کوردی سەرەخۆرە!

وێدەچێت تورکیا پلانداڕێژەر و مامۆستای ئەم سیاسەتە نوێیە هاوبەشەی هەرسێکیان بێت
Thumbnail

ئەوە ئەلفوبێیەکی سەرەتاییە، کە هەرسێ دوژمنی کورد و داگیرکەری کوردستان (تورک و عەرەب و فارس)، لە دڵڕەقی و ستەمکاریدا بەرامبەر کورد، هاوشێوەن. ڕەنگە تەنیا جیاوازییەکە ئەوە بێت، ڕاددەی ستەمکاریی و ڕێژەی دڵڕەقیی یەکێکیان لەوەی تر، زیاتر، یان کەمتر بێت. ئەمەش پەیوەستە بەو شوێنکات و هەلومەرجەی، کە هەر یەکێکیان تیایدا بواری زیاتر دوژمنایەتیی و سەرکوتکردنی کوردی بۆ ڕەخساوە.

مەگەر کەسێکی بێ ئاگا و گەمژە، یان کەسێک هێشتا خوێنی خۆبەکەمزانیی لە بەرانبەر دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان لە دەمارەکانیدا بگەڕێ، دەنا هەموو کورد ئەو ڕاستییە دەزانێت، کە تورک سەرسەختترین دوژمنی کوردن. تورک لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئەمڕۆ، ئەم دوژمنایەتییەیان بۆ بوونی کورد نەشاردووەتەوە و هیچیش نەماوە نەیکەن، بۆ ئەوەی کورد لەسەر نەخشەی بوون بیسڕنەوە.

لە دیدی تورک (بە ڕاست و چەپی، عەلمانی و ئیسلامیی، خوێندەوار و نەخوێندەواری، نێر و مێی، گەورە و بچووکی) کورد هەر بۆ کوشتن باشە. وەک ئەوەی کە بووەتە بەشێک لە پەروەردە و کولتووری تورک بەوەی (کوردی باش ئەوەیە کە مردووە، ئەوەی تریش دەبێ بکوژرێت)، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە، کە فارس و عەرەب بە بەزەیی و میهرەبان و کورددۆستتر بن. بەپێچەوانەوە، لە پەیوەست بە دوژمنایەتیکردنی کورد، هەموویان (ئەسکو)ی ناو یەک (دیزە)ن.

لەکاتێکدا ئێستا ئێران لەلای خۆیەوە لەشکر لەسەر سنوورەکان کۆ دەکاتەوە، تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی کردووە، عێراقیش دەستی ناوەتە بیناقاقای ئابووریی کوردستان و ژیانی خەڵک، کە وێدەچێت تورکیا پلانداڕێژەر و مامۆستای ئەم سیاسەتە نوێیە هاوبەشەی هەرسێکیان بێت، بەڵام ئەوەی کە بێیت و وا لە خەڵکی خۆت بگەیەنیت، کە ئەو کوشتار و وێرانکارییەی تورک دەیکات، بە پارەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. ئەوە نەک هەر ئەوپەڕی گەمژەییە، بەڵکوو هەوڵێکی ناچیزەیشە بۆ کوێرکردنی هۆشیاریی خەڵک و لنگەوقوچ کردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو.

ئەو ڕاستییە یەکلا بووەتەوە، کە (پەکەکە)ش نەبوو، تورک هەر باوەکوشتەی کورد بوونە. عوسمانییەکان هەموو کوردستانیان وێران کرد، تا ئەوەی دەستیان گەیشتە (ڕواندز) و لەوێش کوردیان کوشت و لە (سیواس)یش سەڕی (میرنشینی سۆران)یان بڕی، ئەوکاتە پەکەکە نەبوو. کە تورکە کەمالییەکان قەسابخانەیان بۆ کورد لە (دێرسیم) دانا، پەکەکە نەبوو، بەڵام نە لەشکری عوسمانی و سوپای کەمالییەکانی ئەوکات و نە سوپای ئێستای (ئەردۆگان)ی نیوعوسمانیش، کە لە دژی کورد کردیان و دەیکەن، بە پارەی نەوت و غازی کوردستان نەبووە و نییە. ئەوەی دەشیەوێ بەم ئاراستەیە تووڕەییەکانی خۆی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان بەتاڵ بکاتەوە و دڵی پەکەکە، یان هەر لایەنێکی دیکە خۆش بکات. جگە لەوەی خزمەتی سیاسەتی دوژمنکارانەی تورک خۆی دەکات، هاوکات بە ئاشکرایی خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک و مێژوو و ڕاستییە هەنووکەییەکانیش بە ئامانجێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەشێوێنێت، چۆن؟

لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئەمڕۆ، سەرچاوەی هێز و کۆمەکی و جبەخانە و چەکی تورکان کورد نەبووە.. لەشکری عوسمانییەکان کە بە پیادە و سوارەوە هەتا ئەوسەری باشووری کوردستان هاتن و هەرچی کوشتوبڕ و تاڵانیی بوو کردیان، نە سوپاکەیان و نە وڵاخەکانیان بە ئالیکی هەرێمی کوردستان تێروپڕ نەکرابوون. وەک چۆن ئەو هێز و توانا پێشکەوتووە سەربازییەی، کە ئەمڕۆ تورکیا لە دژی کورد بەکاری هێناوە و دەیهێنێت، لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان دانەمەزراوە.. ئەو فڕۆکە جەنگییە تورکیانەی نزیکەی سەت ساڵە و تا ئەمڕۆ، کوردیان کردووەتە ئامانج و کوردستان دەسووتێنن، پێویستیان بە چۆڕە بەنزینێکی هەرێمی کوردستان نەبووە و نییە (ئەوە هیچ کە دڕۆن بە بەنزین کار ناکات!).. ئەم هەموو تانک و زرێپۆشەی تورک، کە ساڵانی ساڵە، باکوور و باشووری کوردستان وێران دەکەن، بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەکەوتوونەتە کار.

بەچاوپۆشین لە سەردەمی عوسمانییەکان و تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەگەر هەر لە دامەزراندنی پەکەکەوە نا، بەڵکوو لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی ئەو حزبە لە دژی تورکیا (١٩٨٤) دەست پێ بکەین و فێڵ لە خۆمان و ویژدانی خۆمان نەکەین، دەزانین کە ماشێنی دڕندەیی و دژومنکاریی سوپای تورکیا لە ماوەی ئەو (٣٦) ساڵەدا، بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نەکەوتووەتە کار. بۆیە لێکدانەوەی لەم جۆرە، کە تورکیا بە پارە و نەوتی هەرێمی کوردستان شەڕی کورد دەکات، جگە لەوەی بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی نەخۆشە و بانگەشەکارەکانی بەدەست گرێی دەروونییەوە دەناڵێنن، هاوکات هێندەش کورتبینە، وەک ئەوە وایە بڵێیت: ئەوەی ئێستا سوپای تورکیا لە سووریا و لیبیا و یەمەن دەیکات، بە پارە و نەوتی دیمەشق و بەنغازی و سەنعایە دەیکات. یان وەک ئەوە وایە بڵێیت: ئەوە بە کۆمەکیی دارایی و نەوتی کوردستانەوەیە، کە تورکیای ئەردۆگان (عوسمانیی نوێ)، چاوی بڕیوەتەوە وڵاتانی بەلقان و ئەمریکای لاتین (هەوڵەکانی لە ئەرجەنتین) و تۆڵەکردنەوە لە نەمسا ( پشێویی نانەوە بەردەوامەکانی گورگەبۆرەکان لەو وڵاتە).

ڕاستییەکەی، ئەو بۆچوون و لێکدانەوەیە، نەک هەر شێواندنی ڕاستییەکان، نەک هەر لینگەوقوچکردنی مێژوو، نەک هەر کوێرکردنی هۆشیاریی خەڵک، بەڵکوو هەوڵێکی ناچیزەیشەن بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ناکۆکیی و ناتەبایی ناوماڵی کوردی پارچەکانی کوردستان. بەتایبەتی کە تازە خەریکە بە هاوکاریی ئەمریکا و فەڕەنسا و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان (سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان - وەک لە بەلاغەکەی پەیەدە و ئەنەکەسەشدا ئاماژەی بۆ کراوە)، خەریکە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەگەنە ڕێککەوتن و ئاشتبوونەوە و یەکڕیزیی. دەسکەوتێک، کە تورکیا بە هۆیەوە چاوی پەڕیوەتە پشتی سەری و هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەی یەکڕیزییەی کوردی ڕۆژئاوا، کە ڕاستەوخۆ بەشێکە لە هەوڵ و پڕۆژەی ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لەبار ببات.

بەدیوێکی تردا، ئەم دیدگایەی کە دەڵێ تورکیا بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، شەڕی کورد دەکات. دیدگایەکە لە لووتکەی چەواشەکاریی خۆی دایە و لەوپەڕی ئاگایی و بە هۆشیارییەوە ئەم کارە دەکات. چونکە ڕووقاییم و بێ شەرمانە خۆی لەو ڕاستییە دەبوێرێت و بوێریی ئەوەی نییە، ئەو پرسیارە لە خۆی بکات:

تورکیایەک کە ساڵی ١٩٥٢ بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و تا ئەمڕۆش لە دوای ئەمریکا، ڕیزبەندی دووەمین گەورەترین هێزی سەربازیی ناو وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییەی گرتووە، دەبێ چ پێویستی بەو چۆڕە بەنزین و گازەی هەرێمی کوردستان بێت، تا شەڕی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات؟ یان بانگەشەکارانی ئەم گوتارە چەواشەکارییە، پێیانوایە، هەر بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بوو، کاتی خۆی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا، بەشداریی لە شەڕی کۆریادا کرد. یاخود بە کۆمەکیی دارایی و نەوت و گازی کوردستان بوو، کە تورکیا بووە یەکێک لەو پێنج ئەندامەی ناتۆ (بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا)، کە لەناوخۆیاندا سیاسەتی چەکی ئەتۆمی و ناوەکیان دابەش کردووە و لە کۆی (٩٠) بۆمب، خاوەنی (٦١) بۆمبی ئەتۆمی و ناوەکیی ئەو هاوپەیمانییەیە، کە لە بنکەی ئەنجەرلیکدا دایناون و (٤٠) لەو بۆمبانەش تایبەتن بە هێزی ئاسمانیی تورکیا، کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر جەنگیکی ئەتۆمی، بە ڕەزامەندیی (ناتۆ) بەکاریان بهێنێت؟  

سەیرە، بۆ دەبێ هێشتا خەڵکێک لەناو کورد هەبێت، دڕندەیی دوژمن و داگیرکەرانی وڵاتەکەی، بە بەرهەمی کورد خۆی بزانێت؟ بۆ دەبێ هێشتا خەڵکێک هەبێت بە هۆی ڕقلێبوونەوەی لە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، چەپ و ئیسلامییەکان.. پەکەکە، پەیەدە و هێزەکانی ناو ئەنەکەسە.. دیموکراتەکان، کۆمەڵەکان، پژاک و پارتی ئازادیی و......) پیلانگێڕی و گەلەکۆمەی هاوبەشی داگیرکەران بۆسەر نەتەوە و وڵاتەکەی نەبینێ و ستەمکاریی ئەمی داگیرکەر، بخاتە ئەستۆی فڵان حزبی کوردی و دڕندەیی فیسار داگیرکەر، بە عەلاگەی فیسار حزبی کوردییەوە هەڵبواسێت؟ بۆچی دەبێ هێشتا کوردێک مابێت، لەبری بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی و ڕقەکەی لە هێزە کوردییەکان، بە یەک مەودا و مەسافە سەرکۆنەی سیاسەتی هاوبەشی داگیرکەران نەکات و هانی سەرکردە و هێزە کوردییەکان نەدات، بێدار ببنەوە و بێنەوە هۆش خۆیان، بۆ ئەوەی بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و نەخشەی بەرەیەکی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانی دابڕێژن و کورد ببێتەوە خاوەن یەک سەنگەری بەرەنگاریی؟

هەر بەڕاست، ئەو گوتارەی دەیەوێ لە شان و شکۆی هەرێمی کوردستان بدات، دەتوانێ چ خزمەتێک بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکات؟ ئەی ئەوەی دەیەوێ لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کەم بکاتەوە و وەک دوژمن سەیری حزبەکانیان بکات، چ قازانجێک بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت؟

بۆ کەسێک کە بیەوێت دڵسۆزیی خۆی بۆ پەکەکە و پەیەدە بسەلمێنێت، پێویست ناکات تۆمەت بۆ هەرێمی کوردستان و حزبەکانی هەڵبەستێت. وەک چۆن بۆ ئەوەی کەسێکیش بیسەلمێنیت دڵسۆزی هەرێمی کوردستانە، هیچ پێویست ناکات بوختان بەمان بکات و ئەمە بۆ سووڕی پەیوەندیی نێوان هەموو پارچەکانی کوردستان، ڕاستە.

بەداخەوە، ئێستا کورد لە ئاستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیدا، ڕێک وەک ئەو تەوژمە ئیسلامییەی (بە ئیخوانی و جیهادی و سۆفی و سەلەفی و......) دوای ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و تا ئەمڕۆی لێ هاتووە، کە لەبەر بەپیرۆزکردنی پێگە و بیروڕای (فڵان خەلیفە، فیسار ئەسحابە، ئیمامی شافیعی، بوخاری، فڵان شێخ و فیسار موجتەهید و.....)، پیرۆزیی و گەورەیی خوا و قورئانیان لەبیر موسڵمانان بردووەتەوە. بە هەمان شێوە، ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی کوردستانیش بەگشتی، لەبەر بەپیرۆزکردنی سەرکردە و حزبەکانیان، هەروەها بەناو دەستەبژێر و ڕووناکبیرەکانی کوردیش بەتایبەتی، لەبەر گرێی دەروونیی خۆ بە هەمووشتزانیان، شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانیی کوردستانیان بیر نەماوە و هەموو خەڵکیان بە شەڕەچەقی ئایدیۆلۆژیی سەرقاڵ کردووە، تا ئەوەی کەس ئاگای لە مەترسی و هەڕەشەی پیلان و گەلەکۆمەکێیەکانی دوژمنانی کورد و داگیراکەرانی کوردستان نەماوە.

ئەم دۆخە نەخوازراوە قسەی پێشمەرگەیەکی دێرین و گیانبازیی ئەم وڵاتەم بیر دەخاتەوە، کە ڕۆژێکیان گوتی: ”لە سەردەمی شاخ و بەتایبەتیش لە ساتەوەختی شەڕی ناوخۆی شاخدا، بچووبایتە بارەگای هەر حزبێکی کوردی، جنێویان بە حزب و سەرکردەکەی تر دەدا. هێندە خەریکی شکاندنی یەکتر بووین، خەیاڵمان لای دوژمنەکەمان نەبوو. وای لێ هاتبوو، کەسمان لەبەر سەرکردنە سەر یەکتر و داشۆرینی یەکتری، ئاگامان لە دڕندەیی بەعس و دیکتاتۆریەتی سەددام نەمابوو“.

دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە دژی نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆتیت، هیچ پێویست بەوە ناکات بەکریگێراوی دوژمن بیت. ئەوەندەت بەسە، لەناو نەتەوەی خۆت و لەسەر خاکی نیشتمانەکەتدا، ئەوە (بڵێیت و بکەیت!)، کە ئامانجی سەرەکیی دوژمنەکەتە و سیاسەت و ستراتیژە دوژمنکاریی و داگیرکارییەکەی دەیخوازن!