خوێندنگای ماڵ

مێژووی دروستبوونی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکان لە ئەمریکا
Thumbnail

لەسەرەتای ئەم ساڵ ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید١٩ وەک نەخۆشیەکی کوشندە بووە هەرەشە بۆ سەر ئاسایش و، جولەو پێشکەوتنی زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە کوردستان هەر لەسەرتادا جدییتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕێکاری خۆپارێزی گیرایەبەر، تەنانەت دەوامی خوێندنیش راگیرا. 

راستە دەبێت پرۆسەی فێربوون بەردەوام بێت، بەڵام دۆخی مرۆڤ لە بارودۆخی جیاوازدا، بڕیاری جیاوازی پێویستە و، ژیانی مرۆڤ لە فێربوونی گرنگترە، بۆیە پێموایە لەوکات یەکێک لە بڕیارە هەرە باشەکانی حکومەتی هەرێم، راگرتنی پرۆسەی خوێندن و، داخستنی  قوتابخانەکان بوو.

 ئێستاش کە ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید١٩ هەموو جیهانی تەنیوە بە کوردستانیشەوە، ئێمە نازانیین کەی ئەو پەتایە کۆتایی دێت و، داهاتوو چ جۆرە پەتایەکی دیکەمان پێشکەش دەکات، بۆیە ئەگەر ئەو پەتایە لە پایزی داهاتووش بەردەوامبێت، ئایا وەزارەتی پەروەردە چۆن دەتوانێت وابکات پرۆسەی فێربوون بەردەوامبێت، بێگومان لەحالەتی بوونی پەتا کوشندەکان دەبێت شوێنە قەرەبالغەکان دابخرێن و، بەتایبەت قوتابخانەکان، چونکە  منداڵ وەک کەسانی گەورە پابەند نابن بە رێنمایەکانی خۆپارێزی، بۆیە دەکرێت هەر لە ئێستاوە  وەزارەتی پەروەردە پلانی هەبێت بۆ ساڵی داهاتوو، یەکێک لە بەدیلەکانی خوێندنی قوتابخانەش، خوێندنی ماڵەوەیە، یاخود قوتابخانەی ماڵە.

مەبەست لە خوێندنگای ماڵ ( homeschooling ) ئەو سیستەمەی خوێندنەی منداڵانە لە ماڵەوە یان شوێنی جیاواز لەجیاتی خوێندن لە قوتابخانە حوکمیەکان و ناحوکمیەکان. بە شێوەکی ئاسایی پرۆسەکە لە لایەن یەکێک لە دایک و باوک یاخود مامۆستای تایبەت بەڕێوە دەبرێت یاخود بە شێوەی ئۆنڵاین و لە ژینگەیەکی گونجاو. 

کە ئەمە گواستنەوەی ئەرکی خوێندنی منداڵەکان لە دامەزراوەکان، بۆ سەر شانی دایک و باوک، خۆیان پرۆسەی خوێندنی مندڵەکە بەڕێوە دەبەن. 

 پرۆسەیەکی نوێی خوێندنە کە لە کاتێکی وەکو ئێستا باشترین ڕێگە چارەیە بۆ ئەوەی ئاستی فێربوون و خوێندن کەم نەبێتەوە. 

لێرەدا ئەرکی دایک و باوک قورستر دەبێت،  خانەوادەکان ئەم ئەرکە بەجێ دەگەیێنن  و تا بتوانن قوتابیەکانیان بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن.

قوتابخانەی ماڵەوە،  جێگرەوەی خوێندنی قوتابخانەکان.  

خوێندن پرۆسەیەکە ناکرێ تەنها پەیوەستی بکەین بە قوتابخانەکان. بەڵکو پرۆسەکە کارێکی بەدواگەڕانەی بەردەوامە بەدوای ڕاستیەکان . وە دەرخستنی شاراوەکانە. 

هەر وەک چۆن فەیلەسوفی فەڕەنسی ( جین پیاژێی ـ Jean Piaget ) وتویەتی ( ئامانجی سەرەکی لە خوێندن هاندانی خەڵکە لە دۆزینەوەی نوێ ، نەوەک دووبارەکردنەوەی ئەوەی نەوەکانی پێشوتر کردوویانە ).  

مێژووی دروستبوونی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی حەفتاکان لە ئەمریکا لە لایەن ( جۆن هۆڵت- John Holt) دەرکەوت دواتر خەلکێکی زۆر پشتگیریان لێ کرد و بیڕۆکەکەیان قبول کرد. دواتر گۆڤارێکی دەرکرد بە ناوی growing without schooling. لە ئەمریکا لە ساڵی ۱۹۸۹ دانیپێدانرا، دواتر لە زۆربەی وڵاتان دانیپێدانرا و باوەڕیپێکرا وەک:  ( بەریتانیا، کەنەدا، نیوزلەندا، هەندێک وڵاتانی ئەوروپا ... 

سەرژمێری پەیمانگای وەتەنی بۆ خوێندن، دیاریکردوە زیاتر لە ملیۆن و ۷٠٠ هەزار  منداڵ لە ساڵی ۲٠۱۱. لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێکڕای ڕێژەکە ساڵانە بۆ لە ٪ ۱٥ ی قوتابی لە ماڵەوە دەخوێنن. 

 

جیاوازی قوتابخانەی ماڵ لەگەڵ قوتابخانەی کلاسیکی:

 

۱ـ  دایک و باوک سەرپشکە لە پلانی خوێندنی منداڵەکەی، سەرپشک دەکرێ لە هەڵبژاردی وانە و بابەتەکان، کات و شوێن. 

 

۲ـ کورتکردنەوەی کات و ماوەی خوێندن لەسەر قوتابیەکە. هەندێک لە قوتابیەکان لە تەمەنی ۱٤_۱٥ ساڵی دەتوانن بچن بۆ زانکۆکان لەبەر ئەوەی توانیویانە  لە ماوەیەکی کەمتر و خێراتر وانەکە تەواو بکەن کە پێویستیانە. بەدەستهێنانی بڕوانامە و چوونە زانکۆ، لە ڕێگای پێشکەش کردنی تاقیکردنەوەیەکە بۆ زانینی توانستی قوتابیەکە لە تەمەنێکی دیاریکراو. 

یاخود خوێندنی مەنهەجەکانی خوێندنی ماڵەوە و تۆمارکردنی لە قوتابخانە.  تەنها بۆ کردنی تاقیکردنەوەکانی پێش چوونە زانکۆ.

هەندێک لە زانکۆکان بەشێکی تایبەتیان کردۆتەوە لە زانکۆ تایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی لە ماڵەوە خوێندوویانە وەکو زانکۆی هارڤارد و ستانفۆردی ئەمریکی ... 

 

۳ـ بەگەڕخستنی تواناکانی منداڵەکە و توانای پشت بەستن بەخۆی. کە خۆی دەتوانێ فێرببێ و بخوێنێ. خۆی بەدوای زانست دا بگەڕێ حەز و ئارەزووی دۆزینەوە بەدواگەڕانی بۆ دروست ببێ.  خۆی گەشە بکات لەناو زانست و زانیاری. 

 

٤ـ  بوار ڕەخساندن بۆ داهێنان و وەبەرهێنان لە منداڵەکە، بوار بەوە دەدات منداڵ لە رێگای پرۆژەوە فێرببێ وەکو ( ئەنجامدانی پرۆژەیەک دەربارەی ڕۆبۆت ) لە هەمان ڕێگاوە فێری زمان و بیرکاری ... هتد دەبێت. 

 

٥ـ خوێندن لە ڕێی یەکەی بنچینەیی واتا بە شێوەیەکی پراکتیکی وانەی جوگرافیا دەخوێنێ لە هەمان کات ئاشنای مێژوو و شوێنەوار دەبێت. 

 

٦ـ پەستان لەسەر قوتابیەکە دروست نابێت، دەتوانێ تەنها ئەو بابەتانە هەڵبژێرێ کە لەگەڵ تەمەنی بگونجێ و ئارەزووی بۆی هەبێت و پێویستی بێت. 

 

۷ـ لە قوتابخانەی ماڵ فێرخواز وا ڕادەهێنرێ بۆ زانیاری و زانست فێرببێ نەوەک بۆ نمرە و ڕکابەری. 

 

۸ـ دۆزینەوەی لێهاتوو و توانا لێوەشاوەکان و کارامەیی منداڵەکە، لە ڕێگایی تێبینی کردنی و مەیلی قوتابیەکە بۆ بابەت و ئەو زانیاریانەی وەریدەگرێ. 

 

 

۹ـ تێچووی سیستەمەکانی تایبەت بە خوێندنی لە ماڵەوە تا ڕادەیەک زیاترە لە خوێندنی قوتابخانەی حوکمی. لە کاتێک پشت ببەسترێ بە  ( مامۆستای تایبەت، سیستەمی تایبەت بە homeschooling ). ( قوتابخانەی ماڵەوە پشت بە چەند سیستەمێکی تایبەتی خوێندن دەبەستێت وەکو ( مۆنتسۆری، کلێڤەرت، وۆڵدرۆڤ ...). 

 

۱٠ـ  لە هەمان کاتدا هەلی کار بۆ دەرچوانی بەشە پەروەردەیەکان دەرەخسێت. 

زۆرێک لەو خانەوادانەی مندڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە ئەم سیستەمی خوێندنەیان لا پەسەندە، کە ڕێگە چارەیەکی باشە بۆ فێربوونی منداڵەکانیان. 

 

لایەنی نەرێنی لەم پرۆسەیە : 

 بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای ( کاردۆس ) بۆ توێژینەوەی زانستی، ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەو فێرخوازانەی لە ماڵەوە دەخوێنن، ناتوانن لەگەڵ کێشەکانیان ڕەفتار بکەن، هەست بە تەنهای و فۆبیای کۆمەڵایەتی دەکەن، ناتوانن بە تەواوی سەرنج بخەنە سەر ئامانجەکانیان، بە پێچەوانەی ئەو فێرخوازانەن کە لە قوتابخانەکان دەخوێنن. 

لێرەدا خانەوادە چەند ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەوانە: 

بەسەربردنی چەند کاژمێرێک لە شوێنە کراوەکان کە پەیوەندی بە وانەکەوەیە هەیە. هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەری لە تەمەنە جیاوازەکان، کە ئەمە گرنگترین تایبەتمەندی فێرگەی ماڵە. بۆ ئەوەی منداڵ لە کۆمەڵگا دانەبڕێ بتوانێ هەڵسوکەوت لەگەڵ گشت تەمەنە جیاوازەکانی دەوروپشتی بکا. 

هەروەها وانەی کردارەکی ئەنجام دەدەن وەکو وانەی وەرزش، قوتابیەکەیان دەبەن بۆ شوێنی یاریەکان و یاریگاکان. بۆ وانەی مێژوو دەیانبەن بۆ مۆزەخانەکان. 

سەردانکردنی شوێنەکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک.

بەمشێوەیە دایک و باوک منداڵەکانیان تێکەڵ بە کۆمەڵ دەکەن.