بارزانی پێشمەرگە دەخاتە ئەجێندای ئەمەریکاوە؟

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كوردستان نابێته‌ چه‌قی ململانێی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
Thumbnail

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا (سه‌رۆك بارزانی)، كۆبوونه‌وه‌ی به‌هه‌ندێك كادیر و راگه‌یه‌ندكاری پارتی دیموكراتی كوردستان كرد به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ منیش یه‌كێك بووم له‌وانه‌، (بارزانی) له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوتی: "من هیچ كات پێم خۆش نه‌بووه‌، له‌دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامبم له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام داوام لێكرا كه‌ دووساڵ ماوه‌ی پۆسته‌كه‌ درێژبكرێته‌وه‌".

یه‌كێك له‌و كادیرانه‌بووم، له‌سه‌ره‌تاوه‌، پێم وابووه‌، كه‌ گرنگه‌ بارزانی له‌ده‌ره‌وه‌ی پۆستی فه‌رمی وه‌ك خۆی ڕۆڵ ببینێت له‌ كوردستان و عێراق، چونكه‌ (بارزانی) له‌ده‌ره‌وه‌ی پۆستی فه‌رمی ده‌ستكراوه‌تر بووه‌، بۆ چاره‌سه‌ری زۆر گرفت كه‌ پێشووتر به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی به‌ پۆسته‌وه‌ ره‌نگ بێت نه‌كرابایه‌، و سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ پێشووتر ره‌خنه‌یان ده‌گرت، به‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی بۆ به‌هێزكردنی خۆی به‌كارده‌هێنێت ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ (بارزانی) بوو پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی به‌هێز كردبوو، نه‌ك پۆسته‌كه‌ هێزی بداتێ، ئێستاش كه‌ (باره‌گای بارزانی) كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك رۆڵی باره‌گا زیاتر ده‌ركه‌وت، چونكه‌ ئه‌و باره‌گایه‌ ئه‌گه‌ر جاران وه‌ك پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم شوێنێك بوایه‌ بۆ كاروباری فه‌رمی، ئێستا شوێنێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان، ره‌نگ بێت هه‌رله‌وێوه‌، نه‌خشه‌ی سیاسی عێراقیش دابرێژرێت، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان بۆ تێپه‌راندنی قه‌یرانی سیاسی عێراق، به‌ ئاماده‌بوونی (نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان)له‌وێوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی هاتنی وه‌زیری وزه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بووه‌، كه‌ (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی) سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی كۆبكاته‌وه‌ و له‌وێوه‌ ده‌ست پێشخه‌ری نوێ بۆ داهاتووی عێراق بخرێته‌روو.

ره‌وانه‌كردنی هێزی دیپلۆماسی بۆ باره‌گا فراوان ده‌بێت، ره‌نگ بێت راوێژ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش له‌وێوه‌ بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆخی سوریا و پرسی ئێران، هه‌مان رۆڵ و گرنگی ده‌ربخات، به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ كوردستان، ره‌نگ بێت هاوكێشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت (چۆن رۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌؟) و (عێراقیش له‌ هه‌ژوونی ئێران دووربخاته‌وه‌) به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئێرانیش ره‌نگ بێت بیه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێك هه‌یه‌ ئابڵوقه‌كراوی خۆی بشكێنرێت.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كوردستان نابێته‌ چه‌قی ململانێی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، خۆی بۆهیچ به‌ره‌یه‌ك ساغ ناكاته‌وه‌، بۆزانیاری خوێنه‌ران، كاتی خۆی (بارزانی) له‌و كۆبوونه‌وه‌ی كادیران، گوتی: "پێشمه‌رگه‌ ناخرێته‌ ئه‌جێندای هیچ هێزێكه‌وه‌ كه‌ بیه‌وێت ئیراده‌ی خۆی فه‌رز بكات، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ش چه‌ند جار داواكاری ئه‌مه‌ریكام ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی ناساندنی پیشمه‌رگه‌ وه‌ك هێزی لۆكاڵی له‌ عێراقدا و ناو هێنانیان وه‌ك میلیشا". ره‌نگ بێت هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ برۆن كه‌ له‌باره‌گاوه‌ نه‌خشه‌ رێگای یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وله‌ویه‌تی داهاتووی بێت، هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك به‌قه‌د (بارزانی) ئازاری به‌وه‌وه‌ نه‌چه‌شتوه‌ كه‌ دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی پارتی به‌رگری له‌ خاكی كوردستان كرد و به‌شێك له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركووك به‌فه‌رمانێكی حزبی (نادیار و ته‌موومژ) له‌ كه‌ركووك پاشه‌كشه‌ی پێكرا، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌زووترین كات، ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دووهۆكار یه‌كه‌م:(گفتووگۆیه‌ك له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك، ئه‌مجاره‌ ناكرێت هێزێكی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكرێت كه‌ كه‌س نه‌زانێت له‌ كوێوه‌ فه‌رمان وه‌رده‌گرن، ره‌نگ بێت ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووكیش بێت). دووه‌م: (بارزانی له‌ ساڵی 2015 وه‌ك نوێنه‌ری كوردستان بانگ كرا بۆ كۆنگره‌ی (داڤۆس) كه‌ ئه‌و كات (د.رۆژ نووری شاوێس) به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی به‌شداری كرد. كۆنگره‌كه‌ له‌ژێر ناوی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی جیهان بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ جیهان بوو، كه‌وایه‌ له‌رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، بارزانی شه‌رعیه‌تی سه‌رپه‌رشتیكردنی هێزی فه‌رمی و تۆكمه‌ی پێ به‌خشێنراوه‌.

بۆیه‌ ئێستا نابێت ئه‌م كه‌مووكورتیانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاستی ئیداره‌ بمێنێته‌وه‌)". ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ ناكۆكی سیاسی و به‌ خراپ ده‌سته‌واژه‌كه‌ شرۆڤه‌ی بۆ نه‌كرێت، بۆ داهاتووی كاری سیاسی، گرنگه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ (باره‌گای بارزانی) هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگ بێت سه‌رۆك كۆمار تا سلێمانی و كه‌لار قسه‌ی بڕوات!!، هه‌ولێر كه‌ ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی كوردستانه‌، بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق ئاسته‌نگ ده‌بێت، بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌رچی زووه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بكرێت (ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ناكۆكی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بوو)، شتێكی زۆر ئاسایشه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ عێراق هه‌بێت، چونكه‌ زۆر بڕیاری سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌بووه‌، به‌هۆی لاری بوونی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان دواجار نه‌دراوه‌، یان بۆ زۆر پرس گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌. بۆ كوردستانیش هه‌مان سیناریۆیه‌. كه‌وایه‌ ده‌كرێت هه‌نگاوی داهاتووی عێراق له‌جیاتی به‌ره‌و به‌غدا بێت، به‌ره‌و هه‌ولێر بێت، چونكه‌ ره‌نگ بێت زۆر پرس هه‌بێت له‌هه‌ولێره‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنیان ئاسان بێت. ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆڵی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق چۆن ده‌بێت و چی ده‌كات؟، هاتنی (دۆناڵ ترمپ و پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا) بۆ عێراق به‌لای چاودێرانه‌وه‌ ره‌نگ بێت جۆرێك له‌ گۆرانكاری سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكابێت له‌ عێراقدا، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا باش دركی به‌وه‌ كردووه‌، نه‌بوونی هێزی سه‌ربازی له‌ عێراق، بۆشاییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ دواجار ئێران سودی لێوه‌رده‌گرێت، قسه‌كانی (ترامپ) له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كوردان نه‌وت ده‌فرۆشن به‌ ئێران ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌، له‌سه‌ر ناردنی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان له‌ كه‌ركووك. تا سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رچاوه‌ بزێوانه‌ی له‌ عێراقه‌وه‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ ئێران وشك بكرێن، ئه‌مانه‌ پرس گه‌لێكی گه‌وره‌ن و ره‌نگ بێت دۆخه‌كه‌ بۆ داهاتوو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌بێت كه‌ ده‌یبینین.