دواجار بارزانی بڕیاره‌ گرنگه‌كه‌ ده‌دات

یه‌كێتی به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی سیاسی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقی بۆ خۆ برد
Thumbnail

هێشتا پارتی به‌فه‌رمی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت هیچی نه‌گوتووه‌، به‌ڵام حزبه‌كان زاری یاریه‌كه‌ فڕێ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پارتی قسه‌یه‌ك بكات و هه‌ڵوێستی روون بكاته‌وه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوو گوێمان له‌وه‌ بوو كه‌ شاندی پارتی دوای سه‌ری ساڵ سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات، ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت بۆ پارتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت پاكێجی پارتییه‌، ئه‌وه‌شی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ حزبه‌كانی به‌رانبه‌رن، ره‌نگ بێت پارتی نه‌یه‌وێت دۆسییه‌ی كه‌ركووك و حكوومه‌ت تێكه‌ڵ به‌یه‌كتری بكات، نه‌شیه‌وێت یه‌كێتی له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیژی لێبخوێرێت كه‌(به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی سیاسی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقی بۆ خۆ برد) كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی گفتووگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت هه‌ردوو پۆستی (سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌)، ده‌بێت یه‌كێتی و گۆڕان به‌و ته‌شكیله‌ی پارتی رازی بن كه‌ پێشنیاری هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ی كردووه‌، ئاسته‌نگ دروستكردن له‌به‌رده‌م هه‌ر دانه‌یه‌كیان كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، چۆن بێده‌نگی كرا له‌ وه‌ی یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق وه‌ربگرێت، ئاواش ده‌بێت رازی بن به‌وه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق ناكرێت، ره‌نگ بێت ئه‌مانه‌ ده‌سته‌واژه‌ی توندی سیاسی بن، به‌ڵام ناشكرێت حزبێك ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت و له‌ مافی خۆشی بێ ده‌نگ بێت، هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام دواجار قسه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و گۆڕانیش ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ بڕیاری كۆتایی ده‌چێته‌وه‌ لای بارزانی و ئه‌و بڕیار ده‌دات.

 

ره‌نگ بێت پارتی له‌ ساڵی نوێدا قۆناغی كاری سیاسی خۆی بگۆرێت، به‌هێزبوونی حكوومه‌ت پێگه‌ی پارتی به‌هێزتر ده‌كات، ره‌نگ بێت پارتی ئه‌و مه‌ركه‌زییه‌ته‌ی له‌ حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت (تائێستا له‌ سلێمانی به‌دڵی نه‌بووبێت)، چونكه‌ ناكرێت حكوومه‌ت تا (دێگه‌ڵه‌) قسه‌ی بڕوات، ئه‌وی دیكه‌ حزب ته‌حه‌كومی پێبكات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت هاوبه‌شی سیاسی بدۆزرێته‌وه‌، كه‌ بیه‌وێت له‌و دیوی (دێگه‌ڵه‌)ش بڕیاری به‌ده‌ست بێت، یان هیچ نه‌بێت پێگه‌ی حكوومه‌ت شه‌ل بكات، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیاری حكوومه‌ت به‌ده‌ست حزبێكه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ ئیداره‌ی هاوبه‌ش حكوومه‌ت به‌رێوه‌ ببرێت، هه‌ڵبه‌ته‌ پارتی باش له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ نه‌ گۆڕان به‌هێزی جارانی ماوه‌ و چاودێربێت به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه‌، نه‌ یه‌كێتیش مه‌یلی لای ئه‌وه‌ ماوه‌ له‌ هه‌ولێر ببێت به‌ ره‌قه‌م.

كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كرێت ئیداره‌دانی سلێمانییه‌, ئه‌م جاره‌ له‌ پێناوی راگرتنی له‌نگه‌ری باڵانسی سیاسی سلێمانی، گۆڕان ده‌هێنرێته‌ ناو حكوومه‌ت، به‌ڵام تاچه‌ند ئه‌وه‌ی پێده‌كرێت؟ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر به‌هێزی و موماره‌سه‌ی سیاسی گۆڕان خۆی، ره‌نگ بێت مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ پارتی خۆشتربێت، به‌ڵام راسته‌یه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ ده‌بێت دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی راست بكرێته‌وه‌، پارتی گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ری دۆخی یه‌كێتی به‌و راست ناكرێته‌وه‌، ناشكرێت به‌دیاری قه‌ده‌ری باش بوون و باش نه‌بوونه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ببات به‌رێوه‌، بۆیه‌ ناچاره‌ گۆڕان باره‌ لاسه‌نگه‌ركه‌ راست بكاته‌وه‌.

 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هه‌یه‌ شاندی گۆڕان و یه‌كێتی داوای بینینی سه‌رۆك بارزانیان كردووه‌، ره‌نگ بێت هه‌ردووكیان بیانه‌وێت باس له‌ قۆناغێكی نوێی سیاسی بكه‌ن له‌گه‌ڵ پارتی. ره‌نگیش بێت بیانه‌وێت پێش چونه‌ حكوومه‌ت دۆخه‌كه‌ یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، یه‌كێتی پێی باشه‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕان نوێ بكاته‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ حكوومه‌تداری سلێمانی بكه‌ن ره‌نگ بێت پارتیش پێی باش بێت رێككه‌وتنی سێ قۆڵی بكرێت، له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا (به‌بێ مه‌رجی پێش وه‌خته‌. پارتی زه‌ره‌رده‌كات)، چونكه‌ رێككه‌وتنی (ده‌باشان ساڵی 2012 له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتی) و (رێككه‌وتنی ستراتیژی ساڵی 2007 له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی) جگه‌ له‌ گه‌رانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ پارتی و یه‌كێتی، ره‌نگ بێت پارتی هیچ ده‌سكه‌وتێكی حزبی ده‌ست نه‌كه‌وتبێت، ئێستاش به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ هه‌ردوو هێز, ئاسته‌مه‌ دۆخی سیاسی كوردستان باش بێت، بۆیه‌ ده‌كرێت رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵی هه‌بێت له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌ن و بارزانیش سه‌رپه‌رشتی رێكه‌وتنه‌كه‌ بكات، به‌ مه‌رجێك جێبه‌جێ كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێته‌ خاڵی یه‌كه‌م.

 

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی (به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) له‌گه‌ڵ راگه‌یه‌نكارانی یه‌كێتی وه‌ك باس ده‌كرێت ئامانج لێی ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێتی نه‌بێته‌ بڵنگۆی چالاكی په‌كه‌كه‌ له‌ باشووری كوردستان، چونكه‌ دواجار توركیا له‌رێگای به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ ده‌توانێت وه‌ك سه‌رۆك كۆماری سزای په‌كه‌كه‌ بدات ئه‌مه‌ش یه‌كێتی تووشی هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح داوای كردووه‌ گوتاری یه‌كێتی به‌رانبه‌ر به‌ پارتی نه‌رم بكرێت، تا ئه‌و كاته‌ی پرسی حكوومه‌ت یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ره‌نگ بێت گرژی یه‌كێتی و پارتی گرفت بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق دروست بكات، به‌تایبه‌ت له‌ جوڵه‌ سیاسییه‌كانی له‌ هه‌ولێر و دهۆك بۆیه‌ هه‌مووان چاوه‌روانی پارتی ده‌كه‌ن كه‌ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسانه‌ بریار ده‌دات.

ئه‌م ووتاره‌ گوزارشت له‌ بیرو بۆچوونی نوسه‌رده‌كات