تەوقیتی لامەرکەزیەت

ئێستاش داھاتی سەر زەوی و ژێر زەوی سلێمانی و ھەڵەبجە دیارە و پشکی ئەو دوو پارێزگایەش دیارە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
Thumbnail

رەنگە ھەموومان کۆکبین لەسەر دابەشکردنی دەستھەڵاتەکان و شۆڕکردنەوەی دەستھەڵاتەکان بۆ ئاستەکانی خوارەوە تا کارئاسانی زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی کوردستان، لامەکەزیەتیش یەکێکە لەو سیستەمانەی لەزۆر رووە خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە کۆمەڵگە و ھاوڵاتیان دەکات، بەڵام ئەو لامەرکەزیەتیەی ئێستا باسی گەرمی ھەرێمی کوردستانە و پێشنیار و بڕیاری  ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیە جێگەی پرسیار و تا رادەیەکی زۆریش گومانە، من ناچمە نێو وردەکاری یاسایی و ئابووری و ئەوەیان بۆ خەڵکی پسپۆری ئەو بوارانە بەجێی دێڵم، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە نیەتێکی باش نابینرێت لەبارەی پرسی لامەرکەزیی ئیداری و کارگێڕی، چونکە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن بگوڕدرێت بۆ لامەرکەزی سیاسی و حزبی.

تەوقیتی لامەرکەزیەتی سلێمانی خراپە، ئەگەرنا وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێدا لامەرکەزی و شۆڕکردنەوەی دەستھەڵاتەکان و دابەشکردنی داھات گرەوی لەسەر ناکرێت، بەڵام کاتێک ھەندێ کەس بە ئەدای حکوومەت رازینین یانیش رۆنتر بڵێم، ھەندێ سەرکردەی سیاسی لە پارێزگای سلێمانی دەیانەوێ پرسی لامەرکەزیەت بۆ مەرامی خۆیان بەکاربێنن، لێرەدا دوو گریمانەی بەھێز ھەیە، یەک یان دەیانەوێ بە پێشنیارێکی وەھا حکوومەت داواکاری ئەوان جێ بەجێی بکات، ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە جیا کردنەوەی سلێمانی و لکاندنی بە بەغدای مەرکەز.

بەھەردوو رێگاکە دانیشتوانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەبن بە قوربانی، لەبەر ئەوەی تەنیا ھێزی پشت جووڵاندنی لامەرکەزیەت بەشێکی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، خۆ ئێستاش داھاتی سەر زەوی و ژێر زەوی سلێمانی و ھەڵەبجە دیارە و پشکی ئەو دوو پارێزگایەش دیارە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەست و مەرامێکی دیکەی لەپشت نەبێت، ئەی بۆچی جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پشکی لایەنەکانی سلێمانی ساردن لەسەر پێشنیاری لامەرکەزیەت، تەوقیتی لامەرکەزیەت گومانی خستووتە سەر پرسەکە و بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانیش ترسیان لە پەسەندکردن و جێ بەجێکردنی ھەیە، ئەگەر کۆدەنگی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر لامەرکەزیەت نەبێت و ھەموو پارێزگاکانیش نەگرێتەوە، ئەوە ھیچ گومانێکی تێدانیە جیاکردنەوەی سلێمانی و ھەڵەبجەیە لە ھەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچەیەک ھەردوو دین دەبن، ئەوانەیشی بەخەیالی ئەوە دەژین دوای لامەرکەزیەت رەوشی دارایی و ئابووری سلێمانی و ھەڵەبجە گۆڕانی بەسەردا دێت ئەوکات بەرھەمەکەی بەپێچەوانەوە دەبینن.