباری سیاسی و ئابووری وڵاتدا، سەرۆکی وڵات راستەوخۆ دەستی هەبوو لە بانکی ناوەندی وڵات، ئەمەش چەندین جار نارەزایەتی لێکەوتۆتەوە لەلایەن ئابووری ناسان بەوەی کە دەبێت بانکی ناوەند ئازاد بێت.

هەروەها ساردی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، هەروەها نزیک کەوتنەوە لە روسیا و چین وەک تۆڵەسەندنەوەیێک لە هاوپەیمانەکانی، هەروەها دەست تێوەردانی سەربازی لە ناوچەکە بەتایبەتی لە سوریا و هەبوونی کێشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە ئیتر سەرمایەدارن نەچنە تورکیا و روو بکەنە شوێنێکی تر بۆ بازرگانی، هەروەها ئەو سەرمایەدارانەی کە لە تورکیا کار دەکەن ئیتر تورکیا بە جێ بێڵن، ئەمانەش هەمووی هۆکارن کە نرخی لیرە دابەزیوە.

ئەم دۆخەی ئابووری کێشەی زۆری بۆ ئەو کۆمپانیانە دروست کردووە کە لە تورکیان، بەتایبەتی بۆ کۆمپانیا تورکەکان، جونکە کۆمپانیاکان قەرزیان بە دراوی بیانی وەرگرتووە، هەرجۆرە بەرزبوونەوەیێک لە نرخی دۆلار زەرەر بە ئەوان دەگەیێنێن وەک ئێستا دەبێ قەرزەکانیان زۆر زیاتر بدەنەوە لەو رێژەیەی کە وەریانگرتووە، جگە لەمەش کێشەی گەوره روو لە خەڵک دەکات بەوی کە  رووبەرووی گرانی لە کرینی پێداویستیەکانیان دەبنەوە.

بۆ دەربازبوون لەو کێشە ئابووریە پێویستە تورکیا چەند هەنگاوێک بنێت، لە هەردوو رووی سیاسی و ئابووریدا. لە رووی سیاسیدا تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا دەبێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەوروپا و بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە، هەوڵدان بۆ کرینی مووشەکی (ئێس ٤٠٠) لە رووسیا بووە هۆی نیگەرانی ئەمریکا و ئەوروپا بەوەی کە تورکیا دەیەوێ بچێتە بەرەی رووسیا. لە راستیدا شوێنی جوگرافی تورکیا بەشێوەیێک گرنگە بۆ هاوپەیمانی ناتۆ کە مەحاڵە لێگەرێن تورکیا ببێتە هاوپەیمانی رووسیا. لە ناوچەکەش پێویستە تورکیا ئیتر بەدوای هاوپەیماندا بگەرێت کە ئێستا هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیژی نیە، زۆر گرنگە وەک زلهێزێکی ناوچەکە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە، چونکە باشبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە سەرمایەدارەکانی کەنداو بۆ ئابووری وڵاتیش زۆر گرنگە.

لە رووی ناوخۆیشەوە پێوستە سیاسیەکان دەستێوەردانیان لە ئابووری ناوخۆ رابگرن و ناوەدنە ئابووریەکانی تورکیا سەربەخۆ بن وەک بانکی ناوەندی. ئەگەر ئەم ئاستەنگ و کێشانە بەردەوام بن بۆ ماوەیێکی کەم، ئەوا بە دڵنیایەوە تورکیا دەکەوێتە ناو قەیرانی ئابووریدا، تا ئێستا تورکیا لە کێشەی ئابووریدا و کێشە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام رووبەرووبوونەوی قەیران کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چارەسەرکرنی و وڵات دەخاتە بەردەم زۆر مەترسییەوە.