پێویستە پارتی بڕیاری كۆتایی بدات

یەكێتی لە نێوان بەشداریكردنی لە حكومەت و دۆخی كەركوك و كێشە ناوخۆییەكانی یەكلایی نەبۆتەوە
Thumbnail

دوای هەڵبژاردنی ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۱٨، كە تێیدا یەكێتی ۲۱كورسی هێنا، لە زاری سەركردە و كادیرانی ئەو حزبەوە زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین كە نابێ حیسابی كورسی بۆ یەكێتی بكرێ، بەڵكو دەبێت بە حیسابی خەبات و ڕابردووی حزبەكەیان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ، لای پارتی ئەوە یەكلا بۆتەوە كە سەردەمی پەنجابەپەنجا كۆتایی هاتووە و سەردەمێكی تازە هاتۆتە ئاراوە.

 

ئێستاش كە پارتی لەگەڵیان لە گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەك لە میدیاكان باس دەكرێت، كە یەكێتی بە چەند پاكێجێك بەشداریی ئەو گفتوگۆیانەی كردووە لەگەڵ پارتیدا، دیارترینیشیان دانانی پارێزگارێكە بۆ كەركوك و لەو ڕووەوە پارتی هاوكاری بێت، كە لە دوای ۱٦ی ئۆكتۆبەری۲۰۱۷ ئەو پارێزگایە بە بارودۆخێكی ناسروشتیدا تێدەپەڕێت و لای خەڵكی كوردستان و كەركوكیش هۆكارەكەی ڕوون و ئاشكرایە، لەسەر زاری بەشێكیش لە سەركردەكانی یەكێتی خۆیان، ئەوە خرایە ڕوو كە چۆن و بە چ شێوەیەك رادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كرا.

 

جگە لەوانەش، یەكێتی داوای ڕێككەوتن و لێكگەیشتن لە پارتی دەكات لەسەر پرسەكانی ناوخۆیی و دەرەوە، لە كاتێكدا و لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار، بێ گوێدانە ڕێككەوتنی لایەنە كوردستانییەكان و بە حیسابی زۆرینە و كەمینە لەو پرسەدا مامەڵەیان كرد و بە پاشگەزبوونەوەیان لە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆماردا و لە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێردا لەگەڵ لایەنە شیعەكان، پۆستی سەرۆك كۆماریان یەكلایی كردەوە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵكی كوردستان و حزبە كوردستانییەكان.

 

ئێستاش كە چەند مانگێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی۳۰ی ئەیلوولدا تێپەڕیوە و هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە و بڕیارە لە ۱٨ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و یەكێتیش بەشدار بێت تێیدا و دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژێردرێ، بەڵام یەكێتی لە نێوان بەشداریكردنی لە حكومەت و دۆخی كەركوك و كێشە ناوخۆییەكانی یەكلایی نەبۆتەوە و بڕیاردان لە ئێستادا بۆ یەكێتی كارێكی زەحمەتە و ناتوانێ قەسەی كۆتایی بكات و بڕیار بدات، بۆیە حەقی خۆیەتی كە پارتی بڕیاری كۆتایی بدات لەسەر پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنەكانی تر، ئەگەر یەكێتی لەوە زیاتر نەهاتە پێش و خۆی پێ یەكلا نەبێتەوە، پێویستە حكومەت پێكبهێنرێت هەتا ئەگەر بەبێ یەكێتیش بێت.