سەرچاوەى کێشەکان لە بەغدایە نەک هەرێم

ڕاستییەکى سەلمێنراوە هەر پەرتەوازەییەک و دابرانێک لە پرۆسەى سیاسی هەرێمدا ئاشی ناحەزانمان گەرمو گورتر دەکات
Thumbnail

بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم بە تایبەتى کێشەى بڕینى بودجەو موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان حکومەتى هەرێم شیلگیرانە لە کارو چالاکیدایە و لە ڕیگاى شاندى دان و ستاندنەوە چەندین پێشنیارى گونجاوى خستووە ڕوو ، بۆیە پێویستە لایەنە بەشدادربووەکانى کابینەى نوى حکومەتى هەرێم ئەو راستیانە بۆ ئەندام و هەواداران و خەڵک روونبکەنەوە .

 ڕاستییەکى سەڵمێنراوە هەر پەرتەوازەییەک و دابرانێک لە پروسەى سیاسی هەرێمدا ئاشی ناحەزانمان گەرمو گورتر دەکات ، ئومێدەوارم هیچ کەس و لایەنێک لاى پەسند نەبێت بچێتە ژێر حوکمى ئەم دێرە شعرەى ناوازەى بوارى هزرى کوردایەتى حەزرەتى حاجى قادرەوە وە ، کە دەفەرمێ : (ڕووم و جـــو چــاکــە ئــیــتیــفاــقى هــەیــە ، کــوردە بــێغــیــرەتــە نــیــفاـــقـــى هەیە )

واتە لە هەمو مەترسیەکان دژوارترو مەترسیدارتر لە سەر (کەسایەتى سیاسی - کومەڵایەتى) و مافە رەواکانى گەلەکەمان (نیفاقى کوردگەلێکى منافقە ) ، منافقیش بەرزترین پلەى تاوانکارییە ولە ئیسلامیشدا بە گەورەترین دوژمنى خوداى پەروەردگار پێناسەکراوە ، ئینجا لە سەر ئاستى سیاسی و نیشتیمانیدا (نەیارى سەرسەخت و بێ وێنەى گەل و ولاتە ) .

پێویستە نیشتیمانپەروەران دەستنیشانیان بکەن و مەهێڵن ئەو جورە کەسانە بە دەنگى پیروزیان پێگەیەک بە دەست بێنن و بکرێنە نەهەنگى خوا و گەل نەناس . تاوانە لە ژێر چەترى بەر تەسکى بەرژەوەندى حزبی و ململانێی زیان بەخشدا ، بەرهەمى دەیان ساڵەى خەباتى کوردایەتى لە کەداربکرێت و ناتەبایى سەربگرێت ، هەمیشە دوژمنانى گەلەکەمان بە دواى دەرفەتدا دەگەرێن و لە بوونى ناتەبایی نێوخۆییدا دەستیان واڵا دەکرێت لە دارشتنى تەونى (تەنگژەى سیاسی و ئابورى) و پێکانى مەبەستەکانیان ، بۆ لەباربردنى مەبەستە گلاوەکانیان ئاماژە بەم دێرەى حەزرەتى حاجى قادر دەدەمەوە : (ئــیــتیــحــادى بــە ئــیــتــیــفــاقــى ئـەنـام ســۆپــەرە "بــۆ حــەوادیــســی ئــەیـــــــام )

تەنها و تەنها بە یەکگرتن و یەکهەڵوێستى دەتوانین خواستەکانمان لە چنگ حکومەتى بەغدا وەدەربێنین وگرفتە نێوخوییەکانیش چارەسەربکەین .،