پرۆژە یاسای بودجە و سیاسەتی تەعریب لە کەرکوک

ئەگەر پشکی کەرکوک بەبێ زیادکرن و وەکو خۆی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 بمێنێتەوە کەواتە پیلانێکی دیکەی تەعریب دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
Thumbnail

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق ساڵی 2020 بە تەنها لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك مانگانە بە تێکرا زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان لە تورکیا و ئوردن کراوە، بەمەش کۆی داهاتی نەوتی کەرکوک بۆ مانگێک زیاتر لە 115 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها کۆی گشتی داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوت  بۆ مانگێک سێ ملیار دۆلار بووە. کەوابێت لە ساڵی 2020 بۆ هەر مانگێک کەرکوک بە رێژەی لە 3.8% بەشداری لە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق کردووە.
_ لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا چۆن غەدر لە کەرکوک کراوە؟
بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت نرخی بەرزترە و بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزیووە، کەچی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ۲٠۲۱ بۆ پارێزگای کەرکوک تەنها ۱۱٤ ملیار دینار تەرخانکراوە!
هەروەها بەپێی راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ بودجە بە بڕی 91 ترلیۆن دینار مەزەندە کراوە، ئەمەش واتا کەرکوک تەنها لە 0.12% ئەم بودجەی بەردەکەوێت!
 لەکاتێکدا کەرکوک مانگانە بەبڕی 3.8% بەشدارە لە بەدەستهێنانی داهاتی نەوتی عێراق و بۆ ئەمە غەدرێکی گەورەی دەرحەق کراوە.
 دیسانەوە زیاتر لە 70% بودجەی کەرکوک بۆ ناوچە عەرەب نشین و تورکمان نشینەکان دابینکراوە، ئەو برە کەمەی دەمێنێتەوە بۆ ناوەندی پارێزگاکەیە کە ئەمەش کاریگەری دەبێت بەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچە کوردنیشینەکان و بێبەشیان دەکات.
_ هزری تەعریب لە پرۆژە یاسای بودجە!
ئەگەر پشکی کەرکوک بەبێ زیادکرن و وەکو خۆی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021  بمێنێتەوە کەواتە پیلانێکی دیکەی تەعریب دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتی دەبێت لە لاوازکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان تاوەکو لەم رێگەیەوە کوردی ناوچەکە ناچار بە چۆڵکردنی خاک و زێدی رەسەنیان بکرێن و ساحەکە بۆ عەرەبی هاوردە ئامادەبکرێت. گرنگە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارێتی ئەم بابەتەش لە ئەستۆ بگرن و لەپێناو کوردانی کەرکوک هەوڵێکی جددی بدەن و تا زووە رێگربن لەم هەنگاوە مەترسیدارە کە لە خزمەتی پرۆسەی بە تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی
2021/1/14