گرنگی فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان

پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشت وگۆزاری هەلی کاری زۆری تێیدایه‌ دەکرێت گەنجان لێی سوودمەند بن
Thumbnail

لە جیهاندا زۆرن ئەم ووڵاتانەی کە تەنها یەک جۆر سەرچاوەی سرۆشتییان هەیە وبە تەواوەتی پشت پێدەبەستن.نموونەی ئەم ئەوانەش، ووڵاتە نەوتییەکان بە تایبەت ووڵاتە عەرەبییەکان. عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەکێکە لەم ووڵاتانە کە بۆ زیاتر لە سەدا نەوەدی داهاتی خۆیان پشت بە نەوت ئەبەستن بێ ئەوەی هیچ جێگرەوەی تریان هەبێت،کە ئابووری ئەم ووڵاتانە پێی دەوترێت ئابووری رەیعی.

بە تەنها پشت بەستن بە داهاتی نەوت هەم هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەیە وهەم کەڵێنێکی گەورەیە لە سیستەمی بەرێوەبردنی ئابووری هەرێم، چۆنکە ئەمە دەبێتە هۆی درۆست بوونی چەندین کێشەی گەورە لەوانەش زۆر بوونی گەندەڵی، چۆنکە ئەگەری زۆر هەیە کەسانی باڵا دەست لە ناو حکومەت وحیزبەکان روو لە کەرتی نەوت بکەن وبازرگانی تێیدا بکەن. ئەمەش وا دەکات سیاسەت وبازرگانی تێکەلی یەکتر ببن کە هەڵەیەکی گەورەیە  وکاریگەری خراپ لە سەر حۆکمرانی ووڵات بە شێوەیەکی تەندرۆست، درۆست دەکات.


هەروەها ڕێژەی بێکاریش بەرز دەبێتەوە، چۆنکە سێکتەرەکانی تری ئابووری هیچ گرنگییەکی پێی نادرێت وەکۆ پیشەسازی وکشتوکاڵی وگەشت وگۆزاری کە هەڵی کاری زۆری تێیاندایە ودەکرێت گەنجان لێی سوودمەند بن.
لە لایەکی تریشەوە، ناسەقامگیری ئابووری درۆست دەبێت، چۆنکە نرخی نەوت ناجێگیرە وبەردەوام لە بەرزی ونزمبوونەوەدایە، ودیاری کردنی نرخی نەوت لە دەرەوەی ئێرادە وویستی بەرهەمهینەرەکانی دایە وبەندە بە زۆر هۆکار ومڵملانی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی وئێقلیمی، و ووڵاتان وەکۆ کارتێکی گۆشار بەرامبەر یەکتر بە کار دەهێنن.


بێگۆمان زۆر بوونی گەندەڵی وڕێژەی بێکاری وناسەقامگیری ئابووری، ناجێگیری سیاسی وکۆمەلایەتیش لێ دەکەوێتەوە، بۆیە پیویستیمان بە دەرچەی رزگار بوونە وبۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵی وپیشەسازی وگەشتیاری بدڕێت وهەوڵ بدرێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لەم کەرتانەدا، بە تایبەت کە لە کوردستان فاکتەری رێخۆشکەر وگۆنجاویش بۆ ئەم پەرەپێدانە هەن.


جێگای دڵخۆشییە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێزدار مسرور بارزانی گرنگییەکی زۆر بە پرسی هەمەجۆر کردنی سەرچاوەکانی داهات دراوە. هەر لە بەرنامەی کاری کابینەی خۆیدا ئاماژە بەمەی داوە وهەروەها لە ووتاری ۲۲ی ئایار دووبارە دووپاتی دەکاتەوە کە ناکرێت تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین. هەر وەک دەبینین کە چەند بریاریش لە بەرژەوەندی و بۆ پشتیوانی جۆتیاران دراوە وەکۆ بەستنی گرێبەست لە گەل هندێک کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ بە بازار کردنی گەنمی جۆتیاران وهەروەها درۆست کردنی سێ سایڵوی تر لەکوردستان وپێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی کشتۆکال لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، بۆ دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردە کردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە.ئەم هەنگاوانە لە کەرتی کشتۆکال وەکۆ دەستپێک گرنگن ودڵنیاین کە لە کەرتی گەشتوگۆزار وپیشەسازیش کاری پێویست لە سەر دەکرێت.


لە کۆتاییدا، گرنگی دان بە کەرتەکانی تری ئابووری بەرەو سەربەخۆیی ئابووری وخۆبژیویمان دەبات کە ئەمەش تاکە چارەسەرە بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانانەی کە روبەروی هەرێمی کوردستان دەبنەوە وبە تایبەت دوای بەڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاریگەرییە ئابوورییەکانی بۆ هەرێم زۆر قۆرسترن بە بەراورد لە گەل ووڵاتانی تر، و هەروەها جیهان پێی دەنێتە قۆناغێکی نوێ وهەموو ووڵاتانی دۆنیای بەرەو خۆپارێزی وخۆداخستن بردووە.


خه‌جیجه‌ عومه‌ر ته‌ها

ئەندامی پەرڵەمانی‌ کوردستان

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ