كورده‌ قه‌ره‌جه‌كان

نه‌وه‌ی نوێ كه‌ مێژووی خۆی وه‌ك مێژوویه‌كی ناشیرن و پر خیانه‌ت بینى
Thumbnail

هه‌موو قوربانییه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی قول و تایبه‌تى له‌گه‌ڵ مێژووی خۆیدا دورست ده‌كات،هه‌ندێك به‌ به‌رده‌وامی روودا و كۆسته‌ گه‌وره‌كانی مێژووی خۆیان یادده‌كه‌نه‌وه‌  و ئه‌م یاددكردنه‌وه‌یه‌ش ده‌كه‌نه‌ به‌شێك له‌ ستراتیژ و دونیا بینینن بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ داهاتوو، له‌ كاتێكدا هه‌ندێكی تر مێژووی قوربانی بوونی خۆیان له‌ یاده‌وه‌ریه‌كانیان ده‌سڕنه‌وه‌ و دیسان به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش ده‌مێنه‌وه‌ به‌لام نابن به‌ هیچ و بێ مالًی نه‌ته‌وه‌یش ده‌مێنه‌وه‌.

كه‌وایه‌ ئێمه‌ له‌ مێژوودا دوو مۆدێلی مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانمان هه‌یه‌.

 

مۆدێلی یه‌كه‌م مۆدێلی((بیرهێنانه‌ و له‌بیرنه‌چونه‌وه‌ی ڕابردووه‌)) مۆدێلی دووه‌م مۆدێلی(( سڕینه‌وه‌ی رابردو و یاده‌وه‌رییه‌)).

جوله‌كه‌كان نمونه‌ی مۆدێلی یه‌كه‌من، ئه‌وان له‌ رێگای یادكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی قڕكردنیان بناغه‌ی ئه‌و ماڵه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ داده‌رێژن كه‌ سه‌دان ساڵ بوو كاریان بۆ ده‌كرد.

قه‌ره‌جه‌كانی ئه‌وروپاش مۆدێلی دووه‌من، ئه‌وانیش له‌ ڕێگای سوتان و سرٍینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و رابردوویان توانیان بمێنه‌وه‌،به‌لام نه‌یان توانی ببنه‌ خاوه‌نی ماڵی نه‌ته‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان.

ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م مۆدێلی قه‌ره‌جه‌كانه‌، ئه‌م مۆدێله‌ نه‌ له‌ ئاسمان هاتووه‌ نه‌ به‌رهه‌می زه‌وق و ویستێكی تایبه‌ته‌.به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌وكه‌رانی ئه‌م مۆدێله‌ له‌ دونیادا به‌سه‌ری ده‌به‌ن.

قه‌ره‌ج خه‌ڵكانێكن بێنیشتیمان و بی په‌یوه‌ندین له‌گه‌ڵ خاك و شوێنیكی دیاریكراو،سه‌فه‌ر زادگه‌یان و ناهێلن له‌ هیچ شونێك په‌یوه‌ندی و یاده‌وه‌ریه‌ك دورست بێت كه‌ قابیلی پاراستن بێت.

 

له‌ كوردستاندا شێوه‌ی مامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ مێژوو هێنده‌ی له‌ مۆدێلی قه‌ره‌جه‌كانه‌وه‌ نزیكه‌ هێنده‌ له‌ مۆدێلی جوله‌كه‌كان نزیك نیه‌ بۆیه‌ش هه‌میشه‌ وه‌ك ده‌وترێت رووداوه‌كان له‌ به‌رگێكی تر و به‌ مۆدێلێكی تر خۆیان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی تاقمێك له‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌مبه‌ر كه‌ركووك كردیان هێنده‌ی سڕینه‌وه‌ى یاده‌وه‌ری پڕ تراژیدیای كورد و ئه‌و شاره‌ بوو دوو هێنده‌ش په‌یوه‌ندی به‌ رقی سیاسیه‌وه‌ هه‌بوو.،ئه‌گینا هه‌رگیز ناكرێ ئه‌و جۆره‌ مامه‌له‌یه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و شاره‌ بكرێت.

 

ئه‌وان نه‌ك رابردووی پڕ تراژیدیای كوردییان نه‌كرده‌ بنه‌مای دونیا بینینیان بۆ مامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و شاره‌ غه‌در لێكراوه‌ به‌ڵكو ده‌لاقه‌كی تریشیان بۆ ئه‌تكردنی ئه‌و شاره‌ كردوه‌،به‌لام ئه‌مجاره‌ كه‌ركووك به‌ده‌ستی هیزه‌ ئایدولۆجی و تایفی و توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌كان ئه‌تك نه‌كراـ به‌ڵكو به‌ده‌ستی تاقمێكى سیاسی كوردی ئه‌تكرا.ئه‌مه‌ش ده‌رگا كردنه‌وه‌یه‌كی  خه‌ته‌رناكه‌ به‌ ڕووی تاكی كوردی كه‌ لێیه‌وه‌ سه‌یری خاك و نیشتیمان بكات.

چونكه‌ له‌ دوایی ڕاپه‌رین نه‌وه‌یه‌ك په‌یدا بووه‌ كه‌ رابردووی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ یه‌كسانه‌ به‌ مێژووی ده‌سه‌لاتداریه‌تی كوردی له‌ كوردستانی دوای ڕاپه‌ڕیندا، ئه‌م رووداوه‌ وایكرد رابردو و مێژووه‌ش له‌ دیدی ئه‌م نه‌وه‌یه‌وه‌ رابردوویه‌كی ناپاك و خیانه‌ت و ناشیرین بێت.

نه‌وه‌ی نوێ كه‌ مێژووی خۆی وه‌ك مێژوویه‌كی ناشیرن و پر خیانه‌ت بینى، وا ده‌كات به‌ شێك له‌ باوكانی سیاسه‌ت له‌ كوردستان به‌ به‌رهه‌م هێنی ئه‌و ناشیرن و خیانه‌تانه‌ بزانن.

 

ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مبه‌ر كه‌ركووك كرا ئه‌و مێژووه‌ ناشیرنه‌ی باوكانی سیاسی له‌ كوردستان لای نه‌وه‌ی نوێ تۆختر كردوه‌.وایكرد نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین بگاته‌ ئه‌و یه‌قینه‌ سیاسیه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ باوكانی سیاسه‌ت له‌ كوردستان هێنده‌ی خه‌ریكی چاڵ هه‌ڵكه‌ند و ده‌ست تێكه‌ڵ كردن بوون نیو هێنده‌ خه‌باتیان بۆ دورست كردنی ماڵی نه‌ته‌وه‌ی نه‌كردوه‌.

ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركووك هێندرا ده‌كرێ چه‌نده‌ وه‌ك ڕووداوێكی سیاسی و سه‌ربازی چاوه‌ڕوان كراو سه‌یر بكرێت دوو هێنده‌ش بكرێته‌ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی كه‌ لێوه‌ی سه‌یری سایكۆلۆژی تاكی  كوردیی و سیاسی كورد بكرێت.

16 ه‌ی ئۆكتۆبه‌ر نیشانی نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌رینیدا كه‌ نه‌ باوكانی سیاسی و نه‌ نه‌وه‌كانیشیان نه‌یان توانی ته‌جاوزی ئه‌و رقه‌ سیاسیه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ شاخ ببوه‌ داینه‌مۆی سیاسه‌ت كردنیان، وه‌ك چۆن ئێستاش هه‌مان پاڵنه‌ری سیاسه‌تكردنه‌ لای نه‌وه‌كانیان.