نێچیرڤان بارزانی دەرگا داخراوەکانی ترازاند

ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەختە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبی پەڕگیر و توندئاژۆ
Thumbnail

سەربەست ساڵح

یەکێک لە سیما ناشرینەکانی حیزبە بەناو ئۆپۆزسێۆنەکانی کوردستان، بایکۆتکردنی کۆبوونەوە و دەرگا لە خۆداخستن و بەڕووی ئەوانیتردا خۆگەماڕۆدانە، بچڕاندنی ڕایەڵەکانی پەیوەندییە و دۆڵپێچی بێهۆکار و نالۆژیکییە، خۆلە ڕاستیدا ئەم سیفەتە سیفەت و خەسڵەتی حیزبی شمولی و پەڕگیرە، ڕەووت و حیزبەگەلێک کە نەدەتوانن بەڕووی کۆمەڵگادا بکرێنەوە، نە بەڕوویخۆیاندا!. حیزبی گۆڕان لە تۆپی ئەو حیزبانەدایە کە ناوبەناو بەبیانوی لاواز و بێهۆکار بایکۆتدەکات، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی، بەبێ حیسابکردن بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئەمە لە کاتێکدا کە دەڵێن حیزب ئامرازێکە لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزدا، کە خۆیی لە خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکدا دەبینێتەوە، دەبێت لێیان بپرسین دەرگا داخسن و پچڕاندنی پەیوەندییەکان و بایکۆتی گفتوگۆ و دیالۆگ لە کوێی بەرژەوەندی خەڵک و پاراستنی سەقامگیریی ئاشتی کۆمەڵایەتیداییە؟!.

ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەختە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبی پەڕگیر و توندئاژۆیی لە چەشنی گۆڕان و شەریکە شعورەکانی، چونکە پارتی وەک بنەما ئەخلاقی و پرەنسیپە نیشتمانییەکانی کە هەمیشە پییانەوە پابەندە، پارتی وەک گەورەهێزیی کوردستان بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەرەوەی هەڕەمی حیزبایەتی داناوە و کاریبۆدەکات، ئالیەرەوەییە کە بەدرێژایی ٢٧ ساڵی حکومڕانی کوردیی پارتی دەستپێشخەر و موبادەرەیی ئاشتی بووە و دەبێت، ئاخر مەگەر پیرمێردی شاعیر نەیفەرمووە: (سوراحی سەر فرودێنێت لە بۆ پیاڵە، کە تیکا بۆیی).

لە دوایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢-٥-٢١٨ و دابەزینی دەنگ و کورسی حیزبی گۆڕان بۆ نیوەی خولی پێشوویی، گۆڕان لە جیاتی بە خۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتە هەڵەکانی، بایکۆتی کۆبوونەوە و گفتوگۆییکرد، کەبەدڵنیاییەوە ئەم هەڵوێستەی هیچ لە دۆخی شێواویی گۆڕان ناگۆڕێت، خۆئەگەر بیگۆڕێت ئەوا بەرەو خراپتر دەیگۆڕێت!. نێچیرڤان بارزانی وەک پیشەیی هەمیشەیی لە نەرمینواندن و دەستپێشخەریی بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لە زنجیرە سەردانێکدا بۆلای حیزبە کوردستانییەکان، دەرگای حیزبە بەناو ناڕازییەکانی ترازاند، لە کۆتایی ئەم دەستپێشخەری و جوڵە گرنگەیدا ٤-٩-٢٠١٨ دەرگا داخراوەکەی گۆڕانی ترازاند و چوە مەکۆیی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان، وەک سەرۆکی شاندی پارتی و سەرۆکی حکومەت هەریمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەم کردەییە دووپاتی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیکردەوە لە چارەسەرکردنی کێشەسیاسییەکان بە ڕێگایی گفتوگۆ و دیالۆگ و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گستی، وە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە و گفتوگۆ و سەرپێخستنەوەی پرۆسەی سیاسی. لێرەوەییە ئەرکی سیاسی و حکومڕانی نیشتمانپەروەر لە سۆنگەی پەرۆشی پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، نەرمینواندن و دەستپێشخەرییە بۆ زەمینەی گفتوگۆ و دیالۆگ، بۆ پێکەوەهەڵکردن و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک.