گۆڕانكاری گرنگ له‌ باكووری كوردستان و پشتیوانی هه‌ده‌په‌ له‌ سه‌رۆك بارزانی

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ده‌په‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ باگراوندی په‌كه‌كه‌یان نییه‌
Thumbnail

گۆرانكاری له‌ هاوكێشه‌كان

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی توركیا نزیكه‌، ئه‌م جاره‌ ره‌نگ بێت هاوكێشه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ردابێت، (هه‌ده‌په‌). نایه‌وێت خۆی وابه‌سته‌ی فشاره‌كانی قه‌ندیل بكات، ره‌نگ بێت قازانج له‌مه‌دا بكات، له‌تازه‌ترین كاردانه‌وه‌دا (ساروخان ئولوچ) گوته‌بێژی (هه‌ده‌په‌)، ده‌ڵێت: "(هه‌ده‌په‌) له‌شاره‌كانی (ئه‌نكارا و ئیسته‌نبوڵ و ئیزمیر) به‌ربژێری نابێت، و له‌و سێ شاره‌ش ده‌نگ به‌و به‌ربژێرانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵگری دیموكراتییه‌تی به‌هێزن، واته‌ ئه‌م جاره‌ (هه‌ده‌په‌) ده‌یه‌وێت به‌جۆرێكی دیكه‌، پارتی دادوگه‌شه‌پێدان، (ئه‌كه‌په‌)، بخاته‌ به‌رده‌م نه‌شته‌ری سیاسییه‌وه‌، ره‌نگ بێت ئه‌م بڕیاره‌ی (هه‌ده‌په‌) قازانج بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی (جه‌هه‌یه‌)ی ره‌گه‌زپه‌رستی توركیا، چونكه‌ سه‌رجه‌م ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ ده‌نگی (هه‌ده‌په‌) له‌و سێ شاره‌ بۆ (جه‌هه‌په‌) ده‌بێت.  له‌هه‌مان كاتدا (هه‌ده‌په‌) بۆ (عه‌نتاب و ئه‌ده‌نه‌)ش به‌ربژێری نابێت، كه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانه‌ له‌و شارانه‌، و ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش له‌و شارانه‌ی (هه‌ده‌په‌) بایكۆتی كردوون به‌هێزه‌ و دوورنییه‌ (هه‌ده‌په‌) ئه‌م جاره‌ تاكتیكی به‌هێز نه‌بێت كه‌ دواجار ره‌نگ بێت (ئه‌كه‌په‌) ناچار بكات بۆ گۆرینی ئاراسته‌ی ئێستای.

له‌ هه‌ڵبژادرنی 1ی 11ی 2015 (هه‌ده‌په‌) له‌ئه‌سته‌نبوڵ 10.27 % ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. كه‌چی له‌ 24ی حوزه‌یران توانی ده‌نگه‌كانی بۆ 12.5 % به‌رز بكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌ردوو پارتی (ئه‌كه‌په‌ و مه‌هه‌په‌) له‌ ئه‌سته‌نبوڵ 51% ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا، و پارتی (جه‌هه‌په‌ و پارتی باش) 35.9 % ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌وایه‌ ئۆپۆزسیۆنی توركیا به‌ پشتیوانی ده‌نگی (هه‌ده‌په‌) ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی چه‌ند سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ك مسۆگه‌ر ده‌كات.

له‌ شاری (ئیزمیر و ئه‌ده‌نه‌) كه‌ ده‌نگی جه‌هه‌په‌ی تێدا زۆره‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو یه‌كه‌م بووه‌، (هه‌ده‌په‌)ش رۆڵی به‌هێزی هه‌یه‌،  بۆنموونه‌ ساڵی 2015 له‌ ئیزمیر.. (هه‌ده‌په‌) له‌ 8.6% ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ ساڵی 2018 كردوویه‌تی به‌ 11.4 % . له‌ شاری (ئه‌ده‌نه‌)ش، (هه‌ده‌په‌) له‌ 1ی 11ی 2015 توانی 11.2 %ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام له‌ 24 حوزه‌ران توانی ده‌نگه‌كانی بۆ 13.5 % به‌رز بكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌ردوو پارتی (ئه‌كه‌په‌ و مه‌هه‌په‌) ته‌نیا 46.4 %ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و (جه‌هه‌په‌ و پارتی باش)  39.3 %ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌نگی (هه‌ده‌په‌) و (جه‌هه‌په‌) كۆبكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ربژێریان بۆ شاره‌وانی ئه‌وشاره‌ ده‌رده‌چێت، كه‌وایه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن (هه‌ده‌په‌) هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م جاره‌ ده‌نگه‌كانی له‌چه‌ند شاره‌وانییه‌كی توركیا بخاته‌ خزمه‌تی به‌ربژێره‌كانی پارتی ره‌گه‌زپه‌رستی تورك (جه‌هه‌په‌)وه‌.

  چاره‌نووسی په‌كه‌كه‌ و هه‌ده‌په‌

پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر (هه‌ده‌په‌) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌قورساییه‌كی زۆره‌وه‌ لێی ده‌ربچێت و له‌ باكووری كوردستان زۆرترین شاره‌وانی بباته‌وه‌ و له‌ ئه‌سته‌نبوڵیش به‌ده‌نگی (هه‌ده‌په‌) (جه‌هه‌په‌) توانی سه‌رۆكی شاره‌وانی بباته‌وه‌، ئه‌و كات ده‌رگای گفتووگۆی (ئاكه‌په‌) و (هه‌ده‌په‌) ده‌كرێته‌وه‌؟ بێ گومان (به‌ڵێ)، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ توركیاش پرسی چاره‌سه‌ری بێته‌وه‌ به‌ر باس له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌كه‌ و كوردستانی باشووره‌، هه‌رچه‌نده‌ ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ (په‌كه‌كه‌) له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نییه‌ له‌ باكووری كوردستان و چه‌نده‌ (ئه‌كه‌په‌) و (هه‌ده‌په‌) له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی په‌كه‌كه‌ نییه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی باكووری كوردستان ئاشتیان ده‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ش (هه‌ده‌په‌) قورساییان زیاد بێت له‌ باكووری كوردستان، په‌كه‌كه‌ جه‌ماوه‌ری كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئاراسته‌یه‌ك له‌شه‌قامی باكووری كوردستان به‌هێزه‌ كه‌ پرسی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ په‌رله‌مانی توركیایه‌ نه‌ك قه‌ندیل.

 

راستییه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌سه‌ركرده‌كانی (هه‌ده‌په‌) باگراوندێكی په‌كه‌كه‌ یان هه‌یه‌، له‌ مانگرتنی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌مانتارانی (هه‌ده‌په‌) بۆ باشتركردنی ره‌وشتی (ئۆج ئاڵان)ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌، به‌ڵام دواجار (هه‌ده‌په‌) له‌ توركیا سیاسه‌ت ده‌كات، زۆربه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی (هه‌ده‌په‌) له‌لایه‌ن (ئه‌كه‌په‌)وه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ (هه‌ده‌په‌)، كۆمه‌ڵێك كه‌سی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ باگراوندی (په‌كه‌كه‌)یان نییه‌, ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكه‌ كه‌ په‌یره‌وی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ باكووری كوردستان، ئه‌گه‌ر زۆرترین شاره‌وانی بباته‌وه‌ (ئاكه‌په‌) نه‌توانێت سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان ده‌ربكات و ده‌یه‌وێت به‌به‌ردێك (دوو چۆله‌كه‌)بكوژێت، یه‌كیان له‌ حكوومه‌ت نزیك ببێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، دووه‌میش ده‌یه‌وێت به‌قه‌ندیل بڵێت كه‌ بۆشاییه‌ك له‌نێوانمان هه‌یه‌. ره‌نگ بێت ئه‌مه‌ی (هه‌ده‌په‌) و په‌كه‌كه‌ش یاریه‌ك بێت بیكه‌ن به‌ ئاگاداری قه‌ندیل، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ توركیا قورسایی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ خۆ ناكرێت ده‌سته‌وه‌ستان بن له‌به‌رانبه‌ر فشاری (ئه‌كه‌په‌).

رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ باكوور

تادێت ئاستی پشتیوانی له‌ سیاسه‌تی (سه‌رۆك بارزانی) له‌ باكووری كوردستان فراوان ده‌بێت، دوا بڕیاری پارتی دیموكراتی گه‌لان، (هه‌ده‌په‌) له‌باره‌ی دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌ش كه‌ سه‌رجه‌م حزبه‌ كوردییه‌كانی تێدابێت، پێشنیاری 2013ی سه‌رۆك بارزانی بوو، كه‌ هه‌ر ئه‌و كات داوای له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی باكووری كوردستان كرد كه‌ له‌چوار چێوه‌یه‌ به‌یه‌ره‌یه‌كدا یه‌كبگرن، هه‌ڵبه‌ته‌ (هه‌ده‌په‌) باش ده‌زانێت كه‌ ده‌نگی ئه‌و حزبانه‌ی دیكه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر نییه‌ كه‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كیش ببه‌ن، به‌ڵام په‌یامێكه‌ بۆ (ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردۆغان) كه‌ كورد هێشتا یه‌ك ده‌نگه‌، واته‌ په‌یامێكی (مه‌عنه‌وی بوو)، په‌یامی سه‌رۆك بارزانیش باش گه‌یشتوه‌ته‌ باكووری كوردستان، هه‌زمكردنی پێشنیاری بارزانی ئه‌گه‌ر به‌لای لایه‌نگرانی (په‌كه‌كه‌)وه‌ قورسیش بێت، به‌ڵام دواجار واقعه‌. بیریشمان نه‌چێت زۆرێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كانی باكووری كوردستان تائێستاش چاویان له‌ بڕیار و راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌، باكوورییه‌كانیش زۆربه‌یان رێزێك و خۆشه‌ ویستییه‌كی زۆریان بۆ سه‌رۆك بارزانی هه‌یه‌، كاتێك بارزانی ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ باكوور. باكوورییه‌كان پێی دڵخۆشن و (هه‌ده‌په‌)ش پێشنیار و بۆچوونی بارزانیان پێی گرنگ بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری باكووری كوردستانی پێی كۆبكاته‌وه‌.