هەڵبژاردن لەنێوان ئەرک و ماف دا

بوونی چەند ئەگەرێک لەبەردەم دەنگدەردا، وا دەکات ئەو هەڵبژاردنە تا رادەیەکی زۆر بە هەڵبژاردنێکی راستەقینە لەقەڵەمبدرێت
Thumbnail

لە خۆرئاوا، هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین پێشکەوتنەکانی سیستمی سیاسی مۆدرێن دادەنرێت و لەوێوە ئەم دیاردەیە، روویکردە وڵاتانی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپاو خۆی کرد بە نێو دەیان و سەدان کەلتوری دیکەدا. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت بیرۆکەی هەڵبژاردن، بیرۆکەیەکی دێرینەو لەسەردەمی یۆنانی کۆندا پەیڕەوی لێکراوە، لە یۆناندا سەرکردەو کەسایەتییە دیارەکان، بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستە باڵاکان و بەرێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان کراون.

لە ئیسلامی سەردەمی خەلافەتدا، ئەسحابەکان لە رێگەی کۆدەنگییەوە خەلیفەی موسڵمانانیان هەڵدەبژارد. دواتر دەوڵەتان فیکرەی هەڵبژاردنیان وەک بنەمایەک لە بنەماکانی دەستورەکەیان و وەک تەشریعێک لە تەشریعە یاساییەکانی دانا. چەمکی هەڵبژاردن وەک هەر چەمکێکی دیکە، کۆمەڵێ پێناسەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، هەڵبژاردن ئامرازێکە لە ئامرازەکانی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و دەنگدەر لە ساتەوەختی هەڵبژاردندا، زیاد لە ئەگەرێکی لەبەردەمدایەو یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.

بوونی چەند ئەگەرێک لەبەردەم دەنگدەردا، وا دەکات ئەو هەڵبژاردنە تا رادەیەکی زۆر بە هەڵبژاردنێکی راستەقینە لەقەڵەمبدرێت، چونکە بوونی زیاد لە کاندیدێک و زیاد لە لیستێک و زیاد لە حیزبێک، یەکێکە لە زەرورەتە گرنگەکانی هەڵبژاردن. بوونی تەنها کاندیدێک و تەنها حیزبێک و تەنها لیستێک، شەرعیەتی ئەو هەڵبژاردنە دەخاتە بەردەم پرسیارو گومانی گەورەوەو بە هەڵبژاردنی ساختە و کارتۆنی وێنادەکرێت. هەڵبژاردن ئامرازێکە، هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەیەوە، ئەو خەڵکانە هەڵبژێرن کە ئەرکی بەرێوەبردنی وڵات و مومارەسەکردنی دەسەڵات بگرنە ئەستۆ، لەپێناو دابینکردنی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات، بێ هیچ جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی و ئیتنی. بەدیوەکەی تردا هەڵبژاردن واتە توانای بەشداریکردنی ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، بۆ هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران، بەو پێیەی ئەو دەسەڵاتدارانە گوزارشت لە بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانە دەکەن. هەڵبژاردن بریتییە لە رێگاخۆشکردن بۆ گواستنەوەی هەندێک کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و سەرەتاییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی، لە کۆمەڵگایەکی نارێکوپێکی بێ سەروبەری عەشایرییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی دەزگایی و خاوەن رێخستنێکی یاسایی. دەستەیەکی دیکە پێیانوایە هەڵبژاردن بریتییە لە مەرجێک لە مەرجەکانی دڵنیایی و ئیستیقرای سیستمە سیاسیی و ئابورییەکان، ئەم ئیستیقرارە سیاسی و ئابورییە، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دڵنیایی خاوەن سەرمایەکان و هێنانی وەبەرهێنەران بۆ وڵات. هەڵبژاردن مافێکە لە مافەکانی تاک، بۆ بەشداریکردنی لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا. هەر بۆیە ئەم مافە پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا فەراهەمبکرێت و کەسی لێ بێبەش نەکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن مافەو وەک مافێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کەواتە هاوڵاتی بۆی هەیە ئەم مافەی بەکاربێنێت یان بەکارینەهێنێت، ئازادە لەوەی لە سەروەختی هەڵبژاردنەکاندا، دەڕوات دەنگدەدات یان ناڕوات و دەنگنادات، ئازادە لەوەی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات یان بەشداری ناکات.

کەواتە هەڵبژاردن هەم ئەرکە و هەم مافە، ئەرکە بەو پێیەی هاوڵاتی پابەندە بە رایکردنی کاروبارەکانی وڵاتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت هاوڵاتی بەشداربێت لە گەشەپێدانی کاروبارەکان. مافیشە بەو پێیەی یاسا دەیبەخشێت بە هاوڵاتی تا بە شێوەیەکی ئازادانە ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە نوێنەرایەتی دەکەن و کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن، چونکە هاوڵاتی هەر خۆی ناتوانێت ئەو ئەرکانە بەرێوەبەرێت. هەڵبژاردن رەوایەتی دەبەخشێت بە دەسەڵاتی سیاسی تا بۆ ماویەکی دیاریکراو، وڵات بەرێوەبەرن و حەزو ویستی تەواوی کۆمەڵگا بە هەمو چین و توێژەکانییەوە دابینبکەن. بێگومان رەوایەتیدان بە دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، لەیککاتدا هەم ئەرک و بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە، هەم متمانەو مۆراڵێکی گەورەیە کە پێویستدەکات دەسەڵاتداران خاوەنی ئەو متمانەو مۆراڵەبن و توانای هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتیەیان هەبێت.