لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرکردەی هەردەم لە یاد

ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی مەزن و خەباتێکی پڕ لەسەروەری
Thumbnail

لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٧، ئەو ساتە لە شاری جەهرومی باشووری ئێران بووم، دەمەو ئێوارە بوو، لە گەڵ هەندێ برادەران هەوالێکی دڵ تەزێنمان بیست، کە سەرکردەی هەردەم لە یاد کاکە ئیدریس بارزانی لە ئاکامی بۆمبارانکردنی فرۆکە جەنگییەکانی رژێمی گۆڕبەگۆرێ صدام لە شاری (ئورمییە)، شەهید بووە، لە راستی هەواڵێکی تا بڵێی دڵ تەزێن غەمگین بوو، زیاتر ئازاری دەربەدەری و دووری وڵاتی قوڵکردەوە، دواتر دەرکەوت کەوا گیان لە دەست دانی ئیدرسی هەردەم لە یاد لە ئاکامی ئەو بۆردوومانە نەبووە.
 بۆ رۆژی دوایی لە شاری جەهروم کەسێکی شاری هەولێر پرسەی بۆ دانا ئێمەش کۆمەڵێک بەشداری ئەو پرسەمان کرد، لەوانەی ناوکانیانم لە یادە (سەرتیب زاهیر، سەعید زەنگەنە)، بەڵام بەداخەوە نە ئەوانی تر و نە ئەو کەسەی پرسەکەی دانا ناوەکانیانم لە یادماوە.
ئیدریسی جوانەمەرگ کەسێکی خۆشەویست و پێگە و رێزی تایبەتی لا پێشمەرگە و دۆستان و سەرجەم لایەکان هەبوو، ساتێک پێشمەرگەکانی لقی یەک باسی جوامێری ئەو مرۆڤەیان بۆ دەکردم، وەک ئەفسانە و کەسێکی جیا خەیاڵی مرۆڤی رادەکێشا، مرۆڤی ئاشتی و تەبابی و پێکەوە ژیان بوو، مرۆڤێک هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ گەیشتن بە مافەکانی میللەتەکەی، و دابینکردنی ئاواتی میللەتەکەی دوور لە توند و تیژی، مرۆڤێک بوو لە پێناو ئاشتی خەباتی کرد و هەر لەو پێناوەشدا ژیا، هەر لەو روانگەشەوە لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلول بوو بە پێشمەرگەیەکی بەئەمەک و چالاکی ئەو شۆڕشە مەزنە بەسەرکردایەتی باوکی رۆحی کورد جەنابی بارزانی نەمر، و لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی بوون بە هاوکار و پشتیوانی بارزانی نەمر،  لە رێککەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی سەرکردایەتی شاندی کوردی کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی ئەوکاتی بەغدا، لە بەر رۆشنایی رێنمایەکانی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر، لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی توانیان چۆک بە رژێمی بەغدا دابدەن و دان بە مافەکانی گەلی کورد بنێنن.
لە ئاوارەیش ئیدرسی جوانە مەرگ هەردەم لە هەوڵی تەبایی و پێکەوە ژیان بوو، بە ئەندازیاری ئاشتی ناسرابوو، لە ساڵی ١٩٨٦ توانی لایەنە جیاوازەکان کۆبکاتەوە و جیاوازییەکان بەلاوە بنێنن.
مخابن مرۆڤێکی وا مەزن لە کات و ساتێک ماڵئاوایی لێکردین، لە کات و ساتێک میللەتەکەمان پێویستی پێی هەبوو، جەنابی سەرۆک بارزانی تەنیا جێ هێشت و ئەرکەکانی قورس تر کرد، بەڵام دڵسۆزانەی ئەو رێبازە و دڵسۆزانی بارزانی نەمر و ئیدریسی هەردەم لە یاد، ئەمرۆ لە ژێر رێنمایەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی درێژە بەو خەباتە دەدەن تا میللەتەکەمان دەگاتە ئاواتەکانی و رۆحی ئەو مرۆڤە مەزنانە ئاسوودە بێت.
هەزار سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و ئیدریسی هەردەم لە یاد.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ