داھاتووی كوردستان لە سایەی ململانێ سیاسییە ناتەندروستەكان 

ئامادەن كوردستان بگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا و ھەموو ئەو دەستكەوتانەی چەندین ساڵە بە خوێنی ھەزاران شەھید بەدەست ھاتوون، بخەنە مەترسییەوە
Thumbnail

ھەمیشە ئەوەی زیاتر مەترسی لەسەر كیانی ھەرێمی كوردستان دروست كردووە، ئەو مەترسییانە نین كە لە دەرەوە دێن، بەڵكو كارەساتەكان ھەمیشە لە ناوەوە سەرچاوەیان گرتووە و ھۆكاری سەرەكیش ململانێی ناتەندروستی ھەندێ ھێزی سیاسییە، كە بەردەوام كوردستانی ڕووبەڕووی مەترسی كردووەتەوە.

 

لە ڕابردوودا، ئەو هێزە سیاسییانە بۆ بەردەوامیدان بەم شێوازە ناتەندروستە، ھەموو هەوڵێكیان بە مەبەستی قوڵكردنەوەی بیرۆكەی ناوچەگەری و شارچیەتی بووە، ئەوان لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت لە ئێستادا بەرژەوەندییە كەسیەكانیان بپارێزن و ھاوكات مەبەستی دوورمەوداشیان، دروستنەبوونی نەتەوەیەكی یەكگرتووە، كە بنەمای سەرەكیی ھەر پێشوەچوونێكی كوردستانە، ئەم ھەنگاوەش بە پاڵپشتیی تەواوی وڵاتانی ھەرێمی بەڕێوە دەچێت، ئەوەتا ھەر كاتێك حكوومەتی ھەرێم ھەنگاو بە ئاراستەی چاككردنی دۆخی حكومڕانیی ھەرێم دەنێت، رووبەڕووی شەپۆلێكی فراوانی ھێرشی ڕاگەیاندن دەبێتەوە، داخستنی ٣٢٠ پەیج و ئەكاونتیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

لە سەروبەندی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە كوردستان، ململانێكان گەیشتنە خاڵی پێكدادانی سەربازی و ھێزی حیزبی ھێنرایە بەرامبەر ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زینی وەرتێ و لەگەڵ ئەوەشدا ھەڕەشەی بەدووئیدارەییكردنی كوردستان دەكرا، ھەموو ئەمانەش بۆ ئەوە بوو كە ئەم پڕۆسەیە پەك بخرێت، بەو ھۆكارەی لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، بەرژەوەندییان دەكەوێتە مەترسییەوە و ئەمەش كاریگەری لە پێگەی سیاسییان دەكات، بۆیە  ئامادەن كوردستان بگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا و ھەموو ئەو دەستكەوتانەی چەندین ساڵە بە خوێنی ھەزاران شەھید بەدەست ھاتوون، بخەنە مەترسییەوە، تەنھا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەوان پارێزراو بن.

لە مامەڵەی ھەرێمی كوردستانیش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەم شێوازی ململانێ ناتەندروستە تەواو ڕەنگی داوەتەوە، ئەوەتا لە سەرەتاوە بە شاھێدی نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیھانی، حكوومەتی ھەرێم زۆر سەركەوتووانە ڕێگری كرد لە تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسە، بەڵام جارێكی تر ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تاكەكەسیی ھەندێك لایەن و بەسیاسیكردنی ئەم پرسە، ژیانی زۆرێك لە ھاونیشتیمانیانی خستە مەترسییەوە، كە لێشاوێك لە تیڤی و پەیج و ئەكاوتنی ساختە بۆ ئەم مەبەستە بەكار ھێنراون، مەبەستیشیان بچووككردنەوەی سەركەوتنی حكوومەتی ھەرێم بوو لەم پرسەدا و دەشخوازن متمانەی ھاووڵاتیان بە حكوومەت لاواز بكەن، ئەنجامەكەشی ڕوونە و ڕۆژانە دەیان تووشبووی نوێ و مردنی ئازیزان دەبینین.

ئەوەش بیر بهێنینەوە، دەرھاویشتە خراپەكانی ئەم ململانێ ناتەندروستە، كاریگەری ھەبووە لەسەر پێگەی  ھەرێمی كوردستان  لە بەغدا، چونكە ململانێكان ھۆكارێكن بۆ ئەوەی ئێستا كورد كەمترین پۆستی وەزاریی ھەبێ و نزیكەی ٤٠٠ پۆستی حكوومی خوار وەزیر لە بەغدا بە بەتاڵی بمێننەوە، لە لایەكی ترەوە كۆمەڵێك بە ناو پەرلەمانتاری ھەندێك ھێزی سیاسی، بەردەوام خەریكی دژایەتیكردنی ھەرێمن و كار گەیشتووەتە ئاستێك كە پەرلەمانتاری كورد داوای بەكارھێنانی ھێز بكات بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم، ھاوكات بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێم بەشێكی زۆری پەیوەندیی راستەوخۆی بەو ململانێیە ھەیە كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بوونی ھەیە و بە جۆرێكە بەرژەوەندیی حیزبی و كەسی، جێگەی بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و ھەرێم گرتووەتەوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدادا.

ئەوەی لە ھەمووشی زیاتر جێی سەرنجە، چۆنیەتیی مامەڵەی ھەندێك حیزبە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم، زۆرێك لەوانە بە ئاسانی ناتوانی دیاری بكەیت ئۆپۆزسیۆنن یاخود بەشدار لە حكوومەتدا، چونكە كاتێك بارودۆخی ھەرێم باشە، ئەوان خاوەن ماڵن، ھەر كاتێكیش قەیران ڕووی لە حكوومەت كرد، ئەوان ئۆپۆزسیۆنن و ھیچ كات بەرپرسیارێتی ھەڵناگرن.  

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ