ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا و موزایەدەچییەكانی ناوخۆ

ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج، ھیچ كامیان لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھەرێمدا نین و بۆردوومانەكانیش لە بێدەنگیی ئەمەریكا و ھاوپەیمانان و ناڕەزایەتیی شەرمنانەی عێراقە
Thumbnail

لەگەڵ دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بە ناوی (چڕنووكی ھەڵۆ)، موزایەدەچییەكانی ناوخۆ ھێرشی ناڕەوا و بێبنەما دەكەنە سەر پارتی و (سەرۆك بارزانی)، كەچی لە ھەمان وەختدا ئێران تۆپبارانی سنووری هەرێم دەكات و ئەوانیش بێدەنگن، لە كاتێكدا لە ڕابردوو و ئێستاشدا سەرۆك و پارتی زۆرترین دەستپێشخەرییان ھەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گشت بەشەكانی كوردستان، بە تایبەتی باكوور.

لە سەروبەندی دەسپێكردنی پرۆسەی ئاشتی و لە میانەی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا، ئامادە نەبوو لە زیندان (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ببینێت، ئەوەتا ئەوەی پەكەكە بۆ ماوەی نزیكەی ٤٠ ساڵ لە خەباتی چەكداری نەیتوانی بەدەستی بھێنێت، سەرۆك لە ڕێگەی ھاندان و نێوەندگیری بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان، توانی لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم بەشە ببووژێنێتەوە و لە بواری كولتووریش ھێما رەگەزپەرستییەكان ھەڵگیران، تایبەت بە بواری سیاسییش، دوای دەستپێكردنی پرۆسەكە، ھەدەپە توانی ژمارەیەكی پێوانەیی لە كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، خۆ ئەوكات ئەگەر دروست مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بارودۆخە پۆزەتیڤەدا بكردایە، ئێستا رەوشەكە بە جۆرێكی دیكە دەبوو.

لەلایەكی ترەوە، لەگەڵ ھەنگاوە سەرەتاییەكانی لەدایكبوونی قەوارەی ڕۆژئاوای كوردستان، (سەرۆك بارزانی) ھەموو ھەوڵێكی دا بۆ پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا و دوورخستنەوەیان  لە مەترسی، ڕەوانەكردنی ھێزی پێشمەرگەش بۆ كۆبانێ و ھەوڵە بەردەوامەكانی بۆ یەكخستنی ھەڵوێستەكان، دووپاتی ئەم ڕاستییە دەكاتەوە، لە كۆتاییدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك و گەڕانەوە بۆ بنەما گشتییەكانی ڕێككەوتننامەی دھۆك بە نێوەندگیریی ئەمەریكا و فەڕەنسا، ڕێككەوتنی لایەنەكانی ڕۆژئاوا گەیشتە ئەنجام، ئەم ھەنگاوەش  پێمان دەڵێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاشتی، پارتی و بارزانی ھەمیشە ئامادەن.

ناشكرێ نادیدە بگیرێت، ئۆپەراسیۆنەكە بە شێوەیەك گشتگیرە، كە ھەموو پێگەكانی پەكەكەی لە باشووری كوردستان گرتووەتەوە لە (مەخموور، شنگال، قەندیل)، بە شێوەیەك ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج، ھیچ كامیان لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھەرێمدا نین و بۆردوومانەكانیش لە بێدەنگیی ئەمەریكا و ھاوپەیمانان و ناڕەزایەتیی شەرمنانەی عێراقە، بۆیە دەكرێ ئەم ئۆپەراسیۆنە لە سایەی لێكتێگەیشتن و ھەماھەنگییەكی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت، چونكە ئەنقەرە ئەوەی دووپات كردەوە كە پێشوەختە بەغدایان لەم ھێرشانە ئاگادار كردۆتەوە، ھاوكات ئێرانیش لەشكركێشی و بۆردوومانەكانی دەست پێكردووە، بۆیە دەكرێ بڵێین، لە راستیدا ئامانجی سەرەكیی ھەرێمی كوردستانە، كە بە شێوەیەك ھەرێم ڕووبەرووی شەڕێكی نەخوازراو و كۆتاییەكی نادیار بكەنەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، ھەندێك لایەنی سیاسیی دەیانەوێت ھەم موزایەدە بەم بارۆدۆخەوە بكەن و هەم مەبەستیشیانە شەڕ و پێكدادانەكان بگوازنەوە بۆ قوڵایی خاكی كوردستان، ئەوەتا لەبری خۆپیشاندان لە باكوور، لە سلێمانی دەكرێت، ھاوكات لەجیاتی شەڕ لە باكوور، باشوور بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، باشترین نموونەش بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە، كاتێك حكوومەتی ھەرێم داوای لە چەكدارەكانی پەكەكە كرد شنگال جێبھێڵن، رەتیان كردووە، كەچی لەگەڵ ھاتنی حكوومەتی عێراقی، ھەموو شتێكیان رادەستی عێراق كرد، لەلایەكی ترەوە بە ھۆی ئەم بارۆدۆخەوە، بە دەیان گوند چۆڵ كراون و كاریگەریی زۆریشی ھەیە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری لە دەڤەری بادینان، لە كاتێكدا بەردەوام بە ھۆی بۆردوومانەكان هاونیشتمانیان شەھید دەبن و ماڵی ھاووڵاتیانی باشوور وێران دەبێت، كەوابێ، كێ لەم رەوشە نالەبارەی سەر سنوور بەرپرسیارە؟.