داھاتووی قەوارەی ھەرێم لە نێوان پارێزەران و نەیارانیدا

حكوومەتی ھەرێم سەرقاڵی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم
Thumbnail

ھەر كاتێك كوردستان لە خاڵێك نزیك دەبێتەوە بۆ ئەوەی قەیرانەكان تێپەڕێنێت بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكانی، ئەوا لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی پیلانی نوێی نەیارانی ئەزموونەكەی دەبێتەوە و ھەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بە ئاراستەی لەباربردنی قەوارەی ھەرێم و دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەمیدا.

 

لە كاتێكدا حكوومەتی ھەرێم لەماوەی ڕابردوودا ھەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی گشتگیر تایبەت بە پرسەكانی مووچە و بودجە و پاراستنی پێگەی یاسایی ھەرێم ، گرووپێك لە پەلەمانتاران لە بەغدا بە پاڵپشتیی گرووپێك لە ھەرێمەوە لەبری داواكاریی پێدانی مافە داراییەكانی ھەرێم، داوای گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەكەن بۆ سەر بەغدا، بانگهێشتی بەغداش دەكەن بۆ بەكارھێنانی ھێز بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی ھەرێم و ھانی حكوومەتی عێراقی دەدەن بۆ بەرزكردنەووەی ئاستی داواكارییەكانی لە بەرامبەر ھەرێمدا بەو ئامانجەی نەگەنە ڕێككەوتن و لەو ڕێگەیەوە سازشی زیاتر بە ھەرێم بكەن و پێگەی یاسایی و سیاسیی كوردستان بەرامبەر بەغدا لاواز بكەن.

 

لە لایەكی ترەوە، حكوومەتی ھەرێم سەرقاڵی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ، كەچی لەولاوە گرووپێك بێ ئاگاداریی حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێككەوتنی ژێربەژێر دەكات و حەشد و ھێزەكانی عێراقی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەیەك، كە ھێڵی ٣٦ ی پێش ڕووخانی ڕژێم تێپەڕێنێت و گرژی لە نێوان ھێزەكاندا دروست بێت و ڕێگری بكەن لە ڕێككەوتنی كۆتایی نێوان ھێزە سەربازییەكانی عێراق و ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە بە شێوەیەكی ھاوبەش، كە بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.

 

ھاوكات نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ھێڵە و پێشنیازی كۆنفیدراڵی دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا (جان ئێف لۆدەریان) سەردانی ھەولێر دەكات و پاڵپشتی بۆ ھەرێم دووپات دەكاتەوە، كەچی تا ئێستاش ھەوڵەكان بۆ بەدووئیدارەكردنی ھەرێم بەردەوامە، بە دڵنیاییشەوە بە موبارەكەتی ھێزە شیعییەكانە، ئەوەتا (نووری مالیكی) سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سوپاسی ھێزێكی دیاریكراو دەكات، كە پاڵپشتی حكوومەتی عێراقی دەكات بەو ئاراستەیە و بە ئاشكراش بانگەشەی بەدووئیدارەكردنی ھەرێم یاخود ھەڵوەشانەوەی تەواوی قەوارەی ھەرێم دەكات

 

ئەوەشمان لە یاد نەچێت، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم رێزدار (مەسروور بارزانی) بۆ دروستكردنەوەی متمانە بە حكوومەت و دڵنیایی ھاووڵاتیان، ھەر ڕۆژە لە شارێكی ھەرێمە بۆ كردنەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ھەوڵەكانیشی بە ئاراستەی خێراكردنی پرۆسەی چاكسازییە بۆ گێڕانەوەی ھاوسەنگی لە نێوان مووچەخۆران و كۆتاییھێنان بە دیاردەی گەندەڵی، لە بەرامبەردا ھەوڵەكانی نەیارانی ئەم قەوارەیە بە جۆرێكە، شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم و تازە بە تازە خەریكی كۆكردنەوەی سەرۆك خێڵەكانن بۆ دووبارەكردنەوەی پرۆسەی بەجاشایەتیكردنی كۆمەڵگە و پەلكێشكردنی سەربازی وڵاتانی ھەرێمی بۆ قوڵایی خاكی ھەرێم.